وه‌زیری دارایی و شاندێكی هه‌رێم ده‌چنه‌ به‌غدا

هەواڵ / کوردستان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 12280‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی
 
بڕیاروایه‌ سبه‌ی (شه‌ممه‌ 23ی تشرینی دووه‌می2019) شاندێكی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پرسی بودجه‌ی 2020 و راده‌ستكردنی 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌ سۆمۆ، سه‌ردانی به‌غدا بكات. 


سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كه‌ نه‌یویست ناوه‌كه‌ی بڵاوبكرێته‌وه‌ به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: شانده‌كه‌ی هه‌رێم پێكدێن له‌ ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی و ئابووری، ئومێد سه‌باح، سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و خالید شوانی ‏وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا، چه‌ند به‌رپرسێكی تر. 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: شانده‌كه‌ی هه‌رێم له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و وه‌زیری نه‌وت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كۆده‌بنه‌وه‌ كه‌ تیایدا گفتوگۆ له‌سه‌ر پرسی بودجه‌ی 2020ی عێراق و پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌دا ده‌كه‌ن. 

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ روونیشیكرده‌وه‌: ته‌وه‌رێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌ باسكردنه‌ له‌ راده‌ستكردنی 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی هه‌رێم به‌ به‌غدا كه‌ بووه‌ته‌ بابه‌تێكی گه‌رمی نێوان لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان كه‌ مه‌رجه‌ بۆ ناردنی پاره‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌لایه‌ن عێراقه‌وه‌. 

سه‌ردانی ئه‌و شانده‌ی هه‌رێم له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ پێشتر وه‌زیری نه‌وتی عێراق رایگه‌یاندبوو: سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوو شاندێكی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر پرسی بودجه‌ی 2020ی عێراق. 

وه‌زیری نه‌وتی عێراق ئاشكراشی كردبوو: كه‌ له‌ سه‌ره‌تای ساڵی ئاینده‌ حكومه‌تی هه‌رێم رۆژانه‌ 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ رێگه‌ی كۆمپانیای سۆمۆوه‌ راده‌ستی به‌غدا ده‌كات. 

پێداچوونه‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد'



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure