نوسینگه‌ى عه‌بدولمه‌هدى فه‌رمانى نوێ له‌باره‌ى ژماره‌یه‌ك به‌رپرس به‌تۆمه‌تى گه‌نده‌ڵى ده‌رده‌چێت

هەواڵ / عێراق :: 30/11/2019‌ :: 803‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ

وته‌بێژ به‌ناوى نوسینگه‌ى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت: فه‌رمانى نوێ ده‌رهه‌ق به‌ ژماره‌یه‌ك گه‌وره‌ به‌رپرس به‌ تۆمه‌تى گه‌نده‌ڵى ده‌رده‌چێت.

سه‌عد حه‌دیسى، وته‌بێژ به‌ناوى نوسینگه‌ى راگه‌یاندنى سه‌رۆك وه‌زیران (ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 30ى تشرینى دووه‌مى 2019) له‌ لێدوانێكدا رایگه‌یاند: دادگایه‌كى تایبه‌تى ناوه‌ندى سه‌باره‌ت به‌ تاوانه‌كانى گه‌نده‌ڵى هه‌یه‌ كه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگى نێوان هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى و جێبه‌جێكردن پێكهێنراوه‌.

وتیشى: "دادگاكه‌ چه‌ند بڕیارێكى ده‌ركردووه‌ بۆ ده‌سته‌كانى لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ دادگاكانى پێداچوونه‌وه‌ له‌ سه‌رجه‌م دادگاكانى عێراق به‌ ده‌ركردنى فه‌رمانى ده‌ستگیركردن و راده‌ستكردن و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى سامانى هه‌موو ئه‌وانه‌ى گه‌نده‌ڵى به‌سه‌ریاندا سه‌لمێنراوه‌".

حه‌دیسى ئه‌وه‌شى رونكرده‌وه‌: ده‌یان بڕیار بۆ راده‌ستكردن و ده‌ست به‌سه‌رداگرتن و ده‌ستگیركردن و ته‌نانه‌ت سزاى زیندانى به‌سه‌ر گه‌وره‌ به‌رپرسان له‌ ئاستى وه‌زیران و پارێزگاران و ئه‌ندامانى په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان ده‌رچووه‌.

ئاماژه‌شیدا: كاركردن له‌م چوارچێوه‌یه‌دا به‌رده‌وامه‌ و بڕیارى ترى پاشكۆش له‌ چه‌ند رۆژى كه‌مى داهاتوودا ده‌رده‌چێت.

ئا: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure