به‌غدا رێگه‌نادات دووهه‌زار ئاواره‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌

هەواڵ / عێراق :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 119‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 
تاوه‌كو ئێستا دوو هه‌زار خێزانی ئاواره‌ى دانیشتووی سه‌عدییه‌ ماوه‌ی پێنج ساڵه‌ ئاواره‌ی شاری خانه‌قنینن نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ و زێدی خۆیان و هه‌رچه‌نده‌ داوای گه‌ڕانه‌وه‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام حكومه‌تى ناوه‌ندى ره‌زامه‌ند نییه‌ .

ئه‌حمه‌د زه‌رگوشی به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی سه‌عدیه‌ به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند؛ له‌شه‌ڕی داعش له‌ ساڵی 2014 ته‌واو دانیشتوانی ناحیه‌ی سه‌عدیه‌ی سه‌ر به‌ قه‌زای خانه‌قین ئاواره‌بوون و به‌شێكی زۆری ئه‌و ئاوارانه‌ش ڕوویان له‌ گه‌رمیان و خانه‌قین كرد. 
وتیشی:" له‌ دوای ئازادكردنی ناوچه‌كه‌ به‌شێكی زۆر هاووڵاتیان گه‌ڕانه‌وه‌، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا دوو هه‌زار خێزان له‌ ئاواره‌ییدا ماونه‌ته‌وه‌ زۆربه‌یان له‌ كه‌مپه‌كانی خانه‌قینن و به‌شێكی كه‌میشیان له‌ كه‌مپه‌كانی گه‌رمیانن .

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، هه‌رچه‌نده‌ مامه‌ڵه‌ی نزیكه‌ی 900 خێزانی دیكه‌یان ته‌واو كرد و ره‌زامه‌ندی پارێزگاری دیاله‌ و چه‌ند لایه‌نێكی دیكه‌شی بۆ وه‌رگیرا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئاوارانه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌، به‌ڵام دوای تێپه‌ربوونی یه‌ك ساڵ هێشتا ڕێگانادرێت و ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌ و تاوه‌كو ئه‌و ده‌زگایانه‌ كه‌ نزیكه‌ی شه‌ش ده‌زگا ده‌بن ره‌زامه‌ند نابن ‌و رێگه‌ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌یان نادرێت. 
خه‌له‌ف ئه‌حمه‌د دانیشتووی سه‌عدییه‌ كه‌ ئاواره‌ی خانه‌قینه‌ به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند؛ ماوه‌ی پێنج ساڵه‌ له‌ ئاواره‌ییدا ژیان به‌سه‌رده‌بن و تاوه‌كو ئێستا چه‌ندینجار هه‌وڵی گه‌ڕانه‌وه‌یان داوه‌، به‌ڵام ڕێگه‌یان پێنادرێت و ئه‌مه‌ش دۆخێكی ناخۆشی لای ئاواره‌كان دروستكردووه‌ چونكه‌ هه‌موان ده‌یانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ زێدی خۆیان. 
وتیشی:"هه‌موو جارێك له‌ باره‌ی دواكه‌وتنی مامه‌ڵه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌یان ته‌نها ئه‌وه‌ ده‌ڵێن كه‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كان لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌كه‌ن و مه‌به‌ستیانه‌ رێگه‌ به‌و كه‌سانه‌ نه‌ده‌ن كه‌ هاوكاری گروپه‌ چه‌كداره‌كان بوون یان داواكراون و دۆسیه‌ی ئه‌منییان هه‌یه‌ و ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ نزیكه‌ی یه‌ك ساڵه‌ هیچ ئاواره‌یه‌ك نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ پرۆسه‌كه‌ به‌ ته‌واوی وه‌ستاوه‌.
 پێداچوونه‌وه‌:هـ.ق




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure