گۆڕان لیژنەی لێکۆڵینەوەی بۆ ئەم کەسانە پێکهێناوە

هەواڵ / کوردستان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 316‌ جار بینراوە

تاگ :: گۆڕان

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال

سكرتێرى جڤاتى نیشتمانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ئاشكراى ده‌كات: دوو لیژنه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌یان بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ پێكهێناوه‌ كه‌ له‌ رێگه‌ى بزوتنه‌وه‌كه‌یانه‌وه‌ پۆستى گشتیان وه‌رگرتووه‌، ده‌شڵێت: "هه‌ر كه‌سێكمان له گه‌نده‌ڵى تێوه‌گلابێت ده‌یده‌ینه‌ ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى و چاودێرى دارایى".

 
عه‌دنان عوسمان، سكرتێرى جڤاتى نیشتمانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان (ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 21ى تشرینى دووه‌مى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: جڤاتى نیشتمانى دوو لیژنه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ى بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ پێكهێناوه‌ كه‌ له‌ رێگه‌ى گۆڕانه‌وه‌ پۆستى گشتیان وه‌رگرتووه‌ و ئه‌و لیژنانه‌ش له‌لایه‌ن ژووره‌كانى (په‌رله‌مان و حكومه‌ت و په‌یجوریى و به‌دواداچوون) سه‌رپه‌رشتى ده‌كرێن.

وتیشى: "كارى ئه‌و لیژنانه‌ وردبینیكردن و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ له‌و كه‌سانه‌ى پێشتر و ئێستاش پۆستى گشتیان له‌ رێگه‌ى گۆڕانه‌وه‌ له‌ هه‌رێم و عێراق وه‌رگرتووه‌، ئه‌مه‌ش تۆمه‌ت به‌خشینه‌وه‌ نیه‌ و وردبینى كردنه‌".

عه‌دنان عوسمان، ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا: لیژنه‌یه‌كى هه‌میشه‌ییشمان پێكهێناوه‌ بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنى به‌رده‌وامى نوێنه‌ره‌كانمان له‌ حكومه‌ت، ئێمه‌ هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌ین به‌پێى ئه‌و راپۆرتانه‌ى پێمان ده‌گات.

جه‌ختیشیكرده‌وه‌: ئه‌گه‌ر هه‌ست بكه‌ین كه‌موكوڕى له‌ كه‌سێك هه‌یه‌، به‌دڵنیاییه‌وه‌ لێپرسینه‌وه‌ى حكومى و حیزبیش ده‌كه‌ین، هه‌وڵده‌ده‌ین ده‌زگا چاودێره‌كانى حكومه‌ت ده‌ستكراوه‌ بكه‌ین، تا ئاستى گۆڕینى كه‌سه‌كه‌ له‌ پۆسته‌كه‌ له‌گه‌ڵى ده‌ڕۆین.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى زۆرجار له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان باسى گه‌نده‌ڵى هه‌ندێك له‌ هه‌ڵسوڕاوانى گۆڕان ده‌كرێت له‌ پۆسته‌ حكومییه‌كاندا، ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ راست ده‌ربچن وه‌ك گۆڕان چ رێكارێك ده‌گرنه‌به‌ر، عه‌دنان عوسمان وتى: "ئێمه‌ ئه‌وكاته‌ ده‌توانین دۆسیه‌كه‌ى راده‌ستى چاودێرى دارایى و ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى بكه‌ین و داواى لێپرسینه‌وه‌ بكه‌ین، ئه‌گه‌ر بابه‌ته‌كه‌ى به‌سه‌ردا ساغبووەوه‌ ده‌توانین تا ئاستى ده‌ركردن و بڵاوكردنه‌وه‌شى له‌گه‌ڵ پرسه‌كه‌ بڕۆین".

پێداچوونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف

بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure