"قەبارەی وەبەرهێنان له‌ هه‌رێم 50 ملیار دۆلار تێدەپەڕێنێت"

هەواڵ / ئابوری :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 255‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

یەكێتی وەبەرهێنەران رایدەگەیەنێت: قەبارەی وەبەرهێنان له‌ هه‌رێم 50 ملیار دۆلار تێدەپەڕێنێت و بڕیارە لە ساڵی نوێشەوە دەستەی وەبەرهێنەران بەپلانی نوێوە پرۆژە دەستنیشان بكات.


یاسین مەحمود رەشید، وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان (ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 21ی تشرینی دووەمی 2019) بە دواڕۆژی راگەیاند: حكومەتی هەرێمی كوردستان خەریكی پاكتاوكردنەوەی ئەو پرۆژانەیە كە ماوەیەكی زۆرە وەبەرهێنەر وەریگرتووە و ئیشیان تیادا نەكردووەتەوە، ئەم بەرنامەیە جێی دەستخۆشییە، بەڵام دەبێت دادپەروەریی تیادا پارێزراو بێت و هەموو شوێنەكان بگرێتەوە.

روونیشیكردەوە: بەرنامەی كابینەی نوێ جیاوازی لە كابینەی پێشوو هەیە، ئەمجارە دەستەی وەبەرهێنان دەیەوێت خۆی پلان دابنێت و پرۆژە دەستنیشان بكات، واتە وەبەرهێنەر بەخواستی خۆی پرۆژە پێشكەش نەكات، لە ساڵی تازەوە چاوەڕوان دەكرێت وەبەرهێنەرانی كوردستان بكەونە قۆناغێكی نوێوە و ئیدی بەشێوازێكی نوێ بیر لە پێدانی مۆڵەت بكرێتەوە ئەوەش دەكەوێتەوە سەر توانای حكومەتی هەرێم و دەستەی وەبەرهێنان و چاككردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان.

بەپێی وتەی یاسین مەحمود: تائێستا بەبەهای 50 ملیار دۆلار مۆڵەت بە پرۆژەی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان دراوە، بەپێی ئەو مۆڵەتە تازانەش كە دوو مانگی داهاتوو بڵاویدەكەنەوە پێدەچێت سەرمایەی وەبەرهێنان لە 50 ملیار دۆلار بەرزتر بێتەوە.

پێداچوونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف

بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure