پردى مەولەوى نۆژەندەکرێتەوە

هەواڵ / کوردستان :: 27/11/2019‌ :: 403‌ جار بینراوە
دیزاینى شێوازى نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى پرده‌كه‌

تاگ :: سلێمانى

دواڕۆژ، زریان محه‌مه‌د
 
ئەو پردەى دەکەوێتە ناوه‌ڕاستى شەقامى مەولەوى له‌ سلێمانى لەسەر شێوازى کەلەپورى کۆنى شاره‌كه‌ نۆژەندەکرێتەوە و بڕیارە به‌منزیكانه‌ لەسەر بودجەى پارێزگا پڕۆسەى گۆڕانكاریكردنه‌كه‌ بچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.


ئەندازیار نیاز حەسەن، ئەندامى لیژنەى شوێنەوارى سەر بە لیژنە هاوبەشەکانى قائیمقامیەتى سلێمانى (ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 27ى تشرینى دووه‌مى 2019) رايگەیاند: پردەکە یەکێکە لە شوێنە دیارەکانى سلێمانى و دەکەوێتە سەنتەرى شارەوە و بەهۆى کۆن بوونیه‌وه‌ سیمایەکى ناشارستانى بەو ناوچەیە بەخشیووە.

وتیشى: "لەماوەى رابوردوودا لیژنەکەمان پێشنیارى بۆ هەریەک لە قائیمقام و پارێزگارى سلێمانى کرد پردەکە لەسەر شێوازێکى تەلارسازى کۆنى سلێمانى نۆژەنبکرێتەوە و دیزاینى و شێوازى نۆژەنکردنەوەیان خستەبەردەست هەریەک لە هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگار و ئاوات محەمەد، قائیمقامى سلێمانى، خۆشبەختانە هەردوولا رەزامەندیان نیشانداوە پردەکە نۆژەنبکرێتەوە".

ئەوەشى رونكرده‌وه‌: دیزاینى نۆژەنکردنەوەکە تەواو بووە و بڕیاریشدراوه‌ لەسەر بودجەى پارێزگاى سلێمانى نۆژەنبکرێتەوە، لە دیزاینەکەشدا رەچاوى کلتور و کەلەپورى سلێمانى کراوە و لەسەر شێوازێکى کەلەپورى کۆن نۆژەندەکرێتەوە.

لە بارەى کاتى نۆژەنکردنەوەش ئه‌و ئه‌ندازیاره‌ ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو: لیژنەکە کارەکانى خۆی تەواوکردووە و ئەوەى ماوەتەوە دابینکردنى بڕی پێویستى پارەیە و دواتر دەستدەکرێت بە کارکردن تیایدا.

پردەکە دەکەوێتە ناوەڕاستى شەقامى مەولەوى و نزیک ناو بازاڕى سلێمانى، پردەکە لە ساڵانى حەفتاکانى سەدەى رابوردووەوە دروستکراوە و یەکێکە لە شوێنە دیار و بەناوبانگەکانى سلێمانى، كه‌ بەشى ژێرەوەى تایبەتە بە بازاڕى کڕین و فرۆشتنى پەلەوەر و بەشى سەرەوەشى شوێنى کاسبکاران و بازاڕ و چەندین دوکان لەخۆدەگرێت.

پێداچوونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure