وه‌زاره‌تی كاره‌با له‌سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ی كاره‌بای نیشتمانی رونكردنه‌وه‌ ده‌دات

هەواڵ / کوردستان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 5499‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی

به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی كاره‌با رایده‌گه‌یه‌نێت: به‌هۆی هاتنی وه‌رزی سه‌رماوه‌ خواست له‌سه‌ر كاره‌با زیادیكردووه‌و پێدانی كاره‌بای نیشتمانی كه‌مبووه‌ته‌وه‌.  


ئومێد ئه‌حمه‌د، به‌ڕیوه‌به‌ری گشتی كۆنتڕۆڵی كاره‌بای هه‌رێم (ئه‌مڕۆ هه‌ینی 22ی تشرینی دووه‌می2019) به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: تاكو 15ی ئه‌م مانگه‌ رۆژانه‌ 20 كاتژمێر كاره‌بای نیشتمانی دراوه‌ته‌ هاووڵاتیان، به‌ڵام به‌هۆی هاتنی وه‌رزی سه‌رما، خواست له‌سه‌ر كاره‌با زیادیكردووه‌. 

وتیشی "كه‌مبوونه‌وه‌ی پێدانی كاتژمێره‌كانی كاره‌با بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ كه‌ خه‌ڵك بۆ ئامێره‌ گه‌رمكه‌ره‌وه‌كان كاره‌بای زۆر به‌كاردێنێت، ئه‌مه‌ وایكردووه‌ له‌ پارێزگاكانی هه‌رێم كاره‌با كه‌مبێته‌وه‌".  

روونیشیكرده‌وه‌: پێویسته‌ حكومه‌ت نه‌وت دابه‌ش بكات، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك نه‌وت بۆ خۆگه‌رمكردنه‌وه‌ به‌كاربێنێت و ئه‌و فشاره‌ی له‌سه‌ر وێستگه‌كانی كاره‌با هه‌یه‌ كه‌مبێته‌وه‌ تاكو پێدانی كاره‌با زیاد بكرێت. 

له‌باره‌ی كێشه‌ی كه‌مبوونه‌وه‌ی كاتژمێره‌كانی كاره‌باشه‌وه‌، به‌رپرسه‌ی وه‌زاره‌تی كاره‌با ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: كاره‌بای نیشتمانی به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌مبووه‌ته‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌ پارێزگای سلێمانی، هۆكاره‌كه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ هاووڵاتیان له‌م وه‌رزه‌دا كاره‌با زۆر به‌كاردێنن و وه‌ك پێویستیش حكومه‌ت نه‌وت دابه‌ش ناكات، بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌و به‌ڵێنه‌ی پێشتر دراوه‌ بۆ دابه‌شكردنی نه‌وت له‌ ئێستادا جێبه‌جێ بكرێت، گه‌رنا دۆخی كاره‌با وه‌ك ساڵانی رابوردوو ده‌بێت و كاره‌بای نیشتمانی كه‌مده‌بێته‌وه‌ كه‌ له‌ئێستا به‌هۆی وه‌رزی سه‌رماوه‌  هه‌زارو 200 مێگاوات خواست له‌سه‌ر كاره‌با زیادیكردووه‌. 

سه‌باره‌ت به‌ چاسه‌ری ئه‌م كێشه‌یه‌ش ناوبراو وتی "هه‌ندێك  ئیجرائات كراوه‌، به‌ڵام تائێستا یه‌كلایی نه‌بووه‌ته‌وه‌و پێویستی به‌ كات و باری دارایی هه‌یه‌".  

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure