ئەحمەد سەفار: رۆژی یەك شەممە واژۆی رێككەوتنی نێوان هەرێم و ناوەند دەكرێت

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 624‌ جار بینراوە
ئەحمەد سەفار

دواڕۆژ، سامان قوبادی

بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرایدەكات، رۆژی یەكشەممە واژۆی رێككەوتنی نێوان هەرێم و ناوەند دەكرێت، دەشڵێت نەك پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەڵكو زۆر خاڵی تر هەیە كە گفتوگۆی لەسەر دەكرێت تا بخرێتە سەر بەغدا، ئەحمەد سەفار بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق زانیاری ورد لەبارەی چارەسەری كێشە داراییەكانی هەرێم و رێككەوتن و بوودجەی 2020 دەخاتەڕوو. 


 دواڕۆژ: كەی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق دەگاتە پەرلەمان؟

ئەحمەد سەفار: دەبوایە لەم هەفتەیەدا بنێردرێت، بەڵام بەهۆی گفتوگۆكانی هەرێم و ناوەندە و خۆپیشاندانەكانی عێراق دواكەوت، هاوكات گۆڕانكاری لە بوودجەدا دەكرێت، بەڵام ئەگەری زۆرە تا 10 رۆژی تر بوودجەی گشتی بگاتە پەرلەمان.


دواڕۆژ:  یەكشەممە وەفدی هەرێم سەردانی بەغدا دەكەنەوە بۆ چ مەبەستێكە؟
ئەحمەد سەفار: هەندێك وردەكاری تر ماوە لەسەری رێكبكەون، دواتر واژۆی رێككەوتنەی نێوان هەردولا دەكرێت.


دواڕۆژ: لەپەرلەمان دەتوانن رێژەی 12%ی بەشە بوودجەی كورد زیاد بكەن؟
ئەحمەد سەفار: مەبەستی سەرەكی لە هاتنی وەفدەكەی هەرێم بۆ زیادكردنی بەشە بوودجەی كوردە كە 12.67%ە، بەڵام ئەگەر ئەمەش زیاد نەكرێت و وەكو خۆی بمێنێتەوە كێشە بۆ هەرێم دروست ناكات، بەڵكو هەندێك شتی تری گرنگ هەیە وەك مووچەی پێشمەرگە و زیندانی سیاسی و شەهیدان رێككەوتنی لەسەر بكرێت.


دواڕۆژ: ئایا بەغدا مانگانە لەكاتی خۆیدا بودجەی هەرێم بەبێ كێشە دەنێرێت؟
ئەحمەد سەفار:  بەدڵنیاییەوە كە رێككەوتنی نەوتی كرا و هەرێم پابەند بوو بە پێدانی 250 هەزار بەرمیل بە سۆمۆ، ئەوكات دەبێت بوودجە بە شێوەیەكی كامل بنێرێت بۆ هەرێم، كە مانگانە یەك ترلیۆن دینار.


دواڕۆژ: حكومەتی هەرێم دەڵێت بەغدا پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران دەداتەوە، راستە؟
ئەحمەد سەفار: ئەمە تائێستا گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، ئەگەر ئەو كێشانەی ئێستای حكومەتی عێراق نەبوایە، نەك مووچە و پاشەكەوتی مووچە، بەڵكو زۆر شتی تری وەك ئەو قەرزانەی عێراق وەری گرتووە و نەیداوە بە هەرێم، لەگەڵ نەفەقاتی سیادی لەمانەشدا قەرەبووی هەرێم بكرێتەوە، ئێستا كە بارودۆخی ناوەند گونجاو نییە، پێدەچێت ئەمانە دوابخرێت بۆ كاتێكی تر، بەڵام بەغدا رەنگە بچێتە ژێر بەرپرسیارێتی.


دواڕۆژ: چاوەڕوان دەكرێت حكومەتی هەرێم پابەند بێت بە پێدانی داهاتی فرۆشی 250 هەزار بەرمیل بە بەغدا؟
ئەحمەد سەفار:  بۆ ئەمە چەند سیناریۆیەك هەیە، یەكەم هەرێم 250 هەزار بەرمیل رادەستی سۆمۆ بكات، دووەم خۆی بیفرۆشێت و پارەكەی بدات بە سۆمۆ، سێیەم ئەگەر رادەستی نەكات بەغدا لە بەشە بوودجەی هەرێم بیبڕێت، بەڵام رێككەوتی هەردولا بۆ ئەوە دەكرێت تا هەرێم 250 هەزار بەرمیل بدات بە بەغدا، دەبێت هەرێم لەماوەی یەك ساڵی بوودجەدا پابەندە بێت پێوەی.


دواڕۆژ: بەپێی رێككەوتنەكە ئایا بوودجە بۆ پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و پەرپێدانی پارێزگاكانی هەرێم تەرخان دەكرێت؟
ئەحمەد سەفار: هێشتا بوودجە لای حكومەت، ناتوانین قسەی لەسەر بكەین، رێككەوتن لەسەر رادەستكردنی نەوتە لەبەرامبەرناردنی بوودجەدا، بەڵام بەدڵنیاییەوە لە یاسای بوودجەی گشتیدا باس لە ناردنی بوودجەی پەرەپێدانی هەرێمەكان دەكرێت.


دواڕۆژ: ئایا ئەم رێككەوتە لە بەرژەوەندی كام لایەنە؟
ئەحمەد سەفار: لەبەرژەوەندی هەردوولایە، بەغدا تووشی چەندین كێشەی ناوخۆی بووەتەوە،  بۆ ئەو خراپە كە كێشەیەكی تری بۆ زیاد بێت بەتایبەت لەگەڵ هەرێم، هەروەها ئەگەر دۆخی عێراق خراپ بێت كاریگەریی خراپی لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت، رێككەوتنەكە ئارامییە بۆ عێراق و بۆ هەرێمیش كێشەی دارایی كۆتایی پێدێت، بەجێبەجێ كردنی ئەم رێككەوتنە 2020 ساڵێكی دارایی باش دەبێت بۆ هەرێمی كوردستان.


دواڕۆژ: ئایا یاسای خانەنشینی عێراق هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە؟
ئەحمەد سەفار: هەرێم یاسای خۆی هەیە، یاساكەی عێراق ئیتیحادییە و هەموو عێراق دەگڕێتەوە، بەڵام هەرێم دەتوانێت جێبەجێی بكات یان نەیكات، چونكە لە دەستوردا هاتووە ئەگەر شتێكی تایبەت هەبێت بۆ هەرێم دەتوانێت ئەوە جێبەجێ بكات نەك ئەوەی بەغدا.


دواڕۆژ: چی دەكەن لە پەرلەمان بۆ ئەوەی لقێكی بانكی رافیدەین لە هەرێم بكرێتەوە كە قەرز دەدات بە هاوڵاتییان و پشتیوانی پڕۆژە دەكات؟
ئەحمەد سەفار: كار دەكەین لەسەر كردنەوەی دوو لقی بانكی رافیدەین و tbi بانكی بازرگانی، لە هەر شوێنێك لقی ئەو بانكانەی لێ بێت خەڵك دەتوانێت قەرز وەربگرێت، بەڵام فائیدەی خۆی هەیە كە رێژەكەی زۆرە، هەوڵی زۆر دەدرێت و ئەگەری هەیە لە سەرەتای 2020 لقەكانیان لە هەرێم بكەنەوە.

پ: ك. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure