"هەرێم و بەغدا بۆ ماوەی یەك ساڵ رێكدەكەون"

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 8929‌ جار بینراوە
خالید شوانی

دواڕۆژ: سامان قوبادی


وەزیری هەرێم بۆ كاروباری بەغدا رایدەگەیەنێت، رێككەوتن لەسەر بودجەی 2020 دەچێتە چوارچێوەی رێككەوتنی درێژخایەنەوە لەگەڵ بەغدا، خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا لە چاوپێكەوتنێكی دواڕۆژدا زانیاری ورد لەبارەی دانوستاندنەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و پرسە دارییەكان دەخاتەڕوو.


دواڕۆژ: ئایا چوونی شاندەكەی هەرێم بۆ بەغدا بەمەبەستی واژۆ كردنی رێككەوتنە؟
خالید شوانی: وەفدەكە بە سەرۆكایەتی وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم و ئەندامێتی وەزیری پلاندانان و وەزیری هەرێم بۆ كاروباری بەغدایە، كۆبوونەوەكان لەگەڵ بەغدا ئیجابین، چەندین پێشنیار هەیە كە دیراسە كراوە و گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، هەنگاوەكانی هەردوولا بە ئاڕاستەی گەیشتن بە رێككەوتنە، رۆژی دووشەممە لەگەڵ هەردوو جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری وزە و دارایی، هەروەها وەزیری نەوت و  پلاندانانی عێراقدا كۆدەبینەوە.

دواڕۆژ، واتە دوا كۆبوونەوە دەبێت لەگەڵ بەغدا؟
خالید شوانی: ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە گەیشتنە بە رێككەوتن، گرنگ نییە چەند كۆبوونەوە دەكرێت.

دواڕۆژ: تاچەند بەغدا و هەرێم لە رێككەوتنی یەكجارەكی نزیكن؟
خالید شوانی:  گفتوگۆكان بە ئاڕاستەی رێككەوتن دەڕوات، هیوادارین و ئەگەری زۆرە سبەی بگەینە ئەو دەرئەنجامە و رێككەوتن بكرێت.

دواڕۆژ: هەرێمی كوردستان پابەند دەبێت بە رادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت؟
خالید شوانی: بەڵی هەرێم پابەند دەبێت بە رادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت، بەڵام لەبەرامبەردا ئیستحقاقاتی دارایی هەرێمی كوردستان و مووچەی فەرمانبەران و شایستە داراییەكان هەیە كە پێویستە عێراق دابینی بكات.

دواڕۆژ: كەی حكومەتی هەرێم ئەو بڕە نەوتە رادەستی حكومەتی ناوەند دەكات؟
خالید شوانی: دەكەوێتە سەر  یاسای بودجە، بەپێی یاساكە هەر كاتێك دانرا ئەوا 250 هەزار بەرمیل نەوت دەدرێتە بەغدا.

دواڕۆژ: ئایا شاندەكە داوا لە بەغدا دەكات قەرزی كۆمپانیا بیانییەكان لەسەر هەرێمی كوردستان بداتەوە؟
خالید شوانی: ئەمەش بەشێكە لە گفتوگۆكان  ئەگەر بگەینە رێككەوتن ئەم قەرزانەش رێوشوێنی بۆ دادەنرێت و چارەسەر دەكرێن، بۆئەمە میكانیزمی تایبەت دادەنرێت.

دواڕۆژ: لەبارەی پڕۆژەیاسایی بودجەی گشتی عێراق و پارێزگاری لە پشكی هەرێم وەڵامی بەغدا چییە؟
خالید شوانی: بەپێی مافە دەستورییەكانی خۆی بەركەوتەكانی هەرێمی كوردستان روونە، لەسەرو هەموشیانەوە مووچەی فەرمانبەران و مافە داراییەكانی تری هەرێم داواكراوە، ئەمە جگە لە داواكردنی بودجە بۆ پڕۆژەی وەبەرهێنان و پڕۆژە سیادییەكان بەمەبەستی ئاوەدانكردنەوەی كوردستان، سەرجەم ئەم داواكارییانە بەشێكن لە گفتوگۆكان، مانەوەی بەشە بودجەی كورد دەكەوێتە سەر ئەو رێككەوتنانەی كە دەیكەین،  هەرێم نەوتەكەی رادەستی بەغدا دەكات بەدڵنیاییەوە دەبێت بەپێی ئەوە داهاتمان بنێردرێت.

دواڕۆژ: ماوەی ئەو رێككەوتنەی كە دەكرێت چەند دەخایەنێت؟
خالید شوانی: رێككەوتنەكە تەنیا یەك ساڵ دەخایەنێت، چونكە یاسای بودجەی گشتی عێراق-یش بۆ یەك ساڵە، بەڵام رێككەوتن لەسەر بودجەی 2020 دەچێتە چوارچێوەی رێككەوتنی درێژ خایەنەوە، بۆئەوەی لە كۆتایی ساڵدا هاوڵاتییان تووشی دڵەڕاوكێ نەبن.

دواڕۆژ: داواتان لە حكومەتی ناوەند كردووە بەمەبەستی ناردنی سووتەمەنی بۆ هەرێمی كوردستان؟
خالید شوانی: بەشێكە لەو پڕۆژە داراییەی ئامادەكراوە،  بێگومان بە رێككەوتن ئەمەش چارەسەر دەكرێت.

دواڕۆژ: جگە لە كێشە داراییەكان، ئایا باس لە گۆڕانكاریی لە دەستوری عێراقدا دەكەن؟
خالید شوانی: چوونی ئەم شاندە تایبەتە بە یاسای بودجە و پرسە داراییەكان، بۆ هەمواركردنەوەی دەستور حكومەتی هەرێم لیژنەیەكی تایبەتی پێكهێنانەوە و چالاكییەكانی بۆ ئەو مەبەستە دەستپێكردووە، بەڵام چونیان بۆ بەغدا دەكەوێتە كاتێكی تر.

دواڕۆژ:  ئایا شاندەكەی هەرێم دەسەڵاتی بڕیاردان و واژۆكردنی رێككەوتنەكەی هەیە؟
خالید شوانی: دەسەڵات نادرێتە تاكە كەسێك، بەڵكو دەدرێتە شاندەكە، لە چوارچێوەیەكدا دەسەڵاتمان هەیە بڕیار بدەین و رێككەوتن لەگەڵ بەغدا واژۆ بكەین، بۆ هەر بابەتێكی ستراتیجی لە بەغداوە لە پەیوەندیدا دەبین لەگەڵ هەرێمی كوردستان.

دواڕۆژ: وەكو یەكێك لە وەزیرە دیارەكانی شاندەكە ئایا گەشبینی بەوەی 25 مانگ مژەدەیەك بە هاوڵاتیان و فەرمانبەرانی هەرێم بدرێت؟
خالید شوانی: گەشبینم بە ئەنجامدانی رێككەوتن، چونكە كۆبوونەوەكانی پێشتریش ئیجابی بوون، هەر رێككەوتنێكیش بكرێت بە ئاڕاستەی دابینكردنی بەرژوەندییە داراییەكانی هەرێمی كوردستانە كە بودجە و مووچە دەگرێتەوە، ساڵی داهاتووش لەڕووی داراییەوە ساڵێكی باشتر بێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure