فاروقی مەلا مستەفا… پیاوێک لە دانایی

هەواڵ / چاوی تۆ :: 22/11/2019‌ :: 2370‌ جار بینراوە

دڵشاد مسته‌فا

هەندێک لە هاوڕێکانم کە لە کۆمپانیا و دەزگاکانی کاک فاروقدا کاریان دەکرد زۆرجار باسی جیاوازییەکانی ئەم پیاوەیان دەکرد. هەندێک لە سیاسەتمەدارە کوردەکانیش لە نزیکەوە گوێبیست بووم بە تێکۆشەر و سەرمایەدارێکی نیشتمانی ناویان دەبرد. هەڵبەتە نەیارەکانیشی بەشی خۆیان تانوت و قسە هەبوو. بۆ من کە تا رادەیەک بە وردی مێژووی حیزبی شیوعی عێراقم لە زۆر سەرچاوەوە خوێندۆتەوە بە حوکمی ئەوەی هاوڕێ نزیکەکانم پێش ڕاپەڕین ئەندامی ئەو حیزبە بوون، منیش نزیکایەتییەکم بۆ دروستبوو. لەو لاپەڕانەدا زۆرجار ناوی کاک فاروقم بینیوە، لە بایۆگرافی سیاسییە کوردەکانیشدا بەهەمانشێوە، بەڵام هیچ کات ڕێکنەکەوتووە لە نزیکەوە گوێ لەخۆی بگرم یان مامەڵەیەکی نزیکی لەگەڵ بکەم.

چلەی پرۆفیسۆری نەمر عزالدین مستەفا رەسول دەرفەتێک بوو بۆ ناسینی ئەم پیاوە لە نزیکەوە. هەڵبەتە هاوڕێکانم کاک (عەبدوللا حەسەن و کاک ئەحمەد مەحمود) پێشنیاری ئەوەیان کردبوو کە من مەراسیمی چلەکە بەرم بەڕێوە، بە حوکمی ئەوەی ئەزموونی پێشترم لەو بوارەدا هەبووەو تاڕادەیەک سەرکەوتوو بووە.

ئەوەی لەم دەرفەتە کورتەدا دەمەوێت دەربارەی ئەو پیاوە بیدرکێنم، دڵبەندیمە بەڕەفتار و خاکەڕایی و دانایی و زرنگی، سانا نییە لەنێو سەدان ڕستەدا، هەڵەی زمان و هەڵەی مێژوو و هەڵەی گوزارشتی فیکری لەیەکەم بەرکەوتندا بدۆزیتەوە. ئاسان نییە بتوانیت لەگەڵ سەرقاڵییە زۆرەکانی خۆتدا، مەراقی کار و شار، هێشتا ساتێکت هەبێت بۆ دڵدانەوەی ئەو تیمەی کارت لەگەڵ دەکەن و جارجارە بە یادێکی شیرین، سەربوردەیەک لە نێو مێژووەوە خەندە بخەیتە سەرلێوی هەمووان. هاوڕێیان ئەو پیاوە سەیر سەرنجت بۆ لای خۆی دەبات، گەنجینەیەکە لە دانایی، هۆشیار و خوێندەوار. هێشتا لەگەڵ تێزەکانی بیری پێشکەوتنخوازی مامەڵە دەکات و وەک پێوانەیەک بۆ هەڵسەنگاندن کاری پێدەکات. لامسەلایی ڕا دەرنابڕێت، توانای کەس پشتگوێ ناخات، لە بڕیارە قورسەکانیشدا سەرپشکت دەکات. بۆیە بەشێک لەو سەرکەوتنانەی لە بواری ئابوریشدا بەدی هێناون دەگەڕێتەوە بۆ سەلیقە و ئەزموون، بۆ قاڵبوون لەنێو تاڵییەکانی ژیاندا، لە خۆڵەمێشی سیاسەتەوە جارێکی دی هەستاوەتەوەو دنیایەکی بونیاد ناوە لەڕاژەی شارەکەی کە بۆ ئەو هەرمێکەی دڵە و بۆ کوردستان کە وەک فردەوس تاماشای دەکات. لە سەرەتای کتێبی بیرەوەرییەکانیشدا کە یەکێکە لەدەستکەوتەکانی ناسینی کاک فاروق، زۆر کەسایەتی باسیان لە ئازایەتی و وریایی و دڵسۆزی و هەژار دۆستی و بەخشەندەیی ئەم پیاوە کردوە، رەنگە گەر دەرفەتی ناسینی خۆیم لە نزیک نەبوایە، وام لەقەڵەم بدایە کە ئەو دۆستانە (لەگەڵ ئەوەی کەسایەتی گرنگن و پێویستان بە پیاهەڵدانی نادروست نییە) بڕێک زیادەرۆییان لە خۆشویستنیدا کردوە، وەلێ کە لە نزیکەوە بەر ئەو کاراکتەرە کەوتم، شاهێدی دەدەم کە هێشتا زۆر شتی تر ماوە دەبێت دەربارەی بوترێت.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure