چی ماوە بدۆزرێتەوە؟

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 190‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

 

زۆركەس لەو باوەڕەدایە كە سەردەمی دۆزینەوە مەزنەكان لەسەر زەویی كۆتایی هاتووە و نەوەی داهاتوو پێویستە بچنە فەزای دەرەوە یان بڕۆنە قوڵایی ئۆقیانووسەكانەوە بۆ ئەوەی شتێكی بایەخدار بدۆزنەوە. بەڵام ئایا لەڕاستیدا وایە؟ ئایا سەر زەوی هیچ شتێكی گرنگی نەدۆزراوەی تێدا نەماوە؟


بۆ وەڵامدانەوەی ئەوە باشتر وایە بەسەرهاتی دۆزەرەوەیەكی زۆر گرنگی مێژووی بایۆلۆجیمان بیربكەوێتەوە، مارتینۆس بیگرنگ. ئەم زانا گەورەیە بۆ دۆزینەوەی جۆرێك لە نەخۆشییەكانی تووتن گەڵا تووتنێكی نەخۆشی گوشیی و ئاوەكەی بە چەند فلتەرێكدا تێپەڕاند چونكە پێی وابوو پێویستە جۆرێكی زۆر بچووكتری ژیان لە ئارادا هەبێت كە هۆكاری ئەو نەخۆشییە بێت و لە ئەنجامدا ئەو شێوە هەرە وردەی ژیانی دۆزییەوە و ناوی نا (ڤایرۆس) كە وشەیەكی لاتینییە، بە واتای ژەهر، بیگرینگ بەم كارەی جیهانێكی تەواو تازەی بۆ كردینەوە. ئێستا ئێمە ئەو راستییە دەزانین كە ڤایرۆس زۆرینەی زانیارییە بۆماوەییەكانی سەر ئەم هەسارەیە پێك دەهێنێت. هەموو شێوازەكانی تری ژیان ئەوەندەی ڤایرۆسەكان زانیاریی بۆماوەییەیان تێدا نییە.

هەر لەم رێگەیەوە بوو كە توانرا نەخۆشی ئاوڵە قەڵاچۆ بكرێت و ڤاكسینی تایبەت بەرهەم بهێنرێت دژی شێرپەنجەی منداڵدان. ئەم دۆزینەوە گرنگە زۆر كۆن نییە. تەنیا سەد و چەند ساڵێكە. لەوكاتەدا مرۆڤ ئوتومبێلی دروست كردبوو بەڵام نەیدەزانی شێوازێكی تری ژیان هەیە كە دواتر بە ڤایرۆس ناسرا.

ئەمە مانای وایە هێشتا زۆر بوار و رەهەندی دیكە ماون لەسەر زەویشن و نەدۆزراونەتەوە، بەتایبەت لەبواری جیینەكاندا.

توێژینەوە و پشكنینە جۆراوجۆرەكان لەم بوارەدا پێمان دەڵێن كە هێشتا زۆر نهێنی گەورە ماون ئاشكرا بكرێن و لە حاڵی حازردا كەمترین زانیاریمان لەسەریان هەیە. ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن كە بێجگە لە ڤایرۆس جۆرێكی دیكەی ژیان هەبێت كە ئێستا پێی دەگوترێت ماددە تاریكە بایۆلۆجییەكە. ئەگەر توێژینەوە و تاقیكردنەوەكان لەم بوارەدا بگاتە ئەنجامێك ئەوا بەشێوەیەكی ریشەیی شێوەی بیركردنەوەمان لە سروشتی بایۆلۆجیی دەگۆڕێت و رەنگە هۆكاری شێرپەنجەشمان بۆ روون ببێتەوە.

سەد و قسور ساڵ لەمەوپێش كەس نەیدەزانی ڤایرۆس هەیە، واتە ئەو شێوازەی ژیان كە پێكهێنەری زوربەی زانیارییە بۆماوەییەكانی سەر هەسارەی زەوییە. رەنگە سەد ساڵی دیكە خەڵك باوەڕ نەكات كە ئێمە نەمانزانیوە شێوازێكی دیكەی ژیان هەیە وردتر و ئاڵۆزتر لە ڤایرۆسەكان. راستە مرۆڤ تائێستا توانیویەتی هەموو كیشوەرەكان بدۆزێتەوە و هەموو ئاژەڵە شیردەرەكان بناسێت، بەڵام ئەمە مانای وانییە ئیتر هیچ نەماوە لەسەر زەوی كە شایستەی گەڕان و دۆزینەوە بێت.

چیرۆكی دۆزینەوەی ڤایرۆس وانەیەكی زۆر گەورەیە بۆ ئەو كەسانەی كە دەڵێن زەوی هیچ شتێكی گرنگی تیا نەماوە شایستەی گەڕان و دۆزینەوە بێت

 

ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure