داوای دامەزراندنی هەزاران کەس دەکرێت

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 289‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاراس عەزیز

بەمەبەستی داواكاری بۆ دامەزراندن، بەشێك لە دەرچوانی كۆلیژەكانی پزیشكی ددان لەبەردەم سەندیكاكەیان گردبوونەوە و بەیاننامەیەكیان خستەڕوو.


لە بەیاننامەكەیاندا (ئەمڕۆ سێشەممە 19ی تشرینی دووەمی 2019) دەرچوانی كۆلیژەكانی پزیشکی ددان ڕایانگەیاند: ئەوان دەرچووی ساڵەکانی خوێندنی 2015 تا 2019ن و تا ئێستا لە مافی دامەزراندن بێ بەشکراون ئەوەش جگە لەوەی مافی خۆیانە، بەڵام هۆكاریش بووە بۆ كەمی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكانی هاوڵاتیان و بەم هۆیەوەش چەندین دەرچووی پزیشکانی ددان هەرێمی کوردستانیان جێهێشتووە.


پزیشکانی ددان لە چەند خاڵێکدا ئاماژە بەوەدەکەن، بەبێ ئەوەی پزیشكی ددان ساڵێک لەناو نەخۆشخانە و ساڵێكیش لە دەرەوەی شارەكان دەوام بكات، ناتوانێت ببێتە پزیشكی ئەزموندار كە دوای ئەوەش ناتوانێت كلینكی تایبەت بە خۆی بكاتەوە.

لەخاڵێکی تر داوا دەکەن، زیاتر لە چوار خوولی دەرچووانی پزیشكی ددان دانەمەزراون كە لەسەرجەم پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لە بەشە تەندروستییەكان خوێندویانە و حكومەتی هەرێمی كوردستان نەیتوانیوە سوود لە توانای پزیشكانی ددان وەربگرێت، بەوهۆیەشەوە بەشێك لە دەرچوان ڕوویان لە دەرەوەی وڵات كردووە و بەشێكی دیكەشیان كە لە كوردستان ماون تواناكانیان كپ كراوەتەوە.

بەشێکی تری داواکانیان بریتین لە دابڕان لە پراكتیزەكردنی زانستی پزیشكی ددان کە كاریگەری هەیە لەسەر دابەزینی ئاستی زانیارییەكانی پزیشكانی دەرچوو و پزیشكانی ددان بەهۆی تەواو نەكردنی قۆناغی مەشقكاری لەناو نەخۆشخانە و دەرەوەی شارەكان ناتوانن لە خوێندنی باڵا ماستەر و دكتۆراش بخوێنن.

لای خۆشیەوە شاخەوان قادر نەقیبی سەندیکای پزیشکانی ددان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: ماوەی پێنج ساڵە بڕیای دامەزرندن بۆ دەرچوانی پزیشکانی ددان وەستاوە و نزیکە هەشت بۆ نۆ هەزار دەرچووی پزیشکی ددان لەماڵەوەن و کاریتر دەکەن.

 

ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure