ئێران: ژماره‌یه‌ك ئافره‌ت له‌هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌و هانده‌رى خۆپیشاندانه‌كانن

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 1931‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئازوو محه‌مه‌د

ئاژانسێكى ره‌سمى ئێران رایده‌گه‌یه‌نێت: له‌كاتی خۆپیشاندانه‌كاندا ژماره‌یه‌ك كچ و ژن له‌ سلێمانییه‌وه‌ "بۆ گێره‌شێوێنی و ئاڵۆزكردنی زیاتری بارودۆخه‌كه‌" هاتوون و له‌ خۆپیشاندانه‌كانی شاره‌ جیاوازه‌كانی ئێراندا هانده‌ری خۆپیشانده‌ران بوون.


ئاژانسی ئیرنای ره‌سمى ئێرانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی حه‌سه‌ن رۆحانی له‌ راپۆرتێكدا بڵاویكرده‌وه‌: ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ ژنه‌ كه‌ له‌ خۆپیشاندانه‌كانی زۆربه‌ی شاره‌كانی ئێراندا بیندراون و به‌شداربوون، هاووڵاتیانیان بۆ خراپه‌كاری و درێژه‌پێدانى خۆپیشاندانه‌كان و به‌لاڕێدابردنی ده‌ربڕینی ناڕه‌زایى به‌رامبه‌ر گرانكردنی نرخی به‌نزین و سوته‌مه‌نی، بۆ ره‌خنه‌ و دژایه‌تی حكومه‌تی تاران هانداوه‌.   

ده‌شڵێت: ئه‌و ژنانه‌ رابه‌ری خۆپیشاندانه‌كانیان له‌ زۆربه‌ی شاره‌كانی ئێران له‌ئه‌ستۆدابووه‌ "به‌ تایبه‌ت له‌ شاره‌ كوردییه‌كان".

ئاژانسه‌كه‌ ئاماژه‌شیداوه‌: "ئه‌و ژن و كچانه‌ سه‌ر به‌ حزب و گرووپه‌ نه‌یار و ئۆپۆزسیۆنه‌كانی ئێران بوون له‌ هه‌رێمی كوردستان و زۆربه‌یان له‌ سلێمانییه‌وه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ ئێران و تائێستاش چه‌ندین كه‌سیان له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یاندا بۆ هه‌رێم ده‌ستگیركراون".

ئه‌و تۆمه‌تباركردنه‌ له‌كاتێكدایه‌ ئێران پێشتر بنه‌ماڵه‌ی ره‌زا شای په‌هله‌وی كوڕی شای پێشووی ئێران و گرووپی موجاهیدینی خه‌ڵقی به‌ هۆكار و هانده‌ری ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ى وڵاته‌كه‌ى گرتوه‌ته‌وه‌ تاوانبار كرد.

خۆپشاندان دژ به‌ به‌رزكردنه‌وه‌ى نرخى به‌نزین له‌ رۆژى هه‌ینى رابوردوه‌وه‌ 15ى تشرینى دووه‌م له‌ شاره‌كانى ئێران ده‌ستیپێكردووه‌ و خۆپیشانده‌ران ناڕه‌زایى به‌رامبه‌ر دۆخى ژیان و ئابورى خێزانه‌كانیان نیشانده‌ده‌ن و دروشمى دژ به‌ ده‌سه‌ڵات ده‌ڵێنه‌وه‌ و به‌هۆشیه‌وه‌ تائێستا زیاتر له‌ 100 كه‌س كوژراون و سه‌دانى دیكه‌ش برینداربوون.

پێداچوونه‌وه‌:: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure