محه‌مه‌د حه‌سیب: پاش ناوچه‌ سارده‌كان له‌ سلێمانى ده‌ست به‌ دابه‌شكردنى نه‌وت ده‌كه‌ین

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 9548‌ جار بینراوە
محەمەد حەسیب

دواڕۆژ، سامان قوبادی
 
ماوەی چەند رۆژێكە دابەشكردنی نەوتى سپى دەستی پێكردووەتەوە، لە هەفتەی داهاتووشدا لە چەند ناوچەیەك نەوت بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشدەكرێت، محەمەد حەسیب بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی پارێزگای سلێمانی لە دیدارێكی دواڕۆژدا ئاشكرایدەكات: بەغدا رەزامەندی داوە لەسەر ناردنی 20 ملیۆن لیتر نەوت و ئەگەر دۆخی ناوچەكانی ناوەڕاست و خواروو خراپتر نەبێت بڕە نەوتی تر دەنێرێت بۆ هەرێم، دەشڵێت: "وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت هەرێم نەوتی هەیە، بۆیە ساڵانە بڕێكی كەممان بۆ دەنێرن".

دواڕۆژ: دوایین زانیاری لەسەر ناردنی نەوت لە بەغداوە چییە؟
محەمەد حەسیب:
بەپێی ئەو رەزامەندییەی دراوە لە لایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە بۆ ناردنی 20 ملیۆن لیتر نەوت، ماوەی 5 رۆژە بە بەردەوام بۆمان دەنێرن، وەجبەیەكمان نارد بۆ رانیە و حاجیاوا، هەروەها بۆ چەمچەماڵ و بازیان، ئەمڕۆش ناردمان بۆ هەڵه‌بجەی تازە، لەو بڕەی رەزامەندی لەسەر دراوە رۆژانە 8 تەنكەر نەوتمان بۆ دێت، ئەگەر بە بەردەوامی بۆمان بنێردرێت بەشێكی زۆری ناوچە ساردەكان لەم چەند رۆژەدا نەوتیان بەسەردا دابەشدەكەین.

دواڕۆژ: ئەی حكومەتی هەرێم هیچ بەرنامەیەكی نییە بۆ دابەشكردنی نەوت؟
محەمەد حەسیب:
نەخێر هەرێم هیچ بڕە نەوتێك دابەشناكات، بەڵكو هەر ئەوەیە كە لە بەغداوە بۆمان دەنێردرێت.

دواڕۆژ: لە ناوچە ساردەكان ئەو شوێنانەی ساڵی رابوردوو نەوتیان وەرگرتووە ئەمساڵیش پێیاندەدرێت؟
محەمەد حەسیب:
ساڵی رابوردوو لە كوێدا دابەشكردنی نەوت تەواوبوو، لەوێوە دەستمان پێكردووەتەوە، لە رانییە و حاجیئاوا و چەمچەماڵ و بازیان و هەڵەبجەی تازە بەشێكیان وەریان نەگرتبوو، بۆیە لەو شوێنانەوە دەستپێدەكەین كە تێیدا وەستاین، تەنیا یەك بەرمیل نەوتیان پێدەدرێت.

دواڕۆژ: بۆ ناو شارەكان بەتایبەت لە سلێمانی كەی و لە چ مەڵبەندێكەوە نەوت دابەشدەكرێت؟
محەمەد حەسیب:
ساڵی رابوردوو لە سلێمانی لە مەڵبەندی دوو دابەشكردنی نەوت راگیرا، دوای ئەوەی لە ناوچە ساردەكان دابەشكردنی نەوت تەواوبوو لە سلێمانی دەست بە دابەشكردنی نەوت دەكرێتەوە، بەڵام تەنیا ئەو مەڵبەندانە دەگرێتەوە كە ساڵی پار نەوتیان وەرنەگرتووە، بەڵام دابەشكردنی دەكەوێتەسەر ئەو بڕە نەوتەی بۆمان دەنێردرێت ئەگەر رێژەكەی زۆربێت بەمنزیكانە لەناو سلێمانی دەست بەدابەشكردنی نەوت دەكەین، بڕەكەشی زۆرتر بێت یەك بەرمیلیش دەدەین بەو مەڵبەندانەی پار وەریانگرت.

دواڕۆژ: لە هەفتەی داهاتوودا لە كام شوێن نەوت دابەشدەكرێت؟
محەمەد حەسیب:
بۆ گەرمیانی دەنێرین، هەروەها لە مەڵبەندی دووی ناو شاری سلێمانیش نەوت دابەشدەكەین، دڵنیایی دەدەینە ئەو هاوڵاتییانە پار نەوتیان وەرنەگرتووە لەگەڵ ناردنی لە بەغداوە پێیاندەدرێت.

دواڕۆژ: هۆكار چییە بەغدا نەوت نانێرێت یان بڕێكی زۆر كەم بۆ هەرێم دەنێرێت؟
محەمەد حەسیب:
بەرنامەی ساڵانەی وەزارەتی نەوتی عێراق بەشە نەوتی پارێزگاكانی هەرێم دیاری دەكات، ئەوان دەڵێت هەرێم نەوتی هەیە بۆیە بڕێكی كەممان بۆ دەنێرن، ئەگەرنا 20 ملیۆن لیتر نەوت زۆر كەمە لەچاو ژمارەی دانیشتووان.

دواڕۆژ: ئەگەر یەك بەرمیل نەوت دابەشبكرێت، ساڵانە هەرێمی كوردستان پێویستی بە چەند ملیۆن لیتر نەوت هەیە؟
محەمەد حەسیب:
هەموو ساڵێك پارێزگای سلێمانی نزیكەی 108 ملیۆن لیتر نەوتی پێویستە، هەموو هەرێمی كوردستان نزیكەی 250 ملیۆن لیتر نەوتی سپی دەوێت.

دواڕۆژ: دوایین هەوڵەكان لەگەڵ بەغدا چییە بۆ زیادكردنی بڕی نەوت؟
محەمەد حەسیب:
تا دابەشكردنی ئەو 20 ملیۆن لیتر نەوت تەواونەبێت وەزارەتی نەوتی عێراق رەزامەندی نادات بۆ ناردنی هیچ بڕە نەوتێكی تر، ئەگەر دۆخی بەغدا خراپتر نەبێت، نەوتی زیاتر بنێرن بۆ هەرێم، گرژی و دۆخی ئاڵۆزی ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق هۆكارێكە بۆ ئەوەی نەوت نەنێردرێت بۆ هەرێمی كوردستان، دوای دابەشكردنی 20 ملیۆنەكە بەغدا بڕە نەوتی ترمان بۆ دەنێرێت.

دواڕۆژ: نرخی نەوت لە بازاڕەكانی ناوخۆ بەرزبووەتەوە، بۆچی ناتوانن كۆنتڕۆڵی بكەن یان كەمی بكەنەوە؟
محەمەد حەسیب:
پێشتر نرخەكەی بەرزبووەوە، بەڵام لەگەڵ دابەشكردنی نەوت نرخەكەی دابەزیوە، هەوڵی تەواو دەدەین بۆ ئەوەی زۆربەی ناوچەكان لە ماوەیەكی كەمدا نەوتیان بەسەردا دابەشبكرێت، تا نرخی یەك بەرمیل نەوت زیاتر دابەزێت، ئێستا لە سەرتاسەری ناوچەكانی دەرەوەی سلێمانی دابەشكردنی نەوت هەیە.

پ: ک. س
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure