بۆ پشتگیرى له‌ رۆژئاوا ژنانى هه‌ڵه‌بجه‌ گردبوونه‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 24/11/2019‌ :: 151‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید

ژماره‌یه‌ك له‌ ژنانى هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ پشتگیرى رۆژئاواى كوردستان له‌به‌رده‌م باخى گشتى شاره‌كه‌ گردبونه‌وه‌ و به‌یاننامه‌یه‌كیان ئاراسته‌ى لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى تایبه‌ت به‌ مافه‌كانى ژنان كرد.


به‌دروشمی (له‌دژی ژن كوشتن و داگیركاری بێده‌نگی بشكێنه‌) هاوكات وه‌ك پشتگیریكردنی له‌ ژنان و منداڵانی رۆژئاوای كوردستان (ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 24ى تشرینى دووه‌مى 2019) ژماره‌یه‌ك له‌ ژنانى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌به‌رده‌م باخى گشتى شاره‌كه‌ گردبونه‌وه‌ و به‌یاننامه‌یه‌كیان ئاراسته‌ى لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى تایبه‌ت به‌ مافه‌كانى ژنان كرد.

هاوژین نامیق، به‌ناوى ژنانى به‌شدار له‌ گردبوونه‌وه‌كه‌ به‌یاننامه‌یه‌كی خوێنده‌وه‌ و تیایدا هاتووه‌: به‌بۆنه‌ى هاتنى 25ى نۆڤه‌مبه‌ر رۆژى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى دژ به‌ ژنان به‌ ئه‌ركی خۆمانی ده‌زانین سه‌ری رێز و وه‌فا له‌ به‌رده‌م ژنانی شه‌هیدی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان دابنه‌وێنین، به‌ڵێن ده‌ده‌ین ئه‌ركی له‌پێشینه‌مان ئه‌و په‌یمانه‌بێت كه‌ داومانه‌، ئه‌ویش به‌رگریكردنه‌ له‌ وڵات و مافی ژنان.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: هه‌رێمی كوردستان، به‌ده‌رنیه‌ له‌ توندوتیژی، چی توندوتیژی ده‌رونی یان جه‌سته‌ی بێت، به‌ڵام شوێن بۆ شوێن جیاوازی هه‌یه‌، خۆشبه‌ختانه‌ له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌، رێژه‌كه‌ له‌ ئاستێكی زۆر نزمدایه‌ ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سروشت و لێكتێگه‌یشتنی هه‌ردوو ره‌گه‌ز.

له‌كۆتایی به‌یاننامه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش هاتووه‌: چه‌ند هۆكارێك هه‌ن كاریگه‌رییان له‌سه‌ر توندوتیژی هه‌یه‌، له‌وانه‌ داگیركردنی كوردستان، سه‌پاندی كه‌لتور و زمان و هێزی بێگانه‌ روخاندنی ئابوری وڵات، لێره‌شه‌وه‌ پشتگیری خۆمان بۆ ئابورییه‌كی سه‌ربه‌خۆی ژنان دوپاتده‌كه‌ینه‌وه‌، داواكارین لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار له‌دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی كار بۆ كچان و ژنان بكاته‌ پێشینه‌ى كاره‌كانی.



پێداچوونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure