موسەننا ئەمین: كێشە بۆ بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دروست نابێت

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 20314‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، چاوپێكەوتن: سامان قوبادی 

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت: ئەگەر لە چەند رۆژی داهاتوودا بودجەی گشتی عێراق رەوانەی پەرلەمان نەکرێت، ئەوكات بەپێی یاسای بودجەی 2019 بودجە و مووچەی فەرمانبەران بۆ ساڵی 2020 دیاریی دەكرێت و كارێك دەكرێت كە (یەك لەسەر دوازدە) هەموو مانگێك بۆ هەرێم خەرج بكرێت، بەو شێوەیە كێشە بۆ بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دروست نابێت. 

دواڕۆژ: لایەنە سیاسییە سەرەكییەكانی عێراق رێككەوتن لەسەر ئەنجامدانی چاكسازی و جێبەجێكردنی بەڵێنەكان  لە ماوەی 45 رۆژدا، پێتوایە لەو ماوەیەدا حكومەت بتوانێت ئەنجامی بدات، یان بۆ دامركاندنەوەی ناڕەزایەتییەكانە؟

موسەننا ئەمین: دەكرێت هەندێك لەو بەڵێنانە لەو ماوەیەدا جێبەجێ بكرێن، بەڵام بەگشتی چاكسازیی بە 45 رۆژ یان بە دوو مانگ ناكرێت، بەتایبەت لە عێراقدا ئەو چاكسازییانە بۆ چەواشەكردنی خەڵكە، ئامانجی سەرەكییش دامركاندنەوەی ناڕەزایەتییەكانی خۆپیشاندەرانە، بەڵام لەسەر چ بنەمایەك، ئایا چاكسازییەكی راستەقینە روودەدا؟ پێموانییە لەو ماوە دیاریكراوەدا بتوانرێت چاكسازیی راستەقینە بكرێت.

دواڕۆژ: لە ئەنجامی گۆڕانكارییەكان لە دەستوردا ئایا مافەكانی كورد پارێزراو دەبێت، لەم حاڵەتەدا كورد چۆن دەتوانێت رێگر بێت لە تێپەڕاندنی؟
موسەننا ئەمین: پێویستە كورد ئامادەیی هەبێت لە كۆبوونەوەكاندا كە باسی هەمواری دەستوری تێدا دەكرێت و بەپێی گۆڕانكارییەكان لە دەستوردا ئەگەر مافەكانی كورد پارێزراو بێت دەنگی پێ بدات، بەپێچەوانەوە دوو رێگا هەیە بۆ ئەوەی رێگریی لێبكرێت، یەكەم: لە مادەی 142ی دەستوردا باسی ئەوە دەكات ئەگەر 2 لەسەر 3ی هەر پارێزگایەك بە نەخێر دەنگ بە گۆڕانكارییە دەستورییەكان بدەن، ئەوا رەتدەكرێتەوە، دووەم: لە مادەی 126 دا چەند گرەنتیەكی بۆ كورد تێدایە، لەوانە دەبێت گۆڕانكارییەكان بە رەزامەندیی سەرۆك كۆمار پێشكەشی پەرلەمان بكرێن، جگەلەوە ئەگەر دەستبرا بۆ سەڵاحیاتەكانی كوردستان، دەبێت پەرلەمانی هەرێم پێی رازیی بێت ئەگەرنا ناكرێت، بۆیە لەو رێگایانەوە دەتوانین مافەكانی خۆمان بپارێزین و لە هەر گۆڕانكارییەكی دەستوریدا هەرێم نەبێتە ئامانج، هەرچەندە ئەمەیش بێ كێشە نابێت.

دواڕۆژ: بەڵام پێتوانییە یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكان لەم گۆڕانكارییەدا كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی هەرێمە؟
موسەننا ئەمین: گۆڕانكارییەكان لە دژی هەرێم ئەنجام نادرێن، ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق پڕن لە قەیران و گەندەڵی بەهۆی سیستمی سیاسی، خەڵك بڕوای وایە دەستور ئەمەی هێناوەتە ئاراوە، ئەوەندەی باسی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاریی دەكرێت، باسی گۆڕانكاریی لە دەستوردا ناكەن، بەڵام ئەم پرسەیش خزێنرایە ناو باسەكەوە و كرایە یەكێك لە داخوازییەكان، هەرچەندە پێموایە داخوازییەكانیان راستەقینە نین، بەڵكو ئەوانەن كە گوزارشت لە فەشەلی حكومەت لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی  و بوونی رێژەیەكی زۆر لە گەندەڵی، دەكەن.

دواڕۆژ: ئایا ئەم خۆپیشاندان و گرژیانە درێژە ناكێشێت بۆ دروستبوونی شەڕی ناوخۆ لە عێراقدا بەتایبەت لەناو ماڵی شیعە؟
موسەننا ئەمین: ئەگەری زۆرە، خۆپیشاندەران رازیی نەكرێن و كۆتایی پێنەهێنرێت رەنگە رووبەڕوو بوونەوە رووبدات بەتایبەت ئەو حیزبانەی لە دوای 2003وە دەسەڵاتیان بەڕێوەبردووە و میلیشیا و چەكداریان هەیە. بەو شێوەیە نییە كە خۆپیشاندەران پێیانوایە بە هاوار و ناڕەزایەتی ببنە هۆی وازهێنانی ئەو هێزانە لە دەسەڵات، سیستمی سیاسی عێراقیش وابەستەی هەرێمییە، خاوەنی بڕیاری سەربەخۆی خۆی نییە، ئاسان نییە رووخاندنی رژێمی عێراق، بەڵكو هەوڵدان بۆ رووخاندنی خوێناوی دەبێت و شەڕی ناوخۆی لێدەكەوێتەوە.

دواڕۆژ: بۆچوونی یەكگرتووی ئیسلامی چۆنە لەسەر دۆخی ئێستای عێراق؟
موسەننا ئەمین: خۆپیشاندەران مافی خۆیانە، داخوازییەكانیان رەوایە و دەكرێت جێبەجێ بكرێن و پشتیوانییان دەكەین، سیستمی سیاسی عێراق بە گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاریی خەڵكی بەتەواوی ماندووكردووە، ئەم مۆدێلە لە حكومڕانیی، كە پشتی بەستووە بە چەك و میلیشیا یان ساختەكاریی لە هەڵبژاردندا، ناتوانێت خزمەتگوزاریی وەكو پێویست پێشكەش بكات كە لە چاوەڕوانی خەڵكدا بێت، پێویستە بگۆڕدرێت یان چاكسازیی تێدا بكرێت بەشێوازێك نەبێتە هۆی ترازانی عێراق بەرەو شەڕ و پێكدادانی ناوخۆ.

دواڕۆژ: ئایا لەگەڵ مانەوەی عادل عەبدولمەهدی-ن لە پۆستەكەیدا؟
موسەننا ئەمین: ناكرێت كورد هەموو تواناكانی خۆی بخاتەگەڕ بۆ بەرگریی لە عادل عەبدولمەهدی، وای لێدەكات بكەوێتە بەر رق و تووڕەیی خەڵك و بەشێك لە هێزە سیاسییەكان، ئەمەیش لە بەرژەوەندیی كورد نییە. سەرۆك وەزیران لەو رۆژەوە كە نەیتوانی بۆ رای گشتی ئاشكرای بكات كە كێ بوون خۆپیشاندەرانیان كوشت، جگەلەوە كە ناتوانێت ئیجرائاتی توند لەگەڵ وەزیرێكدا بكات لە ئاستی چاوەڕوانی خەڵكدا بێت، بە بڕوای ئێمە ناتوانێت قۆناغی داهاتووی عێراق بەڕێوەبەرێت، بەتایبەت لەم گۆڕانكارییە قووڵانەی كە هەیە، ئێمە لەگەڵ لابردنیدا نین، بەڵام ناكرێت كورد هەموو هێلكەكانی خۆی بخاتە یەك سەبەتەوە.

دواڕۆژ: دواین زانیاریی لەبارەی گفتوگۆكانی هەرێم و ناوەند چییە؟  
موسەننا ئەمین: ئەم پرسە چووەتە دواوە لە چاوەڕوانی و گرنگیپێدانی ناوەند، بەغدا سەرقاڵە بە مامەڵەكردن لەگەڵ خۆپیشاندەران و داخوازییەكانیان، نەك هەرێمی كوردستان. گفتوگۆكردن لەگەڵ هەرێم بووەتە بابەتێكی لاوەكی، هەندێك لە سیاسی و پەرلەمانتارەكان كە لەگەڵ كورد تەبا نین دەیانەوێت كێشەكانی هەرێم تێكەڵ بە ناڕەزایەتییەكانی عێراق بكەن، بەڵام لەناو جەوهەری كێشەكاندا نییە.

دواڕۆژ: ئەگەر پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی نەنێردرێتە پەرلەمان بەهۆی ململانێ سیاسییەكانەوە، ئایا پشكی هەرێم بەهەمانشێوەی 2019 جێگیر دەبێت؟
موسەننا ئەمین: مووچەی فەرمانبەران پەیوەندیی بە یاسای بودجەی گشتی عێراق-ەوە هەیە، بڕیارە پڕۆژەیاساكە لە چەند رۆژی داهاتوودا لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بنێردرێت بۆ پەرلەمان، ئەوكات كێشەی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم زیندوو دەبێتەوە. ئەگەر ئەمساڵ بودجە نەنێردرێت بۆ پەرلەمان ئەوا بودجەی 2020 بەپێی یاسای بودجەی ساڵی 2019 دەبێت، كارێك دەكرێت كە (یەك لەسەر دوازدە) هەموو مانگێك بۆ هەرێم خەرج بكرێت، بەو شێوەیە كێشە بۆ بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دروست نابێت.

پ: ل. م 

بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure