بەرپرسێکی هەولێر چارەسەری دۆخی کارەبا ئاشکرا دەکات

هەواڵ / کوردستان :: 23/11/2019‌ :: 2291‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی

ئەمڕۆ شەممە 23ی تشرینی دووەمی 2019 سەبارەت بە کێشەی کارەبا لە سنووری پارێزگای هەولێر، پارێزگاری هەولێر لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا و بۆ باشکردنی دۆخی کارەبا و زیادکردنی پێدانی کارەبای نیشتمانی، بەڵام بەڕێوەبەری کارەبا دەڵێت: "ئێمە دوو کێشەی سەرەکیمان هەیە تا چارەسەر نەبن ناتوانین کارەبای پێویست دابین بکەین".


حسێن محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی کارەبای هەولێر، تایبەت بە دواڕۆژ وتی: "بەهۆی کێشەی کەمبوونەوەی کارەبا ئەمڕۆ شەممە کۆبوونەوەیەکی فراوانمان لە دیوانی پارێزگای هەولێر لەگەڵ پارێزگار و سەرۆکی شارەوانی و بەڕێوەبەرانی کارەبا و فەرمانگەکانی تر ئەنجامدا تا بتوانین کێشەی کەمبوونەوی کارەبا چارسەر بکەین، بەڵام بە راشکاوی کێشەکانمان بە پارێزگار وت کە ئەوە لە توانای ئێمەدا نیە و دوو کێشەی گەورەمان هەیە".

وتیشی: "لەکۆبوونەوەکەدا باس لە هۆکاری کەمبوونەوەی رێژەی پێدانى كاره‌باى نیشتمانى له‌ هه‌ولێر کرا، ئێمەش هۆکارەکانمان روونکردەوە کە بەهۆی لەکارکەوتنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی غاز لە وێستگەی چەمچەماڵ و کۆرمۆر پێدانی کارەبا بۆ نیوەی جاران کەمبووەتەوە و هەروەها نەبوونی بودجەی پێویست بۆ وێستگەکان ناتوانرێت کارەبای پێویست بەرهەم بێت کە پێویستی بە نزیکەی 60 ملیار دینار هەیە".

ئەوەشی وت: "ئەگەر ئەو دوو کێشانە چارەسەر نەبن و بەتایبەتیش بە پلەی یەکەم کێشەی وێستگەی کۆرمۆر بۆ بەرهەمهێنانی غاز، ئەوا بەدڵنیایی ناتوانین کارەبا وەک پێویست بدەین و کارەبا باش نابێت، بۆیە بەنووسراویش ئەو کێشانەمان ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری کارەبا کردووە ، بۆ ئەوەی هۆکاری خراپی کارەبا بزانن".

ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە پێدانی کارەبای هاووڵاتیان لەسنووری پارێزگای هەولێر کەمبووەتەوە بۆ کەمتر لە 12 کاتژمێر و لەهەندێک شار و شارۆچکەش ناگاتە 8 کاتژمێر و ئەوەش ناڕەزایەتی هاووڵاتیانی لێکەوتووەتەوە.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure