جیهان به‌كورتى: كوڕێك ده‌ستگیرانه‌كه‌ى ده‌كوژێت و ته‌رمه‌كه‌ى ده‌سوتێنێت

هەواڵ / جیهان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 13860‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ

ئه‌لحورڕه‌ – كوڕێك ده‌ستگیرانه‌كه‌ى ده‌كوژێت و ته‌رمه‌كه‌ى ده‌سوتێنێت
كوڕێكى ئه‌مریكى له‌ ده‌ستگیرانه‌كه‌ى ده‌دات تا گیانى ده‌رده‌چێت و دواتر ته‌رمه‌كه‌ى ده‌سوتێنێت.
رووداوه‌كه‌ له‌ ویلایه‌تى كۆلۆرادۆ له‌ ئه‌مریكا روویداوه‌، كوڕه‌كه‌ ناوى پاتریك فرازییه‌ و ته‌مه‌نى 33 ساڵه‌، كیلسى مارى كه‌ ته‌مه‌نى 22 ساڵه‌ ده‌ستگیرانى بووه‌ و منداڵێكیشى هه‌بووه‌ لێى، پاتریك به‌ لێدان كیلسى ده‌ستگیرانى كوشتووه‌ و دواتر ته‌رمه‌كه‌ى سووتاندووه‌ بۆئه‌وه‌ى تاوانه‌كه‌ى بشارێته‌وه‌.
له‌ دادگاى كۆلۆرادۆ به‌ هه‌ردوو تۆمه‌تى كوشتن و سوكایه‌تیكردن به‌ ته‌رمى مرۆڤ تۆمه‌تباربووه‌ و به‌ بڕیارى دادوه‌ر سزاى زیندانى تا مردنى به‌سه‌ردا درا.


ئه‌لنه‌هار – جۆن ئاسڵبۆرن وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى لۆكسمبۆرگ رایگه‌یاند: "پێویسته‌ یه‌كێتى ئه‌وروپا دان به‌ ده‌وڵه‌تى فه‌ڵه‌ستیندا بنێت، دواى ئه‌وه‌ى ئه‌مریكا پشتیوانى خۆى بۆ جێگیربوونى ئیسرائیل له‌ رۆژئاواى ئه‌و وڵاته‌ ده‌ربڕى".


دیموكراسى ناو – پۆلیس و هێزه‌كانى سوپاى بۆلیڤیا پێنج خۆپیشانده‌ر ده‌كوژن و ده‌یان خۆپیشانده‌رى دیكه‌ش بریندارده‌كه‌ن، كه‌ پشتیوانى ئیڤۆ مۆرالێس سه‌رۆكى پێشووى بۆلیڤیا ده‌كه‌ن و داواده‌كه‌ن ده‌سه‌ڵات بگرێته‌وه‌ده‌ست.


جه‌ى ئێن ئێس – گه‌وره‌ترین پارتى سوید داواى قه‌ده‌غه‌كردنى خه‌ته‌نه‌كردن ده‌كات و داواده‌كات هه‌مووان ده‌نگى له‌سه‌ر بده‌ن، به‌ڵام جوله‌كه‌ و موسوڵمانه‌كانى دانیشتووى سوید به‌توندى دژى ئه‌و پرۆژه‌یه‌ وه‌ستاونه‌ته‌وه‌ و رێگرى لێده‌كه‌ن.


ئیندیپێنده‌نت – ئه‌و گه‌نجه‌ بریتانییه‌ى تۆمه‌تباربوو به‌وه‌ى ئینتیماى بۆ نازییه‌ نوێیه‌كان هه‌بووبێت و پیلانى هێرشى تیرۆریستى بۆسه‌ر په‌رستگایه‌كى جوله‌كه‌كان له‌ بریتانیا داڕشتبێت و بڕواى وابوو "جه‌نگى نه‌ژادى" به‌ڕێوه‌یه‌، له‌ دادگاى بریتانیا دانى به‌ تاوانه‌كه‌یدا نا.


وه‌كاله‌ عه‌هد نیوز – ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 21ى تشرینى دووه‌مى 2019 وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌ڵمانیا رایگه‌یاند: "له‌ ناوه‌ڕاستى مانگى ئه‌یلولى ئه‌مساڵه‌وه‌ توركیا ئه‌و پارێزه‌ره‌ توركه‌ى ده‌ستگیركردووه‌ كه‌ كار بۆ باڵیۆزخانه‌ى ئه‌ڵمانیا له‌ ئه‌نقه‌ره‌ ده‌كات".


وه‌كاله‌ عه‌هد نیوز – (رۆژى چوارشه‌ممه‌ 20ى تشرینى دووه‌مى 2019) هێزه‌كانى ستراتیجى هیندستان، دوو مووشه‌كیان تاقیكرده‌وه‌ كه‌ تواناى هه‌ڵگرتنى كڵاوه‌ى ئه‌تۆمییان هه‌یه‌ و سه‌ركه‌وتووبوون.


سه‌دا ئه‌لبه‌له‌د – له‌ زۆرێك له‌ شاره‌كانى جه‌زائیر خۆپیشاندان دژى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تى كه‌ بڕیاره‌ له‌ به‌روارى 12ى كانوونى یه‌كه‌م به‌ڕێوه‌بچێت ئه‌نجامدرا، به‌هۆى ئه‌وه‌ى هه‌موو كاندیده‌كان پێشتر له‌ حكومه‌تدابوون و كه‌سى نوێى تێدانییه‌.


ئه‌لنه‌هار – كوڕى ریچارد ڤۆن وایزیكه‌ر سه‌رۆكى پێشووترى ئه‌ڵمانیا، به‌هۆكارێكى نادیار له‌ به‌رلینى پایته‌ختى بریتانیا به‌ چه‌قۆ هێرشى كرایه‌سه‌ر و كوژرا.

ئه‌خبار ئه‌لئان – دوو وه‌زیرى پێشووى لوبنان كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان له‌ خولێكدا وه‌زیرى په‌یوه‌ندییه‌كان بوون، رووبه‌ڕووى تۆمه‌تى گه‌نده‌ڵى كراونه‌ته‌وه‌ و دادگایى ده‌كرێن.


میدڵ ئیست مۆنیته‌ر – عه‌لى شه‌مخانى سكرتێرى باڵاى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى ئێران رایگه‌یاند: "داوا له‌ هه‌موو وڵاتانى موسوڵمان ده‌كه‌ین، فشار بخه‌نه‌سه‌ر سه‌ركردایه‌تى سعودیه‌ بۆ ئه‌وه‌ى جینۆساید دژى خه‌ڵكى یه‌مه‌ن رابگرێت".


وه‌رگێڕانى: هونه‌ر كه‌مال
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure