ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق كۆبونه‌وه‌یه‌كى به‌په‌له‌ى ئه‌نجامدا

هەواڵ / عێراق :: 30/11/2019‌ :: 1182‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ، به‌غدا

كۆبونه‌وه‌ى به‌په‌له‌ و نائاسایى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تى عادل عه‌بدولمه‌هدى، سه‌رۆك وه‌زیران به‌ڕێوه‌چوو.

نووسینگه‌ى رۆژنامه‌وانى عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق (ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 30ى تشرینى دووه‌مى 2019) له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كۆبوونه‌وه‌یه‌كى نائاسایى ئه‌نجامدا‌، به‌مه‌به‌ستى خستنه‌ڕووى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى سه‌رۆك وه‌زیران و حكومه‌ت و پێشكه‌شكردنى به‌ په‌رله‌مان، هه‌روه‌ها بۆ تاوتوێكردنى ده‌رهاویشته‌كانى له‌سه‌ر حكومه‌ت و ئه‌ركى راپه‌ڕاندن و راییكردنى كاره‌كانى رۆژانه‌ به‌پێى ده‌ستوور.

به‌پێى راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌: له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران جه‌ختى له‌سه‌ر ده‌ستاوده‌ستكردنى ئاشتییانه‌ى ده‌سه‌ڵات كردۆته‌وه‌ له‌ سیستمى دیموكراسیدا، وتووشیه‌تى: "به‌رژه‌وه‌ندى باڵاى گه‌ل ئامانجێكه‌ هه‌موو شتێك له‌ به‌رامبه‌ریدا بچوكه‌ و هیچ نییه‌" داواشیكردووه‌، په‌رله‌مان چاره‌سه‌رى گونجاو له‌ دانیشتنه‌كه‌ى داهاتوویدا بدۆزێته‌وه‌، هه‌روه‌ك داواى له‌ ئه‌ندامانى حكومه‌ت كردووه‌ درێژه‌ به‌ كاره‌كانیان بده‌ن تا ئه‌وكاته‌ى حكومه‌تێكى نوێ پێكده‌هێنرێت.

ئاشكراشیكردووه‌: ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران له‌ كۆتایى كۆبوونه‌وه‌ نائاساییه‌كه‌یدا ده‌نگى له‌سه‌ر ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى نووسینگه‌ى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و ئه‌میندارى گشتى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران داوه‌.

پێداچوونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure