دواکەوتنی باران زیان بە جووتیاران دەگەیەنێت

هەواڵ / ئابوری :: 24/11/2019‌ :: 280‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی سەنگین خۆشناو

بەپێی قسەی جووتیاران بەراورد بە ساڵانی رابوردوو بارانبارین دواکەوتووە، ئەمەش بە زیان بۆ جووتیاران و بەروبومی خۆماڵی تەواودەبێت.


ئێستا کە وەرزی گەنم چاندنە و چاوەڕوانی جووتیارانیش بەتایبەت بۆ زەوییە دێمییەکان بارانبارینە، بەڵام باران دواکەوتووە و به‌شێك له‌ زەوییەکانیش بە وشکی تۆو کراون.

حاجی مەناف محەمەد، جووتیارێکی ناوچەی مورتکەیە لە دەشتی هەولێر، بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "درەنگ کەوتنی بارانبارین زۆرترین زیان بە گەنم و جۆ دەگەیەنێت بەتایبەت گەنم ئەگەر تا مانگی 12 باران نەبارێت ئەوا زۆر خراپتر دەبێت".

وتیشى: "درەنگ کەوتنی بارانبارین جگە لە زیانی بۆ سه‌ر جۆر و کوالێتی گەنم و بەروبومەکانی دیکە، زیانی زۆر بە رێژەی گەنمیش دەگەیەنێت، چونکە درەنگ کەوتنی بارانبارین بەرهەمهێنانی گەنم کەمدەکاتەوە".

سەردار سابیر، جووتیارێکی دیکەیە، ساڵانە زیاتر لە 20 دانە خانووی پلاستیکی پڕدەکات لە بەروبومی خۆماڵی وەک تەماتە و خەیار و باینجان و کولەکە و پەتاتە، بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "وشکەساڵی زیانی زۆر بە بەروبومەکانی ئێمەش دەگەیەنێت، چونکە کەشوهەوا زۆر سارد دەبێت، بەڵام ساردییەکی وشک کە شێی لەگەڵ نییە، بۆیە کاریگەری لەسەر خانووە پلاستیکییەکانیش دروستدەکات".

سەردار سابیر، وتیشى: "ئەگەر کەشوهەوا بەوشێوەیە بەردەوام بێت ئەوا ئێمەی زۆر ماندوو دەبین، دەبێت بەتایبەت شەوان دەرگای خانووەکان دابخەین بۆ ئەوەی گەرم بێت و ئەو ساردییە وشکە لێی نەدات".

سەردار، جگە لە خانووی پلاستیکی بڕێکی زۆری زەوییەکانی بە پیاز و تور و قەڕنابیت و کەلەرم چاندووە، سەبارەت بە کاریگەری ئەو سەرما وشکە بۆ سەر بەروبومەکانی دەڵێت: "راستە ئێمە ئەو زەوییانە ئاو دەدەین، بەڵام کەشوهەواکە هێندە وشکە رێگر دەبێت لە پێگەیشتنی بەروبومێکی جوان و بەتام".

وەزارەتی کشتوکاڵ نایشارێتەوە کە دواکەوتنی بارانبارین کاریگەری بۆ چاندنی گەنم و جۆ دروستدەکات، دەشڵێن ئەگەر تا مانگی 12 باران نەبارێت ئەوا زیانەکان زیاتر دەبن.

ئەمین رەئوف، جێگری بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەولێر بە دواڕۆژی راگەیاند: ساڵانە لەمکاتەدا باران باری بوو و زۆربەی زەوییە دێمییەکانیش تۆو کرابوون، بەڵام لە هەندێک شوێن تاوەکو ئێستاش زەوی تۆو نەکراوە لەبەر بێ بارانی.

وتیشى: "ساڵی رابوردوو زۆری رێژەی بارانبارین چەندە سوودی هەبوو بەشێک زیانیشی هەبوو، چونکە گەنم و جۆ ناکرێ تەنیا ئاو بدرێن، پێویستیان بە وەرگرتنی تیشکی رۆژیشە بۆیە زۆری رێژەی بارانی ساڵی رابوردوو زیانیشی هەبووە".

لەبارەی بەروبومەکانی دیکەی کە ئێستا دەچێندرێن ئەمین رەئوف، روونیكرده‌وه‌: "ئێستا زیاتر وەرزی چاندنی گەنم و جۆیە، بەروبومەکانی وەک تەماتە و خه‌یار و کولەکە و بەروبومی دیکەش لە ژێر خانووی پلاستیکی دەچێندرێن بۆیە ئەو وشکەساڵییە کاریگەری دەبێت و پێویستە جووتیاران بەباشی ئاگاداری خانووەکانیان بن".

پێداچوونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure