مێژوویەکی رەشی سپی پێستەکان

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 247‌ جار بینراوە
په‌یكه‌رى (كۆیلایه‌تى) له‌ بۆینس ئایرس، ئه‌رجه‌نتین

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ

ئەوەی مێژوو بۆمانی دەگێڕێتەوە لەسەر کۆیلایەتی و چیرۆکە کارەساتبارەکانی ئەفریقاییەکان بابەتێکن کە وەک چۆن وەرچەرخانێکی گەورەی لە مێژوودا دروستکرد بەهەمان شێوەیش پەڵەیەکی رەشە بە ناوچەوانی مرۆڤایەتییەوە.

 
بە کۆیلەکردنی 50 ملیۆن ئەفریقایی لە ئەمریکا و ئەوروپادا و زیاتر لە 12. 5 ملیۆنی تریش لە وڵاتانی عەرەبیدا رووداوگەلێکی جەرگبڕ و بە ئازاری وان کە پێویستە زووزوو باسبکرێنەوە تا نەوەی نوێ تێبگات وڵاتانی داگیرکەرە گەورە هێزەکانی پێشوو لەڕاستیدا دڕندە و بێبەزەیی و کورتبین بوون. زیاتر لە 50 ملیۆن ئەفریقایی بە پاپۆڕ بران بۆ ئەمریکا و ئەوروپا کە ژمارەیەکی زۆریان لە بەڕازیل نیشتەجێکران، ئێستا هەموو کەس ئەوە دەزانێت کە رەچەڵەکی نیوەی دانیشتوانی بەڕازیل راستەوخۆ ئەفریقایین.
 
بەڵام بارودۆخەکە لە ئەرجەنتیندا کە دراوسێی بەڕازیلە زۆر جیاوازە. لەو سەردەمەدا سەدان هەزار کۆیلەی ئەفریقی فرۆشران و گوێزرانەوە بۆ ئەرجەنتین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بوونی ئەفریقایی لەو وڵاتەدا هەر لە تۆمارە رەسمییەکاندا و هەم لە مێژوودا و هەم لە بیرەوه‌ری میلیدا سڕایەوە.

چیرۆکە مێژووییەکان پێمان دەڵێن لە کۆتاییەکانی سەدەی شانزەهەمدا ئەفریقاییەکان گەیشتنە ئەرجەنتین و لە ناوچەیەک فرۆشران کە ئێستا بۆینس ئایرسی پێدەڵێن. ئەمانیش وەکو کۆیلە ئەفریقاییەکانی ئەمریکا خرانەبەر کار لە کێڵگەکان و هەروەها وەک خزمەتکار و کارەکەر لە ماڵەکاندا.
 
لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدە و سەدەی نۆزدەهەمدا ئەفریقاییە رەش پێستەکان لە سەرتاسەری ئەرجەنتیندا بڵاوبوونەتەوە و لە هەندێک ناوچەدا نیوەی دانیشتوانیان پێکدەهێنا هەرچەندە لە ساڵی 1813دا سیستمی کۆیلایەتی هەڵوەشێنرایەوە، بەڵام لە زۆر ناوچەی ئەمریکای باکوور و ناوه‌ڕاست و باشووردا هەتا ساڵی 1853ش کۆیلایەتی پەیڕەودەکرا، لەو قۆناغەدا کۆیلەکان ئازاد ران و رێیانپێدرا بە ئازادی بژین و چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن و خەونەکانیان بهێننەدی، بەڵام سەیرەکە لەوەدایە لەو قۆناغەدا ژمارەیان تا دەهات کەمتر و کەمتر دەبووەوە.

مێژوونوسەکان ئەمە دەگەڕێنەوە بۆ دوو هۆکاری گەوره. یەکەمیان جەنگە کوشندەکەی ئەرجەنتین دژی پاڕاگوای لە ساڵانی نێوان 1865 _ 1870.

لەو جەنگەدا هەزاران ئەرجەنتینی بە رەگەز ئەفریقی لە ناو ریزەکانی سوپای ئەرجەنتینیدا بوون لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ و زۆربەیان کوژران. هۆکاری دووەم بڵاوبوونەوەی پەتای (زەردەتا) بوو كه‌ لە ساڵی 1871 بۆینس ئایریسی گرتەوە لەو قۆناغە سەختەدا کە ئەفریقاییەکانی ئەرجەنتینی تێکەوت زۆرێک لە ژنانی ئەفریقی ناچارکران شوو بە ئەرجەنتینیە سپی پێستەکان بکەن. لە ئاکامی ئەمەدا و بە تێپەڕبوونی دەیان ساڵ ووردە ووردە لەناوچوون. لە لایەکی دیکەوە رەفتاری خراپی ئەرجەنتینیەکان بەرامبەر رەشپێستەکان ناچاریکردن ژمارەیەکی زۆریان هەڵبێن بۆ بەڕازیل و ئۆرۆگوای. 

لە ماوەی نێوان ساڵی 1868 و ساڵی 1874دا سەرۆکی ئەوکاتەی ئەرجەنتین بۆ لەناوبردنی رەش پێستەکان، ناچاریکردن لەو گەڕەکانەدا نیشتەجێببن کە نەخۆشیە کوشندەکانیان تێدا بڵاوبوو. ساڵی 1895 ژمارەی ئەفریقاییەکانی ناو ئەرجەنتین هێندە کەمبووبووەوە کە حکومەتی ئەو وڵاتە تۆماری نەکردن. ئێستا راپۆرتی دەزگا هەواڵگریەکان دەڵێت کە ئەرجەنتین بە رێژەی لە 97%ى سپی پێستە کە هی وڵاتێکی تری ئەمریکای لاتین بەو رێژەیە سپی پێست نیە. دەسەڵاتدارانی ئەرجەنتین هەر لە سەره‌تاوە زۆر هەوڵیانداوە رەشپێستەکان و رۆڵیان لە بنیادنانی ئەرجەنتیندا بسڕنەوە، بەڵام ئەمە ناچێتەسەر، چونکە بەناوبانگترین دیاری کەلتووری ئەرجەنتین بۆ جیهان کە سەمای (تانگۆیە) لە بنەڕەتدا سەمایەکی ئەفریقیە. 

ئەرجەنتینیەکان خۆیان ئەمە زۆر باش دەزانن هیچ رەگەزپەرستییەک و سوکایەتیکردنێکی رەگەزی ناتوانێت ئەم راستییە لە مێژوودا بدزێت.

پ: ک. س
ب: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure