كۆمكاری زیندانیانی سیاسی هۆشداری دەدەنە پەرلەمان و حكومەتی هەرێم

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 128‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

ناوەندی سلێمانی كۆمكاری زیندانیانی سیاسی داوا لەپەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن داواكارییەكانیان جێبەجێ بكەن، ئەگەرنا ئەو خەڵكە زەحمەتكێشەی كە ئەشكەنجە دراوە بۆ ئەم رۆژە، رازی نابێت بێ وەڵام بێت و هیوادارین ئەم پەیامەیان دوا پەیام بێت.


بەهادین عەزیز، بەرپرسی ناوەندی سلێمانی كۆمكاری زیندانییانی سیاسی كوردستان ئەمڕۆ لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لەمانگی ئەیلول و تشرینی یەكەمدا دوو یاداشتیان ئاڕاستەی پەرلەمان و حكومەتی هەرێم كردووە و ئەمڕۆش ئاگادارییەكی دیكەیان ئاڕاستە دەكەن تا بەجددی بێنە پێشەوە بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان.

ناوبراو روونیكردەوە: ئەو دۆخەی ئێستا لەعێراق هەیە نایانەوێت لەكوردستان رووبدات، بەڵام بێگومان ئەو خەڵكە زەحمەتكێشەی كە ئەشكەنجە دراوە بۆ ئەم رۆژە، رازی نابێت بێ وەڵام بێت و هیوادارین ئەم پەیامەیان دوا پەیام بێت، پەرلەمانی كوردستان و لیژنەی شەهیدان و سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئەم یاداشتە وەربگرن و ماف و ئیمیتازاتی زیندانیانی سیاسی جێبەجێ بكەن.

بەهادین عەزیز ئاماژەی بەوەكرد: لەحكومەتی عێراق ماف و ئیمتیازاتی سیاسی سێ هێندەی كوردستان بەیاسا دیاریكراوە، ئەوان بەم (یەك لەسەر سێیەش) رازیبوون،  داواكارن ئەو 5 هەزار و 156 كەسەی كە ئێستا سوودمەندن لەو ماف و ئیمتیازاتە بەردەوام بێت و یاساكەش وەك عێراقی لێبكرێت و تا 25 ساڵ بەردەوام بێت، ئەو وەجبانەشی كە پشتڕاستكراونەتەوە و حەوت ساڵە چاوەڕوانن ماف و ئیمتیازاتیان پێبگات كە پەیوەندی بەحكومەتی هەرێمی كوردستانەوە هەیە.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure