دوایین زانیارى له‌سه‌ر هێرشه‌كه‌ى داعش بۆ سه‌ر ناوچه‌یه‌كى گه‌رمیان

هەواڵ / کوردستان :: 30/11/2019‌ :: 531‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن
 
شه‌وى رابوردوو چه‌كدارانى داعش به‌ چه‌كى هاوه‌ن و قه‌ناس و بۆمبه‌وه‌ هێرشیان كرده‌سه‌ر هێزه‌كانى ئاسایش و هاووڵاتیانى مه‌ده‌نى له‌ ناحیه‌ى كوڵه‌جۆى سه‌ر به‌ قه‌زاى كفرى و له‌ ئاكامدا به‌ڕێوه‌به‌ر و دوو كارمه‌ندى ئاسایشى ناحیه‌كه‌ شه‌هیدبوون و سێ كارمه‌ندى ترى ئاسایش و دوو هاووڵاتى مه‌ده‌نى برینداربوون. 


شه‌وى رابوردوو چه‌كدارانى داعش نزیكه‌ى 10 گوله‌ هاوه‌نیان ئاراسته‌ى ناحیه‌ى كوڵه‌جۆى سه‌ر به‌ قه‌زاى كفرى كرد، له‌كاتێكیشدا هێزه‌كانى ئاسایش جوڵه‌ ده‌كه‌ن بۆمبێك به‌ ئۆتۆمبیلێكى هێزه‌كاندا ده‌ته‌قێته‌وه‌ و دواتر چه‌كداره‌كان به‌ چه‌كى قه‌ناس ته‌قه‌ له‌ هێزه‌كه‌ ده‌كه‌ن.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ئاسایشى گه‌رمیان (ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 30ى تشرینى دووه‌مى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌ ئاكامى ئه‌و هێرش و په‌لامارانه‌دا رائید سمكۆ عه‌لى، به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسایشى ناحیه‌ى كوڵه‌جۆ و پێنج كارمه‌ندى ئاسایش و سێ هاووڵاتى كه‌ ماڵیان نزیك ته‌قینه‌وه‌كه‌ بوو برینداربوون، به‌ڵام له‌به‌ر سه‌ختى برینه‌كه‌یان رائید سمكۆ و دوو كارمه‌ندى ئاسایش به‌ ناوه‌كانى (جومعه‌ عه‌بد، مه‌حمود جومعه) دواى گه‌یاندنیان به‌ نه‌خۆشخانه‌ شه‌هیدبوون. 

رائید سمكۆ عه‌لى، به‌رێوه‌به‌رى ئاسایشى كوڵه‌جۆ پێشتر دووجار به‌ سه‌ختى هه‌ر له‌و ناوچه‌یه‌ برینداربووه‌ و شه‌ش جاریش هه‌وڵى تیرۆركردنى دراوه‌. پێش شه‌هیدبوونیشى له‌ لێدوانێكیدا بۆ دواڕۆژى ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو كه‌ جموجۆڵ و ژماره‌ى چه‌كدارانى داعش له‌ ناوچه‌كه‌دا زیادیكردووه‌. 

ناحیه‌ى كوڵه‌جۆ سه‌ر به‌ قه‌زاى كفرییه‌ و ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر رێگاى سه‌ره‌كى كه‌لار بۆ جه‌له‌ولا، چه‌كدارانى داعش له‌ چه‌ند مانگى رابوردوودا له‌ هێرشێكى هاوشێوه‌دا ژماره‌یه‌ك كارمه‌ندى ئاسایشیان شه‌هیدكرد. 
 

پێداچوونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure