حكومەتی كاربەڕێكەری عێراق دەتوانێت بودجە پەسەند بكات؟

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 30/11/2019‌ :: 533‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

تائێستا پەرلەمانتارانی كورد لەپەرلەمانی عێراق كۆك نین لەسەر ئەوەی ئایا سەرۆكی حكومەتی كاربەڕێكەری عێراق دەتوانێت پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتووی عێراق پەسەند بكات یان نا، بەڵكو رایان جیاوازە.


ئێوارەی دوێنێ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق دوای فشاری خۆپیشاندەران و داواكاری مەرجەعیەتی باڵای شیعە، دەستلەكاركێشانەوەی لەپۆستەكەی راگەیاند، ئەوەش لەكاتێكدایە بڕیاربوو سبەی شاندی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدا بكەنەوە بۆ واژۆكردنی رێككەوتنی هەردوولا لەسەر بودجە كە هێشتا لەئەنجومەنی وەزیرانە و رەوانەی پەرلەمانی عێراق نەكراوە.

بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەمیانەی بەشداریكردنی لەوۆركشۆپی لیژنەی هەمواری دەستور لەشاری سلێمانی، لەلێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند: لەدانیشتنی سبەینێی پەرلەمانی عێراق نامەی دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی پێشكەش دەكرێت و دەنگی لەسەر دەدرێت و لەسبەینێوە حكومەتی عێراق دەبێتە كاربەڕێكەر.

سەبارەت بەڕێككەوتنی هەرێم و بەغدا و تێپەڕاندنی بودجەی ساڵی داهاتوو، بەشیر حەداد ئاماژەی بەوەكرد: "ئەم رێككەوتنە گرنگە بۆ بودجەی ساڵی داهاتوو، چونكە تا پشكی كورد دیاری نەكرێت بودجە تێناپەڕێنرێت، بۆیە پێویست دەكات بودجە دیاری بكات، حكومەتی كاربەڕێكەر رێككەوتنی گەورەی نێودەوڵەتی ناكات، بەڵام بودجە پێویستی گرنگ و گەورەیە و حكومەتی كاربەڕێكەر دەتوانێت بودجە رەوانە بكات".

هەروەها جوان ئیحسان، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی عێراق بۆ دواڕۆژ رایگەیاند: ئەوەی پێشبینی دەكرا حكومەت یان متمانەی لێوەربگیرێتەوە یان دەستلەكاربكێشێتەوە، بەڵام ئێستا بۆ عێراق دۆخێكی نەخوازراوە و حكومەت چووەتە باری نائاسایی، بەڵام بەپێی دەستور، دوای رەزامەندی پەرلەمان بۆ دەستلەكاركێشانەوەی عەبدولمەهدی، سەرۆك كۆمار كەسایەتییەكی دیكە لەفراكسیۆنی گەورە كە لەپەرلەمانی عێراق رادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ.

وتیشی: "عەبدولمەهدی توانی زۆربەی كێشەكانی هەرێم و بەغدا چارەسەر بكات بەدوور لەگرێی نەفسی لەنێوان هەرێم و بەغدا، لەقۆناغێكی هەستیار پەیوەندییەكانی نزیك كردەوە، بەڵام ئایا دوای عەبدولمەهدی كێ دەبێتە سەرۆك وەزیران ئەوە كەمێك قورسە، ئایا سەرۆك وەزیرانی داهاتوو فشاری زیاتر لەسەر كوردستان دروست ناكات، ئەوانە و ئەگەری دیكەش هێشتا دیار نین".
 
رێبوار هادی، پەرلەمانتاری پارتی لەپەرلەمانی عێراق بۆ دواڕۆژ روونیكردەوە: پەیوەندی هەرێمی كوردستان و عێراق وابەستەی كەسایەتییەكان نییە، چونكە ئەگەر بەدەستلەكاركێشانەوەش نەبوایە سێ ساڵی دیكە عەبدولمەهدی دەورەكەی تەواو دەبوو، دەستلەكاركێشانەوەكەی بۆ ئەم قۆناغە كاریگەری دەبێت بۆ بودجە، بەڵام كاریگەرییەكە كورت مەودایە نەك درێژ مەودا، چونكە ناردنی بودجە بەپێی دەستور سەرۆكی حكومەتی كاربەڕێكەر دەتوانێت پەسەندی بكات.

بەڵام یوسف محەمەد، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق بەدواڕۆژی راگەیاند: بەدڵنیاییەوە دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی وا دەكات حكومەتی عێراق ببێتە كاربەڕێكەر، بۆیە ناتوانێت هیچ رێككەوتنێك واژۆ بكات و پرۆژەیاسای بودجەش بنێرێتە پەرلەمان، بەڵكو یاسای 2019ی بودجە بەركار دەبێت تا ئەو كاتەی پرۆژەیاسای بودجە لەلایەن حكومەتی نوێ رەوانەی پەرلەمان دەكرێت، بۆیە دانوستانەكانی هەرێم و بەغداد كێشەی تێدەكەوێت، بەڵام ئەوە دەرفەتێكە بۆ هەرێمی كوردستان كە سەرجەم ئەو پرسانەی پەیوەندییان بەكوردەوە هەیە بیخەنەوە سەر مێزی گفتوگۆ.

سەبارەت بەوەی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو تا چەند بۆ كورد باش دەبێت، یوسف محەمەد روونیكردەوە: "ئەوە وەستاوەتەوە سەر ئەوەی كێ كاندید دەبێت، بەڵام هەمووی پەیوەندی بەكوردستانەوە هەیە، بۆ نموونە عەبدولمەهدی كەسێكی باشبوو بۆ كوردستان، بەڵام كوردستان پاڵپشتی نەكرد و بارگرانی بۆ دروستكرد، بۆیە ئەگەر كوردستان بیەوێت تووشی مەترسی نەبێت لەداهاتووی عێراق، پێویستی بەچاكسازییە لەدۆسیەی نەوت و بودجە و شەفافیەت".

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure