به‌ركه‌وتووانى چه‌كى كیمیایى هه‌ڵه‌بجه‌ هۆشدارى ده‌ده‌نه‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان

هەواڵ / کوردستان :: 30/11/2019‌ :: 121‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 30 تشرینى دووه‌مى 2019 به‌ بۆنه‌ى ڕۆژى جیهانى قوربانیانى چه‌كى كیمیایى، له‌به‌رده‌م ماڵى عومه‌رى خاوه‌ر ژماره‌یه‌ك له‌ به‌ركه‌وتووانى چەكى كیمیایى هه‌ڵه‌بجه‌ گردبوونه‌وه‌ و له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا هۆشدارییان دایه‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ ئه‌گه‌رى به‌ده‌مه‌وه‌ نه‌چوونى خێرا، ژماره‌یه‌ك له‌ به‌ركه‌وتووانى چه‌كى كیمیایى گیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن.

له‌ گردبوونه‌وه‌كه‌دا لوقمان عه‌بدولقادر، سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى چه‌كى كیمیایى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ ناوى به‌ركه‌وتووانى چه‌كى كیمیایى هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ به‌یاننامه‌یه‌كى خوێنده‌وه‌ كه‌ ئاڕاسته‌ى هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ى هه‌رێم و عێراق كرابوو كه‌ تیایدا ئاماژه‌ به‌وه‌كرابوو: ته‌رخانكردنى بڕه‌ بودجه‌یه‌ك بۆ ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ى به‌ركه‌وتووانى چه‌كى كیمیایى بۆ ئه‌م قۆناغه‌ زۆر به‌ پێویست ده‌زانین، چونكه‌ ماوه‌ى سێ ساڵه‌ هچ به‌ركه‌وتوویه‌كى چه‌كى كیمیایى ره‌وانه‌ى ده‌ره‌وه‌ نه‌كراوه‌ بۆ وه‌رگرتنى چاره‌سه‌ر.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكرابوو: ده‌بێت له‌لایه‌ن په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌ پرۆژه‌یاساى تایبه‌ت بە به‌ركه‌وتووانى چه‌كى كیمیایى ئاماده‌ و په‌سه‌ندبكرێت كه‌ تیایدا سه‌رجه‌م ماف و ئیمیتیازاته‌كانى به‌ركه‌وتووانى تیادا دیاریكرا بێت، هاوكات ئاوڕى جددى له‌ نه‌خۆشخانه‌ى به‌ركه‌وتووانى چه‌كى كیمیایى هه‌ڵه‌بجه‌ بدرێته‌وه‌ ئه‌وه‌ش به‌ هێنانى ئامێرى پێشكه‌وتوو و تیمى پسپۆڕ بۆ چاره‌سه‌ركردنى به‌ركه‌وتووانى چەكى كیمیایى له‌ناوخۆى هه‌رێم.

له‌ كۆتایى به‌یاننامه‌كه‌ى به‌ركه‌وتووانى چه‌كى كیمیایى هه‌ڵه‌بجه‌دا ئه‌وه‌ش خرابووه‌ڕوو: به‌رده‌وامیدان به‌ په‌راوێزخستن و چاره‌سه‌ر نه‌كردنى به‌ركه‌وتووانى چه‌كى كیمیایى ژیانى ده‌یان به‌ركه‌وتووى چه‌كى كیمیایى خستووه‌ته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ و له‌چاوه‌ڕوانى مه‌رگێكى له‌سه‌رخۆن، له‌ چاوه‌ڕوانییه‌كى تاقه‌تپڕوكێندا ماونه‌ته‌وه‌.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure