حكومه‌تی هه‌رێم گۆڕانكاری له‌ مووچه‌دا ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 17682‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

ئه‌ندامێكى لێژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت: حكومه‌تى هه‌رێم ده‌یه‌وێت به‌ بڕینى ده‌رماڵه‌ى زۆربه‌ى مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و ده‌رماڵه‌ى خواردنى به‌شێكى زۆرى هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ببڕێت كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ پڕۆژه‌ى چاكسازى مووچه‌و ده‌رماڵه‌و خانه‌نشنینى جێگیركراوه‌.


ئازاد گه‌ڵاڵى، ئه‌ندامى لێژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ نووسێكدا به‌ناونیشانى (گه‌ڕانه‌وه‌ى سیستمى پاشه‌كه‌وتى مووچه‌ له‌ژێر میكیاژى پڕۆژه‌ى چاكسازیدا) له‌ ئه‌كاوتنى تایبه‌تى خۆی له‌ فه‌یسبوك بڵاویكرده‌وه‌.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ رایگه‌یاندووه‌: یەكێك لە خەون و ئامانجە باڵاكەى ئێمە كە ھەڵبژێدراین بۆ پەرلەمان، ئەوە بوو بتوانین خزمەتێكی زیاترو نەھامەتییەك كەمبكەینەوە و پاشەكەوتی مووچە بگەرێنەوە و شەفافیەت بچەسپێنین لەڕێگەی پڕۆژەیی چاكسازی، بەتایبەت ئەوەی جێگای دڵخۆشی بوو ھەرسێ لایەنی سەرەكی پارتی و گۆڕان لەگەڵ یەكێتی كە پێكھێنەری سەرەكی كابینەی حكومەتن، لە كارنامەی حكومەت و ھێڵە گشتییەكان ئاماژەی پێكرا.

ده‌ڵێت "ھەموو پەلەمان بوو كە پڕۆژەی چاكسازی زوو بێتە پەرلەمان و زوو دەنگی پێبدەین بە جۆرێك بێت چاكسازی لە داھات و خەرجییەكان بكرێت، پڕۆژەكە گشتگیر بێت و ھەموو سێكتەركان بگرێتەوە، بەتایبەت ئەو سێكتەرانەی كە لە رابوردوو و ئێستاش زۆرترین گەندەڵی تێدا دەكرێت، ھەوڵبدرێت شەفافیەت لە نەوت و چاكسازی لە خاڵە گومرگییەكان و پڕۆژەكانی وەبەرھێنان و پڕۆژەكانی ئاودانكردنەوەو رێگاوبان و رێگریكردن لە سپیكردنەوەی پارە و بە دادگاییگەیاندنی ئەوانەی چەكی پارەیان لە بریكاره‌كان ده‌كڕیه‌وه‌ بە نیوەی نرخەكەی لە حكومەت و پارەكەیان بە تەواوتی وەرئەگرت و چەندین ملیۆن دۆلاریان قازانج كرد و بۆ چارەسەری ئەمە چاكسازی لە سێكتەری سیستەمی بانكی بكرێت".


له‌ درێژه‌كه‌ى نووسینه‌كه‌یدا، سه‌ركۆ ئازاد ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌: دەبوو پڕۆژە چاكسازییە پێشبینیكراوه‌كه‌ بودجە زەبەلاحەكانی ھەرسێ سەرۆكایەتییەكە نەھێڵێت یان بكرێت بە نیوەی ئێستا، خەرجی مانگانەی میوانخانەكان كەمبكرێیتەوە، ئەمانە ھەموو بەشێك بووە لەو گەندەڵخانەی كە لە پێشوودا دەسەڵاتدارانی حكومەتی ھەرێم كردبووی بە كەلتوور. 


باسی له‌وه‌شكردووه‌ "خەڵكی كوردستان و ھێزی پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایش و ناوخۆ و كارمەند و فەرمانبەرانی حكومی داوای دادپەروه‌ری لە خانەنشینی ده‌كه‌ن، كە ھیچ نەبێت وەك بەغدا كەمترین مووچەی خانەنشینی 450 بۆ 600 ھەزار دینار بێت و خانەنشینی پله‌ باڵاكان بۆ نیوە دابەزێت یان ھەر نەمێنیت وەك یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراقی لێبكرێت، بۆ ئەوەی دادگەری بگەڕێتەوە بۆ خانەنشینان.

ئه‌و پرله‌مانتاره‌ ده‌شڵێت "بەڵام ئەوەی ئێستا ئێمە زانیاریمان ھەیە لەسەر پڕۆژەكه‌، زۆر جیاوازە و لە پای بڕینی مووچە و نیوه‌ مووچە، موچەخۆران چاوەڕێی پاداشت بوون، حكومه‌ت ھاتووە بەناوی پڕۆژەی چاكسازی بڕیاریداوە بە سزادانی خەڵك و مووچەخۆرانی كەرتی گشتی لەڕێگەی بڕینی دەرماڵەی مامۆستا و كارمەندانی زانكۆ و كارمەندانی تەندروستی و لێكۆڵەرەوەی داد و ژمێریاران و وردبینان و تەكنیككاران و فەرمانبەرانی وەزارتی كارەبا، لە پاڵ ئەم توێژانەشدا ھەوڵێك ھەیە بۆ بڕینی دەرماڵەی خواردنی ھێزەكانی پۆلیس و وەزارتی ناوخۆ".

سه‌ركۆ ئازاد، روونیشی كردووه‌ته‌وه‌ "ئاخۆ بڕینی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم چاكسازییە یان شەفافیەت لە داھاتی نەوت؟ كە سێ ساڵە وەزارتی سامانە سروشتییەكان سەرەڕای زیادبوونی ھەناردەی نەوت بۆ پێنج سەد ھەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا و سەرەڕای بەرزبوونەوی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیھان، بەڵام بە درێژایی ئەم سێ ساڵە تەنھا 300 ملیۆن دۆلار بۆ وەزارتی دارایی دەنێرێت كە بریتیە لە داھاتی فرۆشتنی نەوت، دەكرێت چاكسازی لەم فەزاحەتە بكرێت یان بڕینی دەرماڵەی مامۆستایان؟".

پێداچوونه‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure