بۆ رێگریكردن له‌ دیارده‌ى سواڵكردن له‌ سلێمانى رێکارى توند ده‌گیرێته‌به‌ر

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 103‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال

قایمقامیەتی سلێمانی بە هاوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکان رێکارەکانی رێگریكردن له‌ دیارده‌ى سواڵكردن توندتر ده‌كاته‌وه‌ و قایمقامى سلێمانیش ده‌ڵێت: "بۆ رێگریكردن له‌م دیارده‌یه‌ پێویسته‌ هه‌موولایه‌ك هاوكار و هه‌ماهه‌نگ بن و هه‌نگاوى كردارى بنرێت".


به‌ ئامانجى كه‌مكردنه‌وه‌ و رێگریكردن له‌ دیارده‌ى سواڵكردن و دانانى سنوورێك له‌ به‌رده‌م دیارده‌كه‌دا، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 21ی تشرینى دووه‌مى 2019 له‌ دیوانى قایمقامیه‌تى سلێمانى كۆبوونه‌وه‌یه‌كى فراوان به‌ڕێوه‌چوو. 

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ به‌ ئاماده‌بوونى نوێنه‌رى دادگا و داواكارى گشتى  سلێمانى و پۆلیس و ئاسایش و نوێنه‌رى رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى و زۆربه‌ى لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و ئه‌ندامانى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ڕێوه‌چوو، ئاوات محه‌مه‌د قایمقامى سلێمانى رایگه‌یاند: سواڵكردن له‌ هه‌رێمى كوردستان بووه‌ته‌ دیارده‌یه‌كى گه‌وره‌ و پێویستى به‌ هه‌وڵ و هه‌نگاوى جددییه‌ بۆ رێگریكردن لێى.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا: "زیاتر 90%ى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ له‌ سلێمانى سواڵ ده‌كه‌ن خه‌ڵكى سلێمانى نین، به‌ڵكو زۆربه‌یان به‌ ره‌گه‌ز عه‌ره‌بن و خه‌ڵكى وڵاتانى ده‌وروبه‌ریشن".

ئاوات محه‌مه‌د، باسى له‌وه‌شكرد: "له‌ماوه‌ى چه‌ند ساڵى رابوردوودا له‌ سلێمانى هه‌نگاوى گرنگ و پێویست نراوه‌ بۆ رێگریكردن له‌ دیارده‌ى سواڵكردن و قایمقامیه‌تى سلێمانى له‌ رێگه‌ى لیژنه‌یه‌كى تایبه‌ته‌وه‌ به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵى چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و گرفته‌دایه‌ كه‌ ئێستا بووه‌ته‌ دیارده‌ و كێشه‌یه‌كى گه‌وره‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان".

بۆ رێگریكردن له‌ دیارده‌كه‌ و دانانى سنوورێك له‌ به‌رده‌م ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ سواڵ ده‌كه‌ن  قایمقامى سلێمانى، رایگه‌یاند: ئه‌ركى هه‌موو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌ هاوكار و هه‌ماهه‌نگ بن و پێكه‌وه‌ كاربكه‌ین بۆ نه‌هێشتن و كه‌مكردنه‌وه‌ى ئه‌و دیارده‌یه‌، چونكه‌ به‌پێى ئه‌و به‌دواداچوونانه‌ى كه‌ كراوه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ له‌پشت دیارده‌كه‌وه‌  تاوانى تر ئه‌نجام ده‌درێت كه‌ كاریگه‌رى مه‌ترسیدارى ده‌بێت له‌سه‌ر لێكترازانى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌ هه‌رێمى كوردستان.

پاش تاوتوێكردنى دیارده‌كه‌ له‌ لایه‌ن به‌شداربوانى كۆبوونه‌وه‌كه‌وه‌ هه‌مووان گه‌یشتنه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ى كه‌ چاره‌سه‌ركردن و رێگریكردن له‌ ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى زیاترى دیارده‌كه‌ پێویستى به‌ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى هه‌موو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌ و له‌سه‌روو هه‌مووشیانه‌وه‌ په‌رله‌مان و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئه‌ركیانه‌ له‌ ئاستى باڵادا كاربكه‌ن بۆ رێگریكردن له‌ دیارده‌ى سواڵكردن و دانانى سنوورێك له‌ به‌رده‌م دیارده‌كه‌دا له‌ هه‌رێمى كوردستان.

هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیاردرا بۆ رێگریكردن له‌ دیارده‌كه‌ له‌ سلێمانى له‌ زووترین كاتدا ئه‌م هه‌نگاوانه‌ بگیرێنه‌به‌ر:

1. هه‌ڵمه‌تێكى هۆشیارى  گشتى رێكبخرێت به‌تایبه‌ت له‌ رێگه‌ى میدیا و مزگه‌وته‌كانه‌وه‌ هاووڵاتیان له‌ مه‌ترسییه‌كانى پشت دیارده‌كه‌ ئاگاداربكرێنه‌وه‌.

2. هێزه‌ ئه‌منییه‌كانى سلێمانى به‌ هاوكارى لایه‌نه‌په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ چه‌ند رۆژى ئاینده‌دا هه‌ڵمه‌تێكى فراوان رێكده‌خه‌ن بۆ رێگرى  له‌ دیارده‌كه‌.

3. یاسا به‌ركاره‌كانى تایبه‌ت به‌ رێگریكردن له‌ دیارده‌ى سواڵكردن كاراتر بكرێنه‌وه‌ و له‌م رووه‌وه‌ دادگاكان و داواكارى گشتى رۆڵى گرنگى خۆى ببینێت.

4. له‌ رێگه‌ى لیژنه‌هاوبه‌شه‌كانى قایمقامیه‌تى سلێمانى و لایه‌نه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ به‌دواداچوون بكرێت بۆ شوێنى مانه‌وه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ سواڵ ده‌كه‌ن.

5. به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك رێگرى بكرێت له‌ بازرگانیكردن به‌و كه‌سانه‌ى كه‌ سواڵ ده‌كه‌ن به‌ تایبه‌تى منداڵان.

6. رێگرى له‌و كه‌سانه‌ بكرێت كه‌ له‌ ترافیكه‌كان شت ده‌فرۆشن و له‌پشت ئه‌وه‌وه‌ سواڵ ده‌كه‌ن.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure