حکومەت لەسەر مووچەی فەرمانبەران روونکردنەوە دەدات

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 8009‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی

وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت: هیچ کێشەیەک لە دابەشکردنی مووچە دروستنەبووە، لەکاتی خۆیدا دەدرێت و گفتوگۆیش لەسەر کۆتاییهێنان بە بابەتی کێشەی مووچە لەگەڵ بەغدا بەردەوامە.

دکتۆر جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ بە دواڕۆژی راگەیاند: دڵنیایی دەدەین بە هەموو فەرانبەرانی حکومەتی هەرێم کە هیچ کێشەیەک لە دابەشکردنی موچەدا نیە بەدڵنیایی موچەی فەرمانبەران بێ کێشەیە و هیچ مەترسیەکی لەسەر نیە لە ڕووی بڕین و یان دەستکاریکردنی.

وتیشی: "هەموو مانگێک موچەی فەرمانبەران وەک خۆی لە کاتی خۆیدا دابەشدەکرێت، پێشتریش حکومەتی هەرێم ئەوەی دوپاتکردووەتەوە، بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەی مووچەیش ئەوا ئێستا لە گفتوگۆداین و بەدڵنیایی کێشەی مووچە و بودجە و سەرجەم کێشەکانی تر لە داهاتوویەکی نزیکدا رێککەوتنی لەبارەوە دەکرێت، چونکە هەم هەرێم و هەمیش بەغدا ئەوەیان دەوێت و نیاز و لەیەک نزیکبوونەوەکان ئەرێنین".

ئەوە قسانەی وتەبێژی حکومەتی لەکاتێکداییە دوو رۆژ لەمەوپێش پەرلەمانتارێکی کوردستان بە دواڕۆژی راگەیاندبوو کە حکومەتی هەرێم بەنیازە موچەی سێ مانگی ساڵی ٢٠١٩ پاشەکەوت بکات، چونکە حکومەت ناتوانێت گشت موچەکانی ئەمساڵی فەرمانبەران بدات.

لەبەرامبەردا وەزیری دارایی و ئابوری ئاوات شێخ جەناب لە رونکردنەوەیەکدا سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە و رایگەیاند ئەو دەنگۆیانە راست نین کە موچەی سێ مانگ پاشەکەوت دەکرێت.

هەر سەبارەت بە دابەشکردنی موچەی مانگی ٨ی فەرمانبەران ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠ تشرینی دووەمی ٢٠١٩ بڕیاربوو موچەی چەند وەزارەتێک و دەستەیەک دابەشبکرێت، بەڵام بەهۆی خەرجنەکردنی پارەکەی بەغدا و نەبوونی بڕیاری خەرجکردن لەلایەن بانکی ناوەندییەوە نەتوانرا موچەی هیچ وەزارەتێک دابەشبکرێت.

 

ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure