وەزیری پەروەردە: بەیاسا کرێی خوێندن لە خوێندنگە ئەهلییەكان كەمدەكەینەوە

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 1695‌ جار بینراوە
ئالان حه‌مه‌ سه‌عید

تاگ :: پەروەردە

دواڕۆژ، سامان قوبادی

وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، ره‌شنووسێك ئاماده‌ ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كرێی خوێندن له‌ قوتابخانه‌ ئه‌هلییه‌كان كه‌م بكرێته‌وه‌، ئالان حه‌مه‌ سه‌عید وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ چاوپێكه‌وتنێكی دواڕۆژدا باس له‌وه‌ ده‌كات، رێكاری ورد ده‌گرنه‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی وازهێنانی قوتابی له‌ خوێندن كه‌م بكرێته‌وه‌". ده‌شڵێت "كێشه‌ی كه‌می میلاكمان له‌ ده‌ره‌وه‌ی شار هه‌یه‌ و هه‌وڵی رێكخستنه‌وه‌ی ده‌ده‌ین".

 
 
دواڕۆژ: له‌ 2018دا نزیكه‌ی 34 هه‌زار خوێندكار وازیان له‌ خوێندن هێناوه‌، ئه‌مه‌ به‌شێك نییه‌ له‌ شكستی كه‌رتی په‌روه‌رده‌ی هه‌رێم؟ چی ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی په‌روه‌رده‌یه‌كی سه‌رده‌میانه‌ و ژینگه‌یه‌كی گونجاو دروست بكرێت؟ 
ئالان حه‌مه‌ سه‌عید: ئه‌و رێژه‌یه‌ هه‌مووی وابه‌سته‌ نییه‌ به‌ وازهێنان له‌ خوێندن، به‌ڵكو به‌شێكی به‌هۆی كۆچ كردنه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، له‌ئێستادا پلانمان هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ میكانیزمی ورد كار بكه‌ین، تاوه‌كو رێژه‌ی وازهێنان له‌ خوێندن كه‌م بكه‌ینه‌وه‌، ئه‌گه‌ر لێی ورد ببینه‌وه‌ ئه‌و رێژه‌یه‌ ناگاته‌ 2%ی ئه‌و قوتابیانه‌ی ئێستا له‌ پڕۆسه‌ی خوێندن به‌رده‌وامن له‌ هه‌رێمی كوردستان، بۆ نه‌هێشتنی ئه‌م دیارده‌ جیهانییه‌، پێویستمان به‌وه‌یه‌ كه‌ رێكاری وه‌رد بگرینه‌به‌ر، به‌ڵام هه‌رێمی كوردستان به‌راورد به‌ ئاماره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ ئاستێكی باشدایه‌، به‌و پێیه‌ی خوێندن تا قۆناغی 9ی بنه‌ڕه‌تی ئیلزامی و به‌خۆڕاییه‌.

دواڕۆژ: بوونی كێشه‌ی میلاك له‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ به‌هۆی مۆڵه‌ت یان وازهێنانی مامۆستاوە هەیە، چۆن چاره‌سه‌ری ئه‌مه‌ ده‌كه‌ن؟ 
ئالان حه‌مه‌ سه‌عید: ژماره‌ی مۆڵه‌ت و وازهێنانه‌كان زۆر نیین‌ كه‌ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر نه‌قسی میلاك كردبێت، به‌ڵكو به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ ساڵانی رابوردوودا دامه‌زراندنی مامۆستایان نه‌بووه‌، به‌تایبه‌تیش ئێمه‌ كێشه‌ی كه‌میی میلاكمان له‌ ده‌ره‌وه‌ی شاره‌ گه‌وره‌كان هه‌یه‌، بریار دراوه‌ بۆ ساڵی خوێندنی 2020 – 2021 رێكخستنه‌وه‌ی میلاكات بكه‌ین.

دواڕۆژ: جیاوازییه‌كی زۆر هه‌یه‌ له‌نێوان كه‌رتی په‌روه‌رده‌ی گشتی و تایبه‌ت، ده‌وترێت هه‌نگاو ده‌نرێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ چه‌ند ساڵی داهاتوودا كۆی پڕۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ بكرێت به‌ پاره‌، راسته‌؟ 
ئالان حه‌مه‌ سه‌عید: به‌ ده‌ستور و یاسا یه‌كلایی كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ خوێندن له‌ كه‌رتی گشتیدا ده‌بێت به‌ بێ به‌رامبه‌ر بێت، ناكرێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پاره‌ له‌ خوێندكار وه‌ربگیرێت، هه‌روه‌ها نامانه‌وێت خوێندن له‌ كه‌رتی گشتیدا بكرێت به‌ پاره‌، ئه‌مه‌ پێچه‌وانه‌ی یاسایه‌، زۆربه‌ی ئه‌و قوتابیانه‌ی ده‌چنه‌ كۆلێجه‌ به‌رزه‌كانی وه‌ك پزیشكی و ده‌رمانسازی و ئه‌ندازیاری، خوێندكاری قوتابخانه‌ حكومییه‌كانن، نه‌ك ئه‌هلییه‌كان.

دواڕۆژ: پاره‌ی خوێندن له‌ قوتابخانه‌ ئه‌هلییه‌كان كه‌م ده‌كرێته‌وه‌؟ ئه‌گه‌ر وایه‌ به‌چی میكانیزمێك ده‌كرێت و كه‌ی جێبه‌جێ ده‌كرێت؟ 

ئالان حه‌مه‌ سه‌عید: بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی كرێی خوێندن له‌ كه‌رتی تایبه‌ت، سه‌رقاڵی ره‌شنوسێكی یاسایی-ن بۆ ئه‌وه‌ی نرخه‌كان دیاری بكه‌ین، هاوكات نرخی خوێندن له‌ قوتابخانه‌ ئه‌هلییه‌كان كه‌م ده‌كرێته‌وه‌، له‌و ره‌شنووسه‌دا شێواز و میكانیزمه‌كه‌ی دیاری ده‌كه‌ین، هه‌وڵده‌ده‌ین له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ته‌واوی بكه‌ین و جێبه‌جێ بكرێت.

دواڕۆژ: ساڵی خوێندن پشوی زۆری تێدایه‌، ئایا گۆڕانكاری تێدا ده‌كرێت؟ یاخود كه‌م ده‌كرێنه‌وه‌؟

ئالان حه‌مه‌ سه‌عید: پشووه‌كانی په‌روه‌رده‌ دیاره‌، هه‌ندێك له‌و پشووانه‌ به‌ یاسا دیاری كراوه‌ ناتوانین ده‌ستكاری بكه‌ین، به‌شێكی زۆری ئه‌و پشووانه‌ ته‌نیا له‌ ده‌سه‌ڵاتی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌دا نییه‌، به‌ڵكو ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران یان په‌رله‌مان ده‌توانێت كه‌می بكاته‌وه.

دواڕۆژ: له‌ زۆربه‌ی خوێندنگه‌كان به‌شی وێژه‌یی نه‌ماوه‌، ئایا ئه‌مه‌ به‌به‌رنامه‌ ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی ته‌نیا به‌شی زانستی بمێنێته‌وه‌؟ 
ئالان حه‌مه‌ سه‌عید: دوو جۆر خوێندنی ئه‌كادیمی و پیشه‌یی هه‌یه‌، هیچ پلانێك نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی وێژه‌یی نه‌مێنێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure