میدیاكانی ئێران چۆن باسی رووداو و خۆپیشاندانەكانی وڵاتەكەیان دەكەن

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 778‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئازوو محەمەد


لەگەڵ درێژە و پەرەسەندنی خۆپیشاندانەكانی ئێران كە بە هۆی گرانیی نرخی بەنزین-ەوە لە شارە جیاوازەكاندا هەڵگیرساوە، سەرەتا میدیاكانی ئەو وڵاتە بەپارێزەوە باسی رووداوەكانیان دەكرد، بەڵام لە رۆژی دووشەممە 18ی تشرینی دووەمی 2019وە، زۆربەی میدیاكانی ئێران ئاراستەكەیان  بۆ لایەكی دیكە گۆڕیوە. 


ئاژانسی ئیرنای سەر بە حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران و ریفۆرمخوازان،  ئاماژە دەكات بە وتەكانی بەرپرسانی سەر بە رۆحانی و تاوتوێی هۆكارەكانی گرانكردنی نرخی بەنزین بە بەرژەوەندیی و هاوكاریی چینە هەژارەكانی ئێران ناودەبات و پاڵپشتی لە بڕیارەكە دەكات.
ئاژانسی فارس-ی سەر بە سوپای پاسداران لە بڵاوكردنەوەی راپۆرتێكی درێژ و چەندین گرتەی ڤیدیۆیی لە خۆپیشاندانەكان، حەسەن رۆحانی دەكاتە ئامانجی رەخنە و رووداوەكان بە ناكارامەیی و نەبوونی بەڕێوەبەرایەتی و جێبەجێكاریی سەرۆك كۆمار ناودەبات. 
ئاژانسێكی بە رواڵەت بێلایەن و پەیوەست بە خوێندكارانی ئێران، رووداوەكان بێلایەنانە و بە ئاراستەی هێوركردنەوە و ئارام دەرخستنی ناوچەكان باس دەكات، بێ ئەوەی هیچ لایەن و كەسێك بە تاوانباری رووداوەكان ناوببات. 
رۆژنامەی ئیتلاعات و كەیهان-ی سەر بە ئەیەتوڵا خامنەیی رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران-یش  بە توندوتیژییەكەی زیاتر باس لە چارەسەر و كۆنترۆڵكردنەوەی بارودۆخەكە و گرتنەبەری هەڵوێستی توندوتیژ بەرامبەر خۆپیشاندان و خۆپیشاندەرەكان دەكەن، تەنانەت داوای لەسێدارەدانی ئەو كەسانە دەكەن كە هۆكاری سەرەكیی خۆپیشاندانەكانن و بە خۆپیشاندەرانی بە كرێگیراو ناویان دەبەن.
ئاژانسی تەسنیم-ی سەر بە سوپای پاسداران-یش، لە تاوتوێكردنی رووداوەكاندا پێیوایە ئەو زیانانەی لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە، كە بە (مافیا شەڕەنگێزەكان) ناویاندەبات، لە شوێنە گشتییەكان دەدرێت دەریدەخات"ئاراستەی خۆپیشاندانەكان لە دەربڕینی ناڕەزایەتیی كۆمەڵایەتی بەرامبەر بە گرانبوونی نرخی بەنزینەوە، گۆڕاوە بۆ "كاری تێكدەری و شۆڕشێكی پلاندانراو و خزمەت بە ئامانج و بەرژەوەندییەكانی نەیاران و دوژمنانی ئێران".
 تەسنیم دەنووسێت"زانیارییەكان ئاشكرایان كردووە، ناوەندێكی نەیار و مافیای شاراوە لە ناوەوە و دەرەوەی ئێران راهێنانی بە تێكدەران كردووە و ئەوان وەك یەك گروپی گەورە خۆپیشاندانەكان دروستدەكەن و بەڕێوەیان دەبەن، زیانێكی زۆر لە شوێنە گشتییەكان دەدەن و  لەكۆتاییدا ون دەبن و زۆربەی ئەو كەسانە تەنانەت ئێرانی-یش نین". 
شانای سەر بە وەزارەتی نەوت-یش، تەنیا باس لە لێكەوتە ئەرێنیەكانی بڕیاری گرانكردنی نرخی بەنزین دەكات، وەك: كەمبوونەوەی رێژەی بە قاچاخبردنی نەوت و سووتەمەنییەكان و بچووككردنەوەی سفرەی ئەو كەسانەی سوودیان لە چۆنیەتی دابەشكردنی بەنزین و سووتەمەنیەكان دەكرد. 
ئاژانسی ئیلنا-ی ناسراو بە ئاژانسی كار و نزیك لە پارتی كرێكارانی ئێران كە سەر بە باڵی ریفۆرمخوازەكانە، كەمترین كاردانەوەی بەرامبەر بەو رووداوانە هەبووە و تەنیا لە هەواڵێكی كورتدا بڵاویكردەوە"زۆربەی پارێزگاكانی ئێران، لەوانە تاران، فارس، یەزد، كرماشان، لوڕستان و شارەكانی تاران، ئەسفەهان، سنە ، بوشەهر ، ئازەربایجانی رۆژهەڵات، كە لە رۆژانی رابوردوودا لە بارودۆخێكی نائارام و ناسەقامگیردا بوون، دوای سێ رۆژ و لە دوای كۆكردنەوە و دەستگیركردنی رابەرە تێكدەرە بەكرێگیراوەكانی خۆپیشاندانەكان، روویان لە ئارامبوونەوە كردووتەوە". 
پ: ل. م 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure