نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێم له‌ به‌غدا دڵنیایى ده‌داته‌ فه‌رمانبه‌ران

هەواڵ / کوردستان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 27138‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێم له‌ به‌غدا دڵنیایى ده‌داته‌ فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم و رایده‌گه‌یه‌نێت: به‌ نه‌مانى عادل عه‌بدولمه‌هدى بابه‌تى رێككه‌وتنى هه‌رێم و به‌غدا بۆ ناردنى مووچه‌ و بودجه‌ بۆ هه‌رێم كێشه‌ى نابێت و ده‌شڵێت: سه‌ردانه‌كه‌ى وه‌فدى هه‌رێم بۆ به‌غدا هه‌ڵنه‌وه‌شاوه‌ته‌وه‌.


(دوێنى هه‌ینى 29ى تشرینى دووه‌مى 2019) وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك بۆ داخوازى خۆپیشانده‌ران، عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق رایگه‌یاند ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ى خۆى پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مان ده‌كات.

له‌ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى عه‌بدولمه‌هدى له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌كه‌ دانووستاندنه‌كانى نێوان هه‌رێم و به‌غدا بۆ دیاریكردنى پشكى هه‌رێم و ناردنى مووچه‌ و بودجه‌ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ ده‌ستپێكردۆته‌وه‌ و به‌هۆى نزیكبوونه‌وه‌ى هه‌ردولا بڕیاربوو سبه‌ى رێككه‌وتنێك له‌وباره‌یه‌وه‌ واژۆبكرێت.

له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى ئایا به‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى عه‌بدولمه‌هدى كێشه‌ بۆ رێككه‌وتنى هه‌رێم و به‌غدا دروستده‌بێت، فارس عیسا نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێم له‌ به‌غدا (ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 30ى تشرینى دووه‌مى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: كێشه‌ى نێوان هه‌رێم و به‌غدا له‌سه‌ر مووچه‌ و بودجه‌ و پێدانى 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى هه‌رێم كێشه‌یه‌كى نوێ نییه‌، بۆیه‌ به‌ رۆیشتنى عادل عه‌بدولمه‌هدى كێشه‌ى بچووك بۆ هه‌رێم دروستده‌بێت، كێشه‌كه‌ به‌هۆى بڕى زۆرى و كه‌مى پاره‌كه‌ و ناردنى نه‌وتى هه‌رێم ده‌بێت، كه‌ ره‌نگه‌ له‌ په‌رله‌مان له‌لایه‌ن هه‌ندێك كوتله‌وه‌ بهێنرێته‌ پێشه‌وه‌، به‌ڵام بۆ رێككه‌وتنى نێوان هه‌ردوولا ئه‌وا هیچ كێشه‌یه‌ك دروست نابێت.

وتیشى: "وه‌كو بڕیاره‌ سبه‌ى شاندى هه‌رێم دێته‌ به‌غدا و درێژه‌ به‌ گفتوگۆكان ده‌درێت له‌سه‌ر شێوازى ناردنى مووچه‌ و بودجه‌ى هه‌رێم".

بڕیاره‌ سبه‌ى په‌رله‌مانى عێراق دانیشتنێك بۆ په‌سه‌ندكردنى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى په‌سه‌ند بكات، به‌مه‌ش حكومه‌تى عێراق ده‌بێته‌ حكومه‌تێكى كاربه‌ڕێكه‌ر.

له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى ئایا حكومه‌تى كاربه‌ڕێكه‌ر ده‌توانێت بودجه‌ بنێرێته‌ په‌رله‌مان؟ فارس عیسا وتى: "له‌به‌رئه‌وه‌ى ته‌نیا سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ته‌وه‌ نه‌ك ته‌واوى كابینه‌كه‌ى، بۆیه‌ حكومه‌تى كاربه‌ڕێكه‌ر ده‌توانێت بودجه‌ بۆ په‌رله‌مان بنێرێت".

هاوكات جه‌مال كۆچه‌ر، ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: دواى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى، حكومه‌تى عێراق كاربه‌ڕێكه‌ر ده‌بێت، به‌ڵام بابه‌تى ناردنى بودجه‌ى عێراق بۆ په‌رله‌مان و یه‌كلایكردنه‌وه‌ى كێشه‌ى هه‌رێم له‌ بودجه‌ و مووچه‌، په‌یوه‌ندى به‌ عادل عه‌بدولمه‌هدییه‌وه‌ نییه‌ و ئه‌گه‌ر ئه‌ویش له‌ ده‌سه‌ڵات نه‌بێت ئه‌وا تێده‌په‌ڕێندرێت.

پێداچوونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure