پەرلەمانتارێک: دوو یاسای گرنگ لە عێراق پەسه‌ندکران

هەواڵ / عێراق :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 930‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ، هانا چۆمانی

په‌رله‌مانتارێكى كورد رایدەگەیەنێت: لە پەرلەمانی عێراق دوو یاسای گرنگ دەنگیان لەسەردرا و پێویستە لە هەرێمی کوردستانیش کاریان پێبکرێت و ده‌شڵێت: لە هەرێم دەرماڵەى پلەباڵاکان دوو قات و سێ قاتە، به‌ڵام تاوتوێى نەھێشتنی دەرماڵەی مامۆستا و نەدانی دەرماڵەی مەترسی ھەندێک لە پیشەکان ده‌كرێت.


بڵێسە جەبار فەرمان، ئەندامی په‌رله‌مانى عێراق (ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 20ى تشرینى دووه‌مى 2019) بە دواڕۆژی راگەیاند: بەفەرمی هەردوو یاسای هەمواری یاسای خانەنشینی و یاسای نەهێشتنی ئیمتیازاتی پلەباڵاکان، لە ئەنجومەنی نوێنەران پەسه‌ندکران کە دوو یاسای گرنگن بۆ میلله‌ت، بۆیە پێویستە لە کوردستانیش کاریان پێبکرێت.

ئه‌وه‌شى وت: "راستە ھەرێمی کوردستان پەرلەمانی خۆی ھەیە و دەتوانێت یاساکانی عێراق لەگەڵ پێکھاتەی ھەرێم دا بگونجێنێت، بەڵام لە زۆر روەوە دۆخی ئێستای ھەرێم ھاوشێوەی عێراقە".

بڵیسه‌ وتیشی: "لە هەرێمی کوردستان ساڵانێکە لاوانمان بەدەست بێ ئیشی و کەمدەرامەتیەوە دەناڵێنن، کەمی سوتەمەنی و خزمەتگوزاری ھاودۆخە، نەبوونی شەفافیەت و گەندەڵی ھاوشێوەی پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووى عێراقن، بۆیە یاسای نەھێشتنی ئیمتیازاتی سەرۆکایەتیەکان پێویستە لە ھەرێمیش کاری پێبکرێت، لەپێناو میللەت و هاووڵاتیانی خۆمان".

هێمای بۆ ئەوەشکرد: خانەنشینی پەرلەمانتاران و پاسەوان و ئۆتۆمبێل و خەرجی زۆر و ئیفاد و کۆمەڵێک شتی تر لەلایەن بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بەهەدەردانی پارە و سامانی گشتیە.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ رونیشیکردەوە: لە هەرێم دەرماڵەى پلەباڵاکان دوو قات و سێ قاتە، به‌ڵام تاوتوێى نەھێشتنی دەرماڵەی مامۆستا و نەدانی دەرماڵەی مەترسی ھەندێک لە پیشەکان ده‌كرێت كه‌ ئه‌وه‌ش نادادپەروەریەکی گەورەیە، بۆیە پێویستە ھەرێمی کوردستان بە سیستمی دەرماڵە و ئەو ئیمتیازاتە زۆرەی سەرۆکایەتیەکاندا بچێتەوە.

پێداچوونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە