هه‌ولێر.. 92 منداڵ له‌ خانه‌ى داڵده‌دانى ئافره‌تانى هه‌ڕه‌شه‌لێكراودا ده‌ژین

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 134‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاراس عه‌زیز

له‌ڕۆژى جیهانى چه‌سپاندنى مافه‌كانى منداڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى چاودێرى و گه‌شه‌پێدانى كۆمه‌ڵایه‌تى هه‌ولێر چه‌ند ئامارێكى ڕاگه‌یاند كه‌ به‌پێى ئاماره‌كه‌ ڕێژه‌ى منداڵى بێسه‌رپه‌رشتیار زیادیكردووه‌.


یوسف چاوشین به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى چاودێرى و گه‌شه‌پێدانى كۆمه‌ڵایه‌تى هه‌ولێر (ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 20ى تشرینى دووه‌مى 2019) له‌ كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا ئامارى ئه‌و منداڵانه‌ى ڕاگه‌یاند كه‌ له‌خانه‌ى سه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانیاندا ژیان به‌سه‌رده‌به‌ن و به‌پێى ئاماره‌كه‌ش ژماره‌ى ئه‌و منداڵانه‌ ده‌گاته‌ 181 منداڵ.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: له‌ كۆى ئه‌و منداڵانه‌ 92 منداڵ له‌ شه‌ڵته‌ره‌كان (خانه‌ى داڵده‌دانى ئافره‌تانى هه‌ڕه‌شه‌لێكراو)دا ده‌ژین و زۆربه‌ى كات دایكه‌كانیان ڕووبه‌ڕووى هه‌ڕه‌شه‌ ده‌بنه‌وه‌.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: 72 منداڵ له‌ خانه‌ى كچان ده‌ژین، واته‌ ئه‌و منداڵانه‌ن كه‌ دایك و باوكیان نه‌ماوه‌ یاخود فڕێدراون.

له‌خانه‌ى نه‌وجه‌وانانى كوڕانیش 27 منداڵ ده‌ژین كه‌ سه‌رجه‌میان ته‌مه‌نیان له‌ خوار 18 ساڵه‌وه‌یه‌ و 76 منداڵیش كه‌ سه‌ر به‌و خانه‌یه‌ن، به‌ڵام له‌ناو كه‌سوكاریاندا ده‌ژین.

هاوكات به‌پێى ئاماره‌كه‌، دوو هه‌زار و 351 منداڵى نێر و هه‌زار و 778 منداڵى مێ له‌ تۆڕى پاراستنى كۆمه‌ڵایه‌تى مووچه‌ وه‌رده‌گرن.

یوسف چاوشین ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى كۆمه‌ڵایه‌تى هه‌ولێر توانیویانه‌ ئه‌و منداڵانه‌ له‌زۆربه‌ى كارو چالاكییه‌كاندا به‌شدارى پێبكه‌ین و پێداویستییه‌كانى خواردن و جل و به‌رگیان بۆ دابین بكه‌ین و ڕێنمایى جۆراوجۆریشیان پێده‌ده‌ین.

پێداچوونه‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure