دواڕۆژ زانیارى نوێ له‌باره‌ى بڕینى ده‌رماڵه‌ى فه‌رمانبه‌رانەوە ئاشكراده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 7703‌ جار بینراوە

تاگ :: موچە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

بڕیارده‌رى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مان رایده‌گه‌یه‌نێت: له‌ پڕۆژه‌یاساى چاكسازى مووچه‌ و ده‌رماڵه‌ و خانه‌نشینى، ته‌نیا ده‌رماڵه‌ى ئه‌و فه‌رمانبه‌ر و مامۆستایانه‌ ده‌بڕدرێت كه‌ موماره‌سه‌ى پیشه‌یى خۆیان ناكه‌ن.


محه‌مه‌د سه‌عده‌دین، بڕیارده‌رى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى كوردستان (ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 20ى تشرینى دووه‌مى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: گۆڕانكارى له‌ پڕۆژه‌ى چاكسازى كراوه‌، له‌وانه‌: مووچه‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌ رێكده‌خرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها مووچه‌ى هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌بڕدرێت كه‌ پێشتر وه‌كو ئیمیتازێك له‌لایه‌ن حزبه‌كانه‌وه‌ بوونه‌ته‌ خاوه‌ن مووچه‌ى مانگانه‌.

وتیشى: "به‌پێى پڕۆژه‌كه‌ ته‌نیا ده‌رماڵه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌بڕدرێت كه‌ موماسه‌ره‌ى پیشه‌ی خۆیان له‌ وه‌زاره‌ته‌كان ناكه‌ن، بۆ نموونه‌: ئه‌ندازیارێك له‌ وه‌زاره‌تى كاره‌با ده‌رماڵه‌ى مه‌ترسى وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام له‌ واقیعدا ئه‌و ئه‌ندازیاره‌ موماسه‌ره‌ى پیشه‌یى كاره‌كه‌ى ناكات، بۆیه‌ له‌وكاته‌دا ده‌رماڵه‌كه‌ى ده‌بڕدرێت، بۆ وه‌زاره‌ته‌كانى دیكه‌ش به‌ هه‌مان شێوه‌یه‌، بۆیه‌ فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان دڵنیاده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ده‌رماڵه‌كانیان نابڕدرێت".

لێدوانه‌ى بڕیارده‌رى لیژنه‌ى دارایى له‌كاتێكدایه‌ دوێنى سه‌ركۆ ئازاد، ئه‌ندامى هه‌مان لیژنه‌ له‌ نووسینێكدا رایگه‌یاند: حكومه‌تى هه‌رێم بڕیاریداوه‌ بەناوی پڕۆژەی چاكسازی دەرماڵەی مامۆستا، كارمەندانی زانكۆ، كارمەندانی تەندروستی، لێكۆڵەرەوەی داد، ژمێریاران، وردبینان، تەكنیككاران و فەرمانبەرانی وەزارتی كارەبا ببڕێت، له‌گه‌ڵ بڕینی دەرماڵەی خواردنی ھێزەكانی پۆلیس و وەزارتی ناوخۆ.

له‌باره‌ى ناردنى كاتى پڕۆژه‌كه‌ بۆ په‌رله‌مان، بڕیارده‌رى لیژنه‌ى دارایى وتى: "حكومه‌ت هه‌وڵى رازیكردنى لایه‌نه‌كان ده‌دات له‌به‌رئه‌وه‌ كاتى ناردنه‌كه‌ بۆ ماوه‌ى مانگێك تاوه‌كو دوو مانگى دیكه‌، دواده‌كه‌وێت".

له‌ 3ى كانوونى دووه‌مى 2018، حكومه‌تی هه‌رێم پڕۆژه‌یاسای چاكسازی له‌ خانه‌نشینی و مووچه‌ و ده‌رماڵه‌ و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانی دیكه‌، كه‌ له‌ 24 مادده‌ پێكهاتووه‌، ئاڕاسته‌ی په‌رله‌مانی كوردستان كرد و په‌رله‌مانیش له‌ رێكه‌وتی 2018/2/28، كۆی یاساكه‌ى په‌سه‌ندكرد، به‌ڵام به‌هۆی ناڕه‌زایه‌تیی به‌شێكی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و هاووڵاتیانه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان له‌سه‌ر داواكاری فراكسیۆنه‌كان له‌ 4ی ئازار پارساڵ پڕۆژه‌یاساكه‌ى گه‌ڕانده‌وه بۆ حكومه‌ت و له‌و كاته‌وه‌ تائێستا نه‌گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه‌ په‌رله‌مان.

پ: ک. س
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure