سه‌رۆكى هه‌رێم واژۆ لەسەر یاسایەک ناكات

هەواڵ / کوردستان :: 30/11/2019‌ :: 2521‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

سه‌رۆكى لیژنه‌ى شاره‌وانى په‌رله‌مانى كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت: سه‌رۆكى هه‌رێم واژۆ له‌سه‌ر یاسای "به‌خاوه‌نكردنی ئه‌و زه‌وییانه‌ى له‌ سنوورى شاره‌وانییه‌كان زیاده‌ڕەوییان له‌سه‌ركراوه‌" ناكات و یاساكه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ په‌رله‌مان.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى ماوه‌ى مانگێكه‌ یاساى "به‌خاوه‌نكردنی ئه‌و زه‌وییانه‌ى له‌ سنوورى شاره‌وانییه‌كان زیاده‌ڕەوییان له‌سه‌ر كراوه‌" له‌لایه‌ن په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌ په‌سه‌ند كراوه‌ و به‌مه‌به‌ستى واژۆكردنى یاساكه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم نێردراوه‌، به‌ڵام سه‌رۆكى هه‌رێم یاساكه‌ واژۆ ناكات.

لوقمان وه‌ردى، سه‌رۆكى لیژنه‌ى شاره‌وانى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم له‌ رووى ناوه‌ڕۆكه‌وه‌ كێشه‌یان له‌گه‌ڵ یاساكه‌ نییه‌، چونكه‌ پێشتر پێشنیازى یاساكه‌ بۆ حكومه‌ت نێردرابوو، به‌ڵام سه‌رۆكى هه‌رێم چه‌ند تێبینییه‌كى هونه‌رى له‌سه‌ر یاساكه‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ ئاماده‌نییه‌ واژۆى بكات و به‌منزیكانه‌ بۆ په‌رله‌مانى ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌.

له‌باره‌ى تێبینییه‌كان، لوقمان وه‌ردى وتى: "به‌ وردى ئاگادارنین كه‌ تێبینییه‌كان چین، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى كۆى یاساكه‌ ره‌تناكرێته‌وه‌ بۆیه‌ دواى گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ په‌رله‌مان، جارێكى دیكه‌ ده‌ستكارى یاساكه‌ ده‌كرێت و بۆ سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم ده‌نێردرێت".

به‌پێى یاساى "به‌خاوه‌نكردنی ئه‌و زه‌وییانه‌ى له‌ سنوورى شاره‌وانییه‌كان زیاده‌ڕەوییان له‌سه‌ركراوه‌" بۆ تاپۆكردنى هه‌ر خانوویەك كه‌ به‌ زیاده‌ڕەو دروستكراوه‌، نرخى جیاواز وه‌رده‌گیرێت، له‌ ناحییه‌كان بڕى پێنج تاوه‌كو هه‌شت هه‌زار و له‌ قه‌زاكان له‌ 10 تاوه‌كو 150 هه‌زار و له‌ پارێزگاكانیش 15 تاوه‌كو 30 هه‌زار دینار دیاریكراوه‌ بۆ هەر مەترێک، به‌ڵام ئه‌و یاسایه‌ ئه‌و خانووانه‌ ناگرێته‌وه‌ كه‌ دواى 18ى شوباتى 2018 به‌ زیاده‌ڕەو دروستكراون".

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure