پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ داوایه‌ك ئاراسته‌ى سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كانى په‌رله‌مانى عێراق ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 20/11/2019‌ :: 275‌ جار بینراوە
ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە

دواڕۆژ، عەلی حەمەسەعید

له‌ به‌رامبه‌ر دیارینەکردنی کورسی بۆ پارێزگای هەڵەبجە لە پڕۆژه‌ى هه‌موارى هەڵبژاردنەکان، پارێزگاری هەڵەبجە له‌ یاداشتێكدا داوا لە فراكسیۆنه‌كانى په‌رله‌مانى عێراق ده‌كات "بە ئەرکى مێژوویی خۆیان هەستن".


ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە لە یاداشتەکەیدا كه‌ (ئەمڕۆ چوارشەممە 20ى تشرینى دووه‌مى 2019) بڵاویكردوه‌ته‌وه‌ و وێنه‌یه‌كى بۆ دواڕۆژ نێردراوه‌ رایگه‌یاندووه‌: لە پڕۆژەیاساى پێشنیارکراو بۆ هەموارى یاساى هەڵبژاردنەکان، کە لەلایەن سەرۆکایەتى کۆمار بە نوسراوى ژمارە 1/4/3531 لە 2019/11/7 ئاڕاستەى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران کراوە، هەروەها له‌ سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران بە نوسراوى ژمارە 10/1/3/10/38786 لە 2019/11/13 ئاڕاستەى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق کراوە، لە هەردوو پڕۆژەیاسا پێشنیارکراوەکەدا پارێزگای هەڵەبجە لەبیرکراوە و ژمارەى کورسى هاوشێوەى پارێزگاکانى ترى عێراق بۆ دەستنیشان نەکراوە،  هەروەها رۆژى 2019/11/19  کە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق خوێندنەوەى بۆ پڕۆژە یاسەکە کرد و لەو بڕگەیەدا بەهەمان شێوە رەچاوى پارێزگای هەڵەبجە نەکراوە.

ده‌شڵێت: ئێمە لە پارێزگای هەڵەبجە بەناوى سەرجەم دانیشتوانى پارێزگاکە بەتوندى رەخنەى خۆمان ئاڕاستەى هەرسێ سەرۆکایەتیەکە دەکەین کە بەداخەوە لە ئاست چاوەڕوانى و ساڕێژکردنى نەهامەتیەکانى خەڵکى پارێزگای هەڵەبجەدا نەبوون. 

پارێزگاری هەڵەبجە داواش له‌ ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق بە سەرجەم فراکسیۆن و پێکهاتەکانەوە دەکات کە لەکاتى خوێندنەوەى دووەم، "بە ئەرکى مێژوویی خۆیان هەستن  بەرامبەر بە پارێزگای هەڵەبجە و خوێنى شەهیدان و هەستى کەسوکارى قوربانیان و هاووڵاتیانى پارێزگاکە و لەوبڕگەیەدا بە یەکدەنگى هەڵەبجە وەک پارێزگایەکى سەربەخۆ بناسێنن و پشکى خۆى بۆ دیارى بکەن".

هاوكات داواش لە سەرۆکایەتى کۆمار و سەرۆکایەتى  ئەنجومەنی وەزیران دەکات بۆ ئەوەى هەڵەى هاوشێوە دووبارە نەبێتەوە، ئەوا ئەو رێکارە ئیداریانەى پێویستە بۆ سەرپێخستنى پارێزگاکە تەواوبکەن بەمەبەستى بەجێهێنانى ئەرکى سەرشانیان بەرامبەر پارێزگاکە و ئاسودەکردنى رۆحى شەهیدان و ساڕێژکردنى کەمێک لە ئازارەکانى کەسوکارى قوربانیان و خەڵکى پارێزگاکە.

پێداچوونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure