پارێزگارى هه‌ولێر هۆشدارى ده‌داته‌ هاووڵاتیان

هەواڵ / کوردستان :: 28/11/2019‌ :: 1891‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاراس عه‌زیز

پارێزگارى هه‌ولێر سه‌باره‌ت به‌ به‌ستنى پێوه‌رى ئاوى ماڵان و پێوه‌رى كاره‌با هۆشدارى ده‌داته‌ هاووڵاتیان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ماوه‌ى مانگێكى دیاریكردووه‌ و هه‌ركه‌سێك له‌و ماوه‌یه‌دا پێوه‌رى ئاو و پێوه‌رى كاره‌با نه‌به‌ستێت توشى سزاى دارایى و لێپرسینه‌وه‌ى یاسایى ده‌بێت.

فرسه‌ت سۆفى پارێزگارى هه‌ولێر (ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 28ى تشرینى دووه‌مى 2019) له‌ پرێس كۆنفرانسێكدا رایگه‌یاند: له‌ سه‌ره‌تاى مانگى داهاتوو هه‌ڵمه‌تى نه‌هێشتنى زیاده‌ڕەویى كاره‌با ده‌ستپێده‌كه‌ین و ماوه‌ى مانگێك ده‌ده‌ینه‌ هاووڵاتیان تاوه‌كو پێوه‌رى ئاو و كاره‌با ببه‌ستن، هه‌ر كه‌سێكیش پابه‌ندى ئه‌و بڕیاره‌ نه‌بێت لێپرسینه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌كرێت.

وتیشى: "بڕیاره‌كه‌ به‌پاڵپشتى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و وه‌زاره‌تى ناوخۆى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان جێبه‌جێ ده‌كرێت و ده‌بێت له‌و ماوه‌یه‌دا سه‌رجه‌م زیاده‌ڕەوییه‌كان هه‌ڵبگیرێن".

له‌باره‌ى بڕى زیاده‌ڕەویى و به‌هه‌ده‌ردانى كاره‌با، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد: نزیكه‌ى 35%ى كاره‌با به‌هه‌ده‌ر ده‌ڕوات و ده‌بێت نه‌یهێڵین.

باسی لەوەشکرد: پرۆسه‌ى پێوه‌رى زیره‌ك درێژخایه‌نه‌وه‌ و له‌كاتى ته‌واوبوونیدا كێشه‌ى كاره‌با تاڕاده‌یه‌كى زۆر چاره‌سه‌رده‌كات.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە