30 كۆمپانیای توركی و 99 كۆمپانیای خۆماڵی سزاده‌درێن

هەواڵ / کوردستان :: 20/11/2019‌ :: 272‌ جار بینراوە

تاگ :: كوردستانى

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

به‌هۆی جێبه‌جێنه‌كردنی ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ی له‌گه‌ڵیاندا ئه‌نجامدراوه‌، سێ وه‌زاره‌تی هه‌رێم 129 كۆمپانیای بیانی و خۆماڵی سزاده‌ده‌ن و به‌شێكیشیان ده‌خرێنه‌ لیستی ره‌شه‌وه‌.


عارف حیتۆ، بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی له‌ وه‌زاره‌تی كاری هه‌رێم (ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 20ى تشرینى دووه‌مى 2019) به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: به‌هۆی پابه‌ندنه‌بوون به‌ رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی كار و كارنه‌كردنیان بۆ ماوه‌ی ساڵێك، سزای 58 كۆمپانیا دراون و له‌كاركردن راگیراون.

وتیشی: "10 كۆمپانیای هێنانی كرێكارانی بیانی، به‌هۆی كارنه‌كردن به‌و گرێبه‌ستانه‌ی له‌گه‌ڵیان كراوه‌ خراونه‌ته‌ لیستی ره‌شه‌وه‌، به‌ڵام 104 كۆمپانیاكه‌ی دیكه‌ كه‌ له‌ بواری هێنانی كرێكارانی بیانی كارده‌كه‌ن، به‌بێ هیچ كێشه‌یه‌ك كارده‌كه‌ن".

به‌پێی زانیارییه‌كانی دواڕۆژ، به‌هۆی پابه‌ندنه‌بوونی به‌ گرێبه‌سته‌كانی كاركردن و پابه‌ندنه‌بوون به‌ مه‌رجه‌كان، وه‌زاره‌تی پلاندانانی هه‌رێم 60 كۆمپانیای خستۆته‌وه‌ لیستی ره‌شه‌وه‌ كه‌ له‌و ژماره‌یه‌ نزیكه‌ی 30 كۆمپانیایان توركی_ن.

هاوكات به‌هۆی كارنه‌كردنی به‌ مه‌رج و رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی، كۆمپانیایه‌كی بواری هێنانی ده‌رمانی له‌ كاركردن وەستاندوه‌.

به‌پێی یاسای وه‌زاره‌تی پلاندانانی هه‌رێم، ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی ده‌خرێنه‌ لیستی ره‌شه‌وه‌ ناتوانن بۆ ماوه‌ی ساڵێك كاربكه‌ن و پله‌كەشیان كه‌مده‌كرێته‌وه‌.

له‌ هه‌رێمی كوردستان، 25 هه‌زار و 550 كۆمپانیای خۆماڵی و سێ هه‌زار و 335 كۆمپانیای بیانی كارده‌كه‌ن.

پ: ک. س
ب: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure