گۆڕانکارییەکانی عێراق لە بەرژەوەندی کورددا دەبن یان نا؟

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 171‌ جار بینراوە

دواڕۆژ, ئاراس عەزیز
خۆپیشاندانەكانی عێراق لەسەر نەبوونی خزمەتگوزاری و چەند پرسێكی سیاسی بەردەوامن و لە تازەترین كۆبوونەوەشدا 12 لایەنی سیاسی عێراق ماوەی 45 ڕۆژیان بۆ حكومەت دیاریكردووە تاوەكوو لەو ماوەیەدا داواكاری خۆپیشاندەران و جێبەجێبكات ئەگەر نەیتوانی ئەوا عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق  بانگهێشتی پەرلەمان دەكرێت  بۆ سەندنەوەی متمانەلێی یاخود ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، هاوكات بەشێك لە لایەنە سیاسیەكانیش لەگەڵ ئەو ڕێككەوتنەنین و سوورن لەسەر هەڵوەشانەوەی حكومەت و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە كە ئەمەش عێراقی بەسەر دووبەری جیاوازدا دابەشكروودووە.

لە دواین پەیامیشدا ئەمریكا داوای لە هێزە عێراقیەكان كردووە چیتر توندوتیژی بەرامبەر هاوڵاتیان بەكارنەهێندرێت و هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامبدەن ئەمەش بەیەكێك لە پێشنیازەكان بۆ چارەسەركردنی دۆخی سیاسی عیراق دەزاندرێت و لایەنگرانی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدیش ئەو پێشنیازەیان بەلاوە باش نیە.

ئەگەرچی هەرێمی كوردستان پشكی خۆپیشاندانەكانی عێراقی لەڕووی ئابووری و زیان گەیاندن بە ڕێككەوتنەسیاسیەكانی بەركەوتووە، بەڵام لەڕووی كردەیی و خۆپیشاندانەوە بێگرفتە و حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵێكی بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و ئەنجامدانی چاكسازی گرتووەتەبەر، بەڵام تائیستا نەتواندراوە گرەنتی تێپەڕبوونی دۆخە سەختەكەی قەیرانی دارایی و دڵنیایی مووچە بە هاوڵاتیان بدات، بۆیە هەمووكات بەرپرسانی كورد لە هاوڵاتیانیان بەگومانن لەوەی هاوشێوەی عێراق نیگەرانیەكان بخەنەسەرشەقامەكان لە لایەكیتریش بۆ دەربازبوون لەو مەترسیە هەمووهەولێك بۆ مانەوەی حكومەتەكەی عەبدولمەهدی دەدەن و پاڵپشتی چاكسازیەكانی دەكەن.

شێروان میرزا ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: ئەو دۆخەی ئێستا لە عێراق سەریهەڵداوە بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و كەڵكەكەبوونی گەندەڵیەكی زۆرە كە عێراقی بەو ڕۆژگارەی ئێستا گەیاندووە.

وتیشی: "بێگومان لە دوورمەودا خۆپیشاندانەكان كاریگەریان بۆ سەر هەرێمی كوردستانیش دەبێت, وادەكات لەداهاتوودا حكومەتی ناوەند بە ئاسانی مل بۆ داواكاریەكانی كورد شۆڕنەكات چونكە یەكێك لە داواكاریەكانی خۆپیشاندەران پەیوەندی بە ملكەچبوونی حكومەتی عێراقەوە هەیە بۆ هەرێمی كوردستان لە بارەی نادرنی مووچەی فەرمانبەران بەبێ‌ ڕادەستكردنەوەی نەوت بە كۆمپانیاكانی عێراق".

ئاماژەی بەوەشكرد: بەهۆی ئەوەی زۆربەی لایەنە عێراقیەكان لە ئێستادا لەگەڵ مانەوەی ئەو حكومەتەن، بەڵام بە هەندێك گۆڕانكاریەوە بۆیە پێشبینی ناكەین خۆپیشاندان بەردەوامبێت تا ئەو ئاستەی پڕۆسەی سیاسی تێكبچێت، بەڵكوو هەوڵێك لە ئارادایە بۆئەوەی لە بودجەی 2020 داواكاری خۆپیشاندەران جێگەی بكرێتەوە و ئەمەش سەرەتایەكە بۆ ئەوەی خۆپیشاندەران هێوربكرێنەوە و كاریگەری ڕاستەوخۆشی بۆسەر ڕێككەوتنی نێوان هەرێم بەغداد دەبێت.

سیاسیەكانی هەرێمی كوردستانیش لەو نێوەندەدا هەوڵەكانیان بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ عیراقدا بەردەوامن و دەستەوسان نەووەستاون  بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نەیانتوانیوە بگەنە ڕێككەوتنێكی كۆنكرێتی كە كێشەی نێوان هەرێم و بەغداد بەیەكجاری چارەسەربكات بۆیە لە ئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، كوردستانیش دەگرێتەوە و چاودێرانی دۆخی سیاسیش هەڵبژاردن لەبەرژوەندی كورد نابینن چونكە نازاندرێت دوای گۆڕانكاری لەسیستەمی سیاسی سەركردایەتی كورد مامەڵە لەكەڵ كێ و چ كەسایەتیەك دەكات.

ک. س






created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure