بڕیارێكى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى لە دوو پارێزگای هەرێم تائیستا كارى پێ نه‌كراوه‌

هەواڵ / کوردستان :: 23/11/2019‌ :: 505‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاراس عه‌زیز

ئه‌گه‌رچى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌روارى 15ى تشرینى یه‌كه‌مى 2019 به‌ نووسراوى ژماره‌ (13915) بڕیارى قه‌ده‌غه‌كردنى كیسى نایلۆنى بۆ نانه‌واخانه‌ و سه‌مونخانه‌كانى پارێزگاكانى هه‌رێم ده‌ركرد، به‌ڵام جگه‌ له‌ سلێمانى تائیستا بڕیاره‌كه‌ له‌ هه‌ولێر و دهۆك جێبه‌جێنه‌كراوه‌.

له‌مباره‌یه‌وه‌ قایمقامى هه‌ولێر (ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 23ى تشرینى دووه‌مى 2019)  به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: به‌هۆى ئه‌وه‌ى كارگه‌ى به‌هه‌مهێنانى كاغه‌ز كه‌مه‌ و نرخه‌كه‌ى به‌گران له‌سه‌ر خاوه‌نكاره‌كان ده‌وه‌ستێت، نه‌مانتوانیوه‌ بڕیاره‌كه‌ بسه‌پێنین.

وتیشى: "له‌چه‌ند شوێنێك ئه‌و بڕیاره‌ جێبه‌جێكراوه‌ و بۆ فراوانكردنیشى كاتى زیاترمان پێویسته‌، به‌ڵام ناتوانین بیسه‌پێنین بۆ ئه‌وه‌ى كارنه‌كاته‌ سه‌ر گرانبوونى نرخى نان و سه‌مون، به‌ڵكو ده‌بێت به‌رژه‌وه‌ندى هه‌ردوولا له‌به‌رچاو بگیرێت".

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ له‌ نووسراوه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌: بۆ جێبه‌جێكردنى بڕیاره‌كه‌ پێویسته‌ هه‌ماهه‌نگى له‌نێوان پارێزگا و ئیداره‌ى قه‌زا و ناحیه‌كان و لیژنه‌ى هاوبه‌شه‌كان هه‌بێت، به‌هاوبه‌شى كار له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانى بازرگانى و پیشه‌سازى سنوورى كارگێڕى پارێزگا و ئیداره‌كان بكرێت بۆ به‌رهه‌مهێنانى زیاترى كاغه‌ز وه‌ك جێگره‌وه‌ى كیسى نایلۆن.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure