به‌شی كوردی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك بڕیارێكی نوێی ده‌ركرد

هەواڵ / کوردستان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 143‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، یوسف موڕاد

پاش نزیکەی پێنج ساڵ، په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك دواجار بڕیاریدا ڕەگەزی نێر بەشداری تاقیکردنەوەی پۆلە ناکۆتاکان بکەن.


پەروین فاتیح بەڕێوەبەری یەکەی سەرپەرشتیاری خوێندنی کوردی لەکەرکوک بەدواڕۆژی ڕاگەیاند: ئەوانەی دەیانەوێت بەشداری تاقیکردنەوەی پۆلە ناکۆتاکان بکەن ده‌توانن داواكارى پێشكەش بكه‌ن بۆ به‌شداریكردن له تاقیكردنەوەی دەره‌کی (خارجی) و سەردانی بەشی تاقیکردنەوەکانی پەروەردەی کەرکوک بکەن، بۆ وەرگرتنی فۆڕمی بەشداریکردن.

وتیشی "پێویستە ئەوانەی دەیانەوێت بەشداربن، کارتی نیشتمانی و فورمی خۆراک و ناسنامەی باری شارستانی کەرکوکی پێبێت و نوسراوی پشتگیری ئەو قوتابخانەیە ئامادە بکات کە لێی خوێندویه‌تی".

پەروین فاتیح ڕشیگەیاند: دوا وادە 15 مانگی داهاتووەو پاشان ئەو فۆڕمانەی پێشکەش ده‌كرێن کۆدەکرێنەوەو لەڕێگەی لیژنەیەکی تایبەتەوە دەنێردرێن بۆ بەغدا تاکو ژمارەی تاقیکردنەوەو کارتی بەشداریکردنیان بۆ دروست بکرێت و مانگی 2ی ساڵی داهاتوویش  ناوەکان بڵاودەکرێنەوە.

نزیکەی پێنج ساڵە بەغدا رێگا نادات لەکەرکوک کوڕان بەشداری تاقیکردنەوە دەرەکییەکان بكه‌ن، بەهۆی بوونی رێژەیەکی زۆر گزیکردن (قۆپیه‌) لەتاقیکردنەوەکاندا، ئەمساڵ رێگه‌ دراوه‌ کوڕانیش بەشداربن، دوای ئەوەی بەڵێننامەیان لەپەروەردەی کەرکوک وەرگرتووە رێگری لە گزیکردن بگرێت.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure