دوایین زانیاری له‌باره‌ی دامه‌زراندنی چه‌ند توێژێكی هه‌رێم

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 1432‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی عیسا عه‌بدولقه‌هار

ئه‌مڕۆ، سێشەممە 19ی تشرینی دووه‌می 2019، وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری هه‌رێم بڕیاری دامه‌زراندنی یه‌كه‌مه‌كانی زانكۆ و په‌یمانگاكانی په‌سه‌ندكرد و داوای له‌ وه‌زاره‌ته‌كانیش ده‌كات زانیاری ورد له‌باره‌ی سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ستییان بۆ بنێرن، له‌باره‌ی دۆسیه‌ی مامۆستایانی گرێبه‌ستیش، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ڵێت: "له‌م چه‌ند رۆژه‌دا، بڕیاری به‌ هه‌میشه‌ییكردنی مامۆستایانی گرێبه‌ست له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ ده‌رده‌چێت".

رۆژی 6ی تشرینی یه‌كه‌می 2019، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم بڕیاریدا به‌ دامه‌زراندنی سێ یه‌كه‌مه‌كانی سه‌ر ئاستی زانكۆ و په‌یمانگا حكومییه‌كان بۆ ساڵی خوێندنی (2015_2016) ده‌ركرد و رۆژی 27ی تشرینی یه‌كه‌میش بڕیاره‌كه‌ به‌ فەرمی ئاڕاستەی هەردوو وەزارەتی (خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و دارایی و ئابووری) کرا بۆ جێبەجێکردنی.

دوای بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا به‌ نووسراوی ژماره ‌(18120) له‌ 3ی تشرینی یه‌كه‌می 2019، بڕیاری دامه‌زراندنی سێ یه‌كه‌مه‌كانی زانكۆ و په‌یمانگاكانی په‌سه‌ند كرد و بۆ یه‌كه‌مجاریش رێگه‌ی به‌ یه‌كه‌مه‌كان دا، شوێنی دامه‌زراندنیان له‌ ماوه‌ی مانگێكدا بگۆڕن كه‌ ساڵانی رابردوو، وه‌زاره‌ته‌كه‌ دوای ساڵێك له‌ خزمه‌تكردن، ئینجا رێگه‌ی ده‌دا یه‌كه‌مه‌ دامه‌زراوه‌كان شوێنه‌كانیان بگۆڕن.

هه‌رچه‌نده‌ زوو بڕیاری دامه‌زراندنی یه‌كه‌مه‌كان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا په‌سه‌ند كرا، به‌ڵام په‌سه‌ندكردنی بڕیاره‌كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری دواكه‌وت، به‌مه‌ش سێ یه‌كه‌می زانكۆ و په‌یمانگاكان نه‌یانتوانی مامه‌ڵه‌ی دامه‌زراندنیان ده‌ستپێبكه‌ن.

به‌ڵام به‌پێی زانیارییه‌كانی دواڕۆژ، ئه‌مڕۆ، سێشەممە 19ی تشرینی دووه‌می 2019،‌ دوای زیاتر له‌ مانگێك بڕیاری دامه‌زراندنی یه‌كه‌مه‌كان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری په‌سه‌ند كراو له‌ماوه‌ی دوو رۆژی داهاتوو، بڕیاره‌كه‌ ده‌گاته‌ زانكۆكان.

له‌باره‌ی هۆكاری دواكه‌وتنی فه‌رمانه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی داراییه‌وه‌‌، ئه‌حمه‌د عه‌بدولڕه‌حمان  وته‌بێژی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: به‌هۆی وردبینی له‌ ناو و بڕوانامه‌كانیان، فه‌رمانی په‌سه‌ندكردنی دارایی دواكه‌وتووه‌.

جگه‌ له‌ یه‌كلایكردنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی یه‌كه‌می زانكۆ و په‌یمانگاكان، ئه‌مڕۆ، سێشەممە 19ی تشرینی دووه‌می 2019، وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری هه‌رێم داوا له‌سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان كرد‌ زانیاری ته‌واو له‌باره‌ی ژماره‌ی فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ستیان پێببده‌ن.

 به‌پێی نووسراوی ژماره‌ (533)ی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری، كه‌ وێنه‌یه‌كی لای دواڕۆژ، وه‌زاره‌ته‌كه‌ داوایكردووه‌، له‌ماوه‌ی سێ رۆژدا فۆڕمی زانیارییه‌كان له‌باره‌ی فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌كان پڕبكرێته‌وه، دواتر بۆ وه‌زاره‌تی دارایی بنێرنه‌وه بۆئه‌وه‌ی تاووتوێی به‌ هه‌میشه‌یی كردنی فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست بكرێت، پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاماری فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی داراییه‌وه ئاماره‌كه‌‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌نێردرێت.

به‌ هه‌میشه‌یی كردنی فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست له‌سه‌ر داواكاری په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌ هه‌میشه‌یی كردنیان، ئه‌ركی دارایی ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی حكومه‌ت، بۆیه‌ په‌رله‌مان داوای له‌ حكومه‌ت كردووه‌، بۆچوونی خۆی له‌باره‌ی به‌ هه‌میشه‌یی كردنی فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست بۆ په‌رله‌مان بنێرێت، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ په‌رله‌مانی كوردستان خۆی بڕیاری به‌ هه‌میشه‌یی كردنیان ده‌رده‌كات.
بەپێی ئامارێكی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری هه‌رێم، لەدوای ساڵی 2014ەوە لەسەر داوای وەزارەتەكان نزیكەی 31 هەزار فەرمانبەر و مامۆستا بەشێوەی گرێبەست دامەزراندووە و ده‌بوو ئه‌وانه‌ی سێ ساڵ خزمه‌تیان هه‌یه‌ بكرێنه‌ هه‌میشه‌یی، به‌ڵام به‌هۆی "قه‌یرانی دارایی"ه‌وه‌ تائێستا فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست نه‌كراونه‌ته‌ هه‌میشه‌یی.

هاوكات جگه‌ له‌ دامه‌زراندنی یه‌كه‌می زانكۆ و په‌یمانگاكان و به‌ هه‌میشه‌یی كردنی فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست، هه‌ر له‌م مانگه‌دا ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم بڕیاریدا سه‌رجه‌م مامۆستایانی گرێبه‌ست كه‌ ژماره‌یان نزیكه‌ی شه‌ش هه‌زار و 500 مامۆستایه‌ بكرێنه‌ هه‌میشه‌یی، به‌ڵام تائێستا بڕیاره‌كه‌ به‌ نووسراو ده‌رنه‌كراوه.

ده‌رنه‌كردنی بڕیاره‌كه‌ به‌شێوه‌ی نووسراو و نه‌ناردنی بۆ هه‌ردوو وه‌زاره‌تی دارایی و په‌روه‌رده‌، واده‌كات ده‌ستبه‌كاربوونی مامۆستایانی گرێبه‌ست به‌ شێوه‌ی هه‌میشه‌یی دوابكه‌وێت.

‌له ‌باره‌ی ده‌ركردنی بڕیاری به‌ هه‌مشه‌یی كردنی مامۆستایانی گرێبه‌ست به‌شێوه‌ی نووسراو، جوتیار عادل وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژی داهاتوودا، بڕیاری نووسراوی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌باره‌ی به‌ هه‌میشه‌یی كردنی مامۆستایان ده‌رده‌چێت، دواتر بڕیاره‌كه‌ ئاڕاسته‌ی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی دارایی و په‌روه‌رده‌ ده‌كرێت بۆئه‌وه‌ی مامۆستایان مامه‌ڵه‌ی به‌ هه‌میشه‌یی كردنیان ده‌ستپێبكه‌ن.

ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure