وه‌زیری نه‌وت: هه‌رێم له‌ 2020دا نه‌وت راده‌ستی به‌غدا ده‌كات

هەواڵ / عێراق :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 31385‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

وه‌زیری نه‌وتی عێراق رایگه‌یاند: هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ره‌تای 2020دا رۆژانه‌ 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستی حكومه‌تی فیدراڵی ده‌كات.


سامر غه‌زبان، وه‌زیری نه‌وتی عێراق له‌ چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌فزیۆنیدا: هه‌رێمی كوردستان له‌ رێگه‌ی بۆری نه‌وتی جیهانی توركییه‌وه‌ نه‌وت راده‌ستی كۆمپانیای سۆمۆ ده‌كات.

به‌وپێیه‌ بێت حكومه‌تی عێراق له‌ ساڵی 2020یشدا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ ناردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان هاوشێوه‌ی ساڵی 2019.

وه‌زیری نه‌وتی عێراق باسی له‌وه‌شكرد: حكومه‌تی هه‌رێم مانگی رابوردوو رۆژانه‌ 440 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی به‌رهه‌مهێناوه‌.

وتیشی "له‌ بودجه‌ی 2019ی حكومه‌تی عێراق، هه‌رێمی كوردستان رێككه‌وتبوو له‌سه‌ر راده‌ستكردنی 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه‌ به‌ حكومه‌تی عێراقی، له‌به‌رامبه‌ر ناردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و هه‌ردوولا پابه‌ندكرابوون به‌ رێككه‌وتنه‌كه‌، به‌ڵام هه‌رێم هیچ بڕه‌ نه‌وتێكی راده‌ستنه‌كرد".

غه‌زبان باسی له‌وه‌شكرد: بڕیاروایه‌ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 24ی تشرینی دووه‌می 2019، شاندێكی هه‌رێمی كوردستان بۆ تاووتوێكردنی پرسی بودجه‌ سه‌ردانی به‌غدا بكات.

ئا: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure