دژی كەمكردنەوەی كارەبا خۆپیشاندان ئه‌نجامدرا

هەواڵ / کوردستان :: 30/11/2019‌ :: 630‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رێبین حەسەن

بەهۆی ئەوەی چوار كاتژمێر كارەبای نیشتمانی لەرۆژ و شەودا دەکوژێندرێتەوە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 30ی تشرینی دووەمی 2019، بەشێك لەهاووڵاتیان و دانیشتوانی قەزای پێنجوێن، خۆپیشاندانێكیان لەسەر رێگەی دەروازەی سەرەكی پێنجوێن لەنزیك شاخی ملەكەوە ئەنجامدا.

زانا رەحمان، قایمقامی قەزای پێنجوێن، بەدواڕۆژی راگەیاند: ئەمڕۆ لەلایەن بەشێك لەهاووڵاتیانی سنوورەكەمانەوە، لەبەرامبەر كەمكردنەوەی كارەبای نیشتمانی بەردەوامی 24 كاتژمێری، بۆ 20 كاتژمێر لەشەو و رۆژێکدا، دەروازەی سەرەكی قەزای پێنجوێنیان بە رووی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگردا داخست كە دەهاتن و دەچوون بەرەو مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ.

وتیشی: "هۆكاری كەمكردنەوەی كارەبای سنوورەكەمان دەگەڕێتەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەو رێژەیەی كارەبا كە بۆمان دیاریكراوە كە بریتییە لە 25 مێگاوات كە هۆكاری ئەو زیاد بوونەی بەكارهێنانی كارەباش دەگەڕێتەوە بۆ دابەشنەكردنی سووتەمەنی (نەوت) كە بەداخەوە لەئێستادا لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە ئاگاداركراوین، كە لەم وەجبە نەوتەی ئێستادا نەوت بۆ پێنجوێن دابین ناكرێت، هەروەها ئەو زیادەڕەوییانەی كە لەلایەن هەندێك هاووڵاتیەوە كراونەتە سەر تۆڕەكانی كارەبا واتە لە جۆزەی 16 ئەمپێری زیاتر بەكاردەهێنرێت".

داواشیكرد: كە هاووڵاتیان هاوكاری تیمەكانی فەرمانگەی كارەبای پێنجوێن بن تا بە هەموو لایەكمان بتوانین ئەو زیادەڕەوییانە لاببەین و هەموومان هەوڵ بدەین ئەگەر بەكوژاندنەوەی تەنیا یەك گڵۆپیش بێت زۆری بەكارهێنانی كارەبا كەم بكەینەوە، بۆیە بەداخەوە دەبێت لەئێستادا رۆژانە 4 كاتژمێر كارەبا بكوژێتەوە كە بەمشێوەیەیە:
(كاتژمێر 8 بۆ 10ی بەیانی) و (كاتژمێر 9 بۆ 11ی شەو ).

روونیشیكردەوە: "دەست دەكەین بەئەنجامدانی هەڵمەتێكی نەهێشتنی زیادەڕەویی و ماوەی چەند رۆژێك بەردەوام دەبێت و بەهاوكاری دەزگا پەیوەندیدارەكان و مامۆستایانی ئاینی  هاووڵاتیان لەبەكارهێنانی زیادی كارەبا هۆشیار دەكەینەوە و ئەوەی پیۆیست بێت بۆ نەهێشتی زیادەڕەویی ئەنجامی دەدەین".

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure