دابه‌شكردنى مووچه‌ راده‌وه‌ستێت

هەواڵ / کوردستان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 21216‌ جار بینراوە

تاگ :: موچە

دواڕۆژ

تائێستا وه‌زاره‌تى دارایى دابه‌شكردنى مووچه‌ى سبه‌ى رانه‌گه‌یاندووه‌ و سه‌رچاوه‌یه‌كیش رایده‌گه‌یه‌نێت: به‌هۆى نه‌گه‌یشتنى بڕیارى خه‌رجكردنى پاره‌كه‌ى به‌غدا دابه‌شكردنى مووچه‌ راده‌وه‌ستێت.


سه‌رچاوه‌یه‌كى به‌رپرس له‌ وه‌زاره‌تى دارایى و ئابورى (ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 20ى تشرینى دووه‌مى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: تائێستا بڕیارى خه‌رجكردنى پاره‌كه‌ى به‌غدا تایبه‌ت به‌ مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم ده‌رنه‌چووه‌.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ بێئاگایى خۆیشى له‌ هۆكارى دواكه‌وتنه‌كه‌ راگه‌یاند وتى: به‌هۆى دواكه‌وتنى ئه‌و پاره‌یه‌شه‌وه‌ دابه‌شكردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم راده‌وه‌ستێت. 

پێده‌چێت تا رۆژى دووشه‌ممه‌ یان سێشه‌ممه‌ى هه‌فته‌ى داهاتوو هیچ فه‌رمانگه‌ و وه‌زاره‌تێك مووچه‌ وه‌رنه‌گرن، به‌هۆى ئه‌وه‌ى تائێستا (شه‌وى چوارشه‌ممه‌ 10:30ى شه‌و) وه‌زاره‌تى دارایى هیچ راگه‌یه‌نراوێكى له‌باره‌ى دابه‌شكردنى مووچه‌ بۆ رۆژى سبه‌ى بڵاونه‌كردوه‌ته‌وه‌.

هه‌روه‌ها له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر خه‌رجكردنه‌كه‌ى پاره‌كه‌ى به‌غدا بكه‌وێته‌ سه‌ره‌تاى هه‌فته‌ى داهاتوو، ئه‌وا پێده‌چێت دابه‌شكردنى مووچه‌ له‌ رۆژى دووشه‌ممه‌وه‌ ده‌ستپێبكاته‌وه‌.

له‌كاتێكى پێشترى ئه‌مڕۆدا عابد مزووری، به‌ڕێوه‌به‌ری لقی هه‌ولێری بانكی فیدڕاڵی عێراق به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: بڕی 317 ملیار دیناره‌كه‌ی به‌غدا گه‌یشتۆته‌ لقی هه‌ولێری بانكی فیدڕاڵ، به‌ڵام تاكو ئێستا وه‌زاره‌تی دارایی عێراق ره‌زامه‌ندی نه‌داوه‌ له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ی پاره‌كه‌ بۆ سه‌ر ئه‌ژماری وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم. 

وتیشی "چاوه‌ڕێی ده‌كه‌ین هه‌ركاتێك وه‌زاره‌تی دارایی عێراق ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ی پاره‌كه‌ بۆ سه‌ر ئه‌ژماری وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم دا، ئێمه‌ش رێككاری یاسای خۆمان جێبه‌جێ ده‌كه‌ین".  
  
ئا: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure