بۆ جێبه‌جێكردنى له‌سێداره‌دانى ژماره‌یه‌ك "بكوژ" گردبونه‌وه‌یه‌ك له‌ هه‌ولێر ئه‌نجامدرا

هەواڵ / کوردستان :: 23/11/2019‌ :: 373‌ جار بینراوە

تاگ :: داد

دواڕۆژ، کۆچەر عەلی

له‌ گردبونه‌وه‌یه‌كدا ژماره‌یه‌ك له‌ مامۆستایانى ئاینى داوا لە سەرۆکی هەرێم دەکەن پابەندی ئەو بەڵێنە بن کە داویانە بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری لەسێدارەدان بۆ بکوژانی مەلا وشیار ئیسماعیل.


(ئەمڕۆ شەممە 23ى تشرینی دووەمی 2019) به‌بۆنه‌ى سێیەمین ساڵیادی كوشتنى مەلا وشیار ئیسماعیل، ژمارەیەک مامۆستای ئایینی لە هەولێر گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا.

دیار گۆران، برای مەلا وشیار ئیسماعیل بۆ رۆژنامەنوسان رایگەیاند: زیاتر لە دە جار سەرۆکی پێشووى هەرێمی كوردستان و سەرۆکی ئێستاى هەرێم بەڵێنیانداوە کە واژۆ لەسەر بڕیاری دادگا بکەن و بکوژان لەسێدارەبدرێن، بەڵام تائێستا بەڵێنەکانیان نەبردۆتەسەر

وتیشى: "ئێمە وەک بنەماڵە حەقی خۆمانە کە گومان بکەین و بترسین لە چارەنووسی ئەو کەیسە".

شەوی 22ی تشرینی دووەمی 2016، مەلا وشیار ئیسماعیل وتارخوێن و پێشنوێژی مزگەوتی عومەر بندیان لە بەردەم ماڵەكەی لە هەولێر كوژرا و رۆژی 27ی تشرینی دووەمی 2016 بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرایكرد كە دوو كەس بە تۆمەتی كوشتنی مەلا وشیار دەستیگركراون و لە لێكۆڵینەوەكاندا دانیان بە تاوانەكەیاندا ناوە.

هاوكات جەعفەر ئەڵماس، بەرپرسی ناوەندی زانایانی یەکگرتوو بەیاننامەیەکی خوێندەوە و رایگه‌یاند: دوو ساڵە بڕیارەکە دەرچووە و تەنیا لەسەر واژۆی سەرۆکی هەرێم ماوە، بۆیه‌ پێویسته‌ سزای لەسێدارەدانه‌كه‌ جێبەجێبکرێ. 

پێداچوونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure