مه‌لا به‌ختیار: ته‌نیا له‌ كه‌رتی كاره‌بادا له‌ عێراق 100 ملیار دۆلار دزراوه‌

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 1528‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگه‌یاند: گه‌نده‌ڵی بووه‌ته‌ سیستم و ته‌نیا له‌ كه‌رتی كاره‌بادا له‌ عێراق 100 ملیار دۆلار دزراوه‌.

مه‌لا به‌ختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان له‌ وته‌یه‌كدا كه‌ له‌ دیداری ئاشتی و ئاسایشی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ زانكۆی ئه‌مریكی له‌ دهۆك پێشكه‌شی كرد، وتی "عێراق له‌ دۆخێكی زۆر خراپ و قه‌یرانێكی قووڵدایه‌، ئه‌مه‌ش زۆر مه‌ترسیداره‌".

مه‌لا به‌ختیار چه‌ند نموونه‌یه‌ك له‌ گه‌نده‌ڵی باس ده‌كات و ده‌ڵێت "زیاتر له‌ 300 ملیار دۆلار له‌ عێراقه‌وه‌ براوه‌ته‌ بریتانیا، 6 هه‌زار قوتابخانه‌ی قوڕ هه‌یه‌، به‌ ملیاره‌ها دۆلار دیارنه‌ماوه‌، ئه‌مه‌ش ده‌رئه‌نجامی خراپی لێده‌كه‌وێته‌وه‌". 

له‌باره‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، وتی "ئه‌م په‌یوه‌ندیه‌ی ئێستای نێوان هه‌رێم و به‌غدا جیاوازه‌ له‌ په‌یوه‌ندی دواى رووخانی سه‌دام".

وتیشی "پێویسته‌ ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ وا چاره‌سه‌ر بكرێت كه‌ ده‌ستور جێبه‌جێ بكرێت و كێشه‌ی بودجه‌و مووچه‌و پێشمه‌رگه‌و سێكته‌ره‌كانی تر به‌ هه‌میشه‌یی چاره‌سه‌ر بكرێن و هه‌ر كاتێك عێراق سه‌قامگیر بوو هیچ كه‌سێك بۆی نه‌بێت ده‌ستكاری بكات".

ئا: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure