47 ساڵه‌ هه‌لاجی بژێوی مام عه‌بدوڵڵای دابینكردووه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 499‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، تابان ره‌زا

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌لاجی ناڕه‌حه‌تی زۆری هه‌یه‌، به‌وته‌ی مام عه‌بدوڵڵا بژێوی ژیانی له‌سه‌ر ئه‌م كاره‌یه‌و خۆشه‌ویستی بۆ كاره‌كه‌ی وای لێكردووه‌ 47 ساڵه‌ به‌رده‌وام بێت.

"هه‌لاجی به‌ یه‌كێك له‌پیشه‌ كۆنه‌كانی شاری سلێمانی داده‌نرێت كه‌ ساڵانی رابوردوو پیشه‌یه‌كی باوی نێو خه‌ڵكی بووه‌، به‌ڵام له‌ئێستادا كه‌سانێكی كه‌م هه‌ن ئه‌م پیشه‌یه‌ ده‌كه‌ن، به‌هۆی ئه‌وه‌ى خه‌ڵك زیاتر دۆشه‌ك و كاڵای ئاماده‌كراوی كارگه‌كان ده‌كڕن و دۆشه‌ك و پشتی لۆكه‌و خوری به‌كارناهێنن"، ئه‌مه‌ وته‌ی عه‌بدوڵا سه‌عیده‌ كه‌ كۆنترین هه‌لاجی شاری سلێمانییه‌.

47 ساڵه‌ بەردەوامە

 عه‌بدوڵڵا سه‌عید، ته‌مه‌نی 65 ساڵ، ماوه‌ی 47 ساڵه‌ پیشه‌ی هه‌لاجییه‌، به‌ده‌م  شیكردنه‌وه‌ی خوری و لۆكه‌كانه‌وه‌، بۆ دوارۆژ، باسی له‌وه‌كرد "هه‌لاجی یه‌كێكه‌ له‌ پیشه‌ كۆنه‌كانی شاری سلێمانی كه‌ له‌كاتی چاندن و لێكردنه‌وه‌ی لۆكه‌ ئه‌م پیشه‌یه‌ دروستبووه‌، به‌هۆی نه‌رمونۆڵی لۆكه‌وه‌ خه‌ڵكی بیریان له‌وه‌كردەوه‌ دۆشه‌ك و پشتی لێ دروست بكه‌ن".

ئه‌و پیاوه‌ به‌ته‌مه‌نه‌ باس له‌ چۆنێتی كاره‌كه‌ی ده‌كات و ده‌ڵێت "هه‌لاجی  بریتیه‌ له‌ شیكردنه‌وه‌ی لۆكه‌ له‌رێگه‌ی ئامێری تایبه‌تی خۆیه‌وه‌، له‌پاش ئه‌وه‌ی لۆكه‌كه‌ شیده‌كاته‌وه‌، به‌رگیان بۆ ده‌دورێت و پشتی و دۆشه‌كه‌كه‌ پڕ له‌ لۆكه‌ ده‌كات، بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی حه‌زیان پێی هه‌یه‌و به‌كاریده‌هێنن، یان ئه‌گه‌ر لۆكه‌یه‌ك بۆ ماوه‌ى چه‌ند ساڵێك له‌ناو پشتی دۆشه‌كه‌ بێت، جارێكی تر هه‌لاجی بۆ ده‌كرێته‌وه‌و لۆكه‌كه‌ شیده‌كرێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى وه‌كو  پێشتری لێببێته‌وه‌".

ئه‌و هه‌لاجه‌، باس له‌ جاران ده‌كات و ده‌ڵێت "جاران لۆكه‌ی خۆماڵی هه‌بوو زۆر چاك بوو كه‌ له‌ شاره‌زور به‌رهه‌م ده‌هات، به‌ڵام ئێستا له‌ وڵاتانی تری وه‌ك ئێران و توركیا و ئوردنه‌وه‌ ده‌هێنرێنه‌ ناو كوردستان و ئێمه‌ش ده‌یان كڕین و هه‌لاجی ده‌كه‌ین و دۆشه‌ك و پشتی لێدروست ده‌كه‌ین، به‌ڵام باشترینیان لۆكه‌ی وڵاتی ئێرانه‌".

پیشه‌ى هه‌لاجی به‌ره‌و له‌ناوچون ده‌چێت
مام عه‌بدوڵڵا، باس له‌وه‌ده‌كات جاران خه‌ڵكی زۆر پشتی و دۆشه‌كی لۆكه‌ی به‌كارده‌هێنا و كاری هه‌لاجی زۆر بوو و رۆژانه‌ش كاری زۆرمان ده‌كرد، به‌ڵام له‌ئێستادا هه‌لاجیكردن  زۆر كه‌مبووه‌ته‌وه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ى خه‌ڵكی به‌ زۆری پشتی و دۆشه‌كی ته‌ندروست ده‌كڕن و به‌كاریده‌هێنن، كه‌متر دێن بۆ ئه‌وه‌ى دۆشه‌ك و پشتی لۆكه‌یان بۆ دروست بكه‌م.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كاره‌كه‌ی ناڕه‌حه‌تی زۆری هه‌یه‌، به‌وته‌ی خۆی بژێوی ژیانی له‌سه‌ر ئه‌م كاره‌یه‌، سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی ئاره‌زوو و خۆشه‌ویستی بۆ كاره‌كه‌ی وای لێكردووه‌ تائێستا به‌رده‌وام بێت.

پێداچوونه‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure