داواكارییه‌ك لە وه‌زاره‌تی داراییه‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 18939‌ جار بینراوە

دواڕۆژ،  راپۆرتى عیسا عه‌بدولقه‌هار

حكومه‌تى هه‌رێم 700 ملیار دینارى لاى بازرگان و به‌ڵێنده‌رانه‌، به‌ڵام تائێستا ئه‌و پاره‌یه‌ى له‌و كه‌سانه‌ وه‌رنه‌گرتووه‌ته‌وه‌، وه‌زاره‌تى دارایى-ش داوای له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كردووه‌ قه‌رزه‌كان وه‌ربگرێته‌وه‌، پسپۆڕێكی ئابووریش ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر حكومه‌ت به‌شێوه‌ى رێكوپێك داهات كۆبكاته‌وه‌، ئه‌وا مانگانه‌ ده‌تواندرێت له‌كاتى خۆیدا مووچه‌ دابه‌شبكات، هه‌روه‌ها ده‌توانێت مووچه‌ى مانگه‌كانى 10 و 11و 12ى 2019ش بدات".


پێش قه‌یرانى دارایى، حكومه‌تى هه‌رێم بڕى 721 ملیار دینار قه‌رزى داوه‌ته‌ دوو هه‌زارو 774 بازرگان و وه‌به‌رهێن و به‌ڵێنده‌ر له‌ پارێزگاكانى هه‌رێم، به‌شێوه‌ى قه‌رزى مه‌كشوف و نه‌قدى، به‌ڵام دواى تێپه‌ڕبوونى سێ مانگ به‌سه‌ر ئه‌و واده‌یه‌ى كه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى قه‌رزه‌كان دیاریكرابوو، تائێستا ته‌نیا 21 ملیار دینار بۆ حكومه‌ت گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ، وه‌زاره‌تى دارایى له‌ 24ى تشرینى یه‌كه‌مى 2019 ئه‌وه‌ى رونكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ داوایان له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كردووه‌ قه‌رزه‌كان وه‌ربگرێته‌وه‌.

ئه‌و قه‌رزانه‌، قه‌رزى بانكه‌ بازرگانییه‌كانن كه‌ قه‌رزه‌كه‌ به‌شێوه‌ى (سوو) دراوه‌ به‌ هاووڵاتیان و كۆمپانیاكان، به‌ڵام نه‌ قه‌رزه‌كه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌و نه‌ ئه‌و موڵكانه‌شى كه‌ وه‌كو (ره‌هن) له‌به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنى قه‌رزه‌كه‌ دانراوه‌، فرۆشراوه‌.

له‌ نووسراوه‌كه‌دا، وه‌زاره‌تى دارایى ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه‌: به‌پێى رێنمایى دارایى ژماره‌ 2ى ساڵى 2019، شه‌ش مانگ مۆڵه‌ت دراوه‌ كه‌ قه‌رزه‌كان به‌شێوه‌ى كاش یاخود به‌ چه‌كى بانكى بگه‌ڕێننه‌وه‌، به‌ڵام پابه‌ندنه‌بوونه‌ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى قه‌رزه‌كان، بۆیه‌ نووسراو كراوه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بۆ وه‌رگرتنى دوایین رێنمایى و رێككارى یاسایى دژى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ قه‌رزه‌كانیان نه‌گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌.

بۆ وه‌رگرتنى رێككارى یاسایى، وه‌زاره‌تى دارایى داوایكردووه‌ به‌پێى یاساى ژماره‌ 65ى ساڵى 1977 و یاساى ژماره‌ 45ى ساڵى 1980 مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ بكرێت كه‌ قه‌رزه‌كانیان نه‌گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌و هه‌ردوو یاساكه‌ش جه‌خت له‌سه‌ر فرۆشتنى ئه‌و موڵكانه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ (ره‌هن) كراو له‌به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنى قه‌رزه‌كان.

له‌ 5ى تشرینى یه‌كه‌مى 2019، دواڕۆژ بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ قه‌رزه‌كان له‌سه‌ر ئاستى پارێزگاكان به‌مشێوه‌یه‌ دابه‌شبووه‌:

- 447 ملیار دینار له‌ هه‌ولێر وه‌رگیراوه‌ به‌ سودى 11%.

- 267 ملیار له‌ سلێمانى وه‌رگیراوه‌ به‌ سودى 3% بۆ 8% به‌شێوه‌ى قه‌رزى نه‌قدى

- حه‌وت ملیار دینار له‌ دهۆك وه‌رگیراوه‌ به‌ سودى 11%.

له‌باره‌ى نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ى قه‌زره‌كان، ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ده‌سپاكى هه‌رێم به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ئه‌و بابه‌ته‌ نه‌هاتووه‌ته‌وه‌ ده‌سته‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌و هیچ كه‌سێكیش له‌ په‌رله‌مانتاران و هاووڵاتیان دژى نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ى قه‌رزه‌كه‌ كه‌ موڵگى گشتییه‌، سكاڵایان تۆمارنه‌كردووه‌، به‌ڵام پێده‌چێت ئه‌و قه‌رزانه‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكان (مقایس)ه‌ بكرێت، چونكه‌ كۆمپانیاكان و به‌ڵێنده‌ران و بازرگانانیش قه‌رزیان لاى حكومه‌ته‌.

هاوكات شیرین ئه‌مین، سه‌رۆكى لێژنه‌ى ده‌سپاكى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌سه‌ر نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ى قه‌رزه‌كه‌، به‌دواداچوون ده‌كه‌ن و ده‌بێت حكومه‌ت له‌و دۆخه‌دا په‌له‌ بكات له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى قه‌رزه‌كان.

حكومه‌تى هه‌رێم بۆ دابه‌شكردنى مووچه‌ى مانگێكى فه‌رمانبه‌ران، پێویستى به‌ 881 ملیار دینار هه‌یه‌، به‌مه‌ش ئه‌گه‌ر ئه‌و پاره‌یه‌ بگه‌ڕێندرێته‌وه‌، ئه‌وا ده‌تواندرێت له‌گه‌ڵ به‌شێكى داهاتى ناوخۆ، مووچه‌ى مانگێكى فه‌رمانبه‌ران به‌بێ دواكه‌وتن دابه‌شبكرێت.

ئه‌نوه‌ر كه‌ریم، پسپۆڕى ئابوورى به‌ دواڕۆژى وت: "كێشه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم، كه‌مى داهات نییه‌، به‌ڵكو خراپ مامه‌ڵه‌كردنه‌ له‌گه‌ڵ كۆكردنه‌وه‌ى داهات، ئه‌گه‌ر حكومه‌تى هه‌رێم به‌شێوه‌یه‌كى رێكوپێك داهات كۆبكاته‌وه‌، ئه‌وا جگه‌ له‌وه‌ى هیچ كێشه‌یه‌كى نابێت و مانگانه‌ش ده‌تواندرێت له‌كاتى خۆیدا مووچه‌ دابه‌شبكات، هه‌روه‌ها ده‌توانێت مووچه‌ى مانگه‌كانى 10 و 11و 12ى 2019_ش به‌ مووچه‌خۆران بدات".

وتیشى "ئه‌گه‌ر به‌ باشى داهات كۆبكرێته‌وه‌، ئه‌وا حكومه‌تى هه‌رێم مانگانه‌ ملیارێك و 600 ملیۆن دینار داهاتى ده‌بێت، به‌ڵام نه‌ داهات به‌ باشى كۆده‌كرێته‌وه‌و نه‌ زۆربه‌ى داهاته‌كانیش بۆ وه‌زاره‌تى دارایى ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ نه‌تواندرێت به‌ جوانى ئیداره‌ى داهاتى هه‌رێم بكرێت".

له‌باره‌ى نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ى قه‌رزه‌كان، دواڕۆژ په‌یوه‌ندى به‌ جوتیار عادل وته‌بێژى حكومه‌تى هه‌رێم كرد، به‌ڵام ئاماده‌نه‌بوون له‌وباره‌یه‌وه‌ لێدوان بدات.

پێداچوونه‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure