حكومه‌تی هه‌رێم له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای چاكسازی كۆده‌بێته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 710‌ جار بینراوە

تاگ :: حکومەت

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 

بڕیاروایه‌ هه‌فته‌ی داهاتوو ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ یاسای چاكسازی ئه‌نجام بدات و سه‌رچاوه‌یه‌كیش ده‌ڵێت: "دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ حكومه‌ت پڕۆژه‌كه‌ به‌ هه‌ندێك گۆڕانكارییه‌وه‌ ئاراسته‌ی په‌رله‌مان ده‌كاته‌وه.  


سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم (ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 21ى تشرینى دووه‌مى 2019) به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: هه‌فته‌ی داهاتوو ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ تاوتوێكردنی دواین ئاماده‌كارییه‌كانی پڕۆژه‌یاسای چاكسازی ئه‌نجام ده‌دات، كه‌ هه‌ندێ گۆڕانكاری تێداكراوه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستان. 

سه‌باره‌ت به‌ جۆرى گۆڕانكارییه‌كان ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، كه‌ نه‌یویست ناوه‌كه‌ی بڵاوبكرێته‌وه‌، وتی: "جارێ ناكرێت ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی ئاشكرابكرێت، به‌ڵام پڕۆژه‌یاساكه‌ به‌شێوه‌یه‌كی باش له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ پێداچوونه‌وه‌ی تێداكراوه‌ كه‌ حه‌قی مووچه‌خۆران و خه‌ڵكی كوردستانی تێدا ره‌چاوكراوه‌، به‌تایبه‌ت بڕینی ده‌رماڵه‌ی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی كه‌ شایسته‌نین ده‌رماڵه‌كه‌ وه‌ربگرن كه‌ له‌ یاساكه‌دا جێگاى بۆ كراوه‌ته‌وه‌ ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان په‌سه‌ندی بكات".  

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران پڕۆژه‌یاساكه‌ ده‌درێته‌ لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت كه‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت خۆی سه‌رپه‌رشتی ده‌كات و دوای په‌سه‌ندكردنی  ئاراسته‌ی په‌رله‌مان ده‌كرێته‌وه‌. 

پڕۆژه‌یاسای چاكسازی له‌ خولی رابردووی په‌رله‌مانی كوردستاندا گفتوگۆی له‌سه‌ر كرا، به‌ڵام به‌هۆی ململانێی فراكسیۆنه‌كان و ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵك جارێكی تر بۆ ده‌ستكاریكردنی گه‌ڕێندرایه‌وه‌ بۆ حكومه‌ت و بڕیاروایه‌ له‌م خوله‌ی په‌رله‌ماندا به‌ رێككه‌وتنی لایه‌نه‌كان په‌سه‌ندبكرێت.

پێداچوونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure